نوسین بەدوو قەڵەم !

عەبدولرەزاق شەریف

(عەلی وەردی)  پێش ئەوەی پێناسەی تاکی تێکشکاوی عێراقی بکات، هۆکارو چۆنیەتی تێکشکانی کەسایەتی، تێکچونی تەونی کۆمەڵایەتی، بەلادێ بوونی شارەکان و هەژمونی ئەقڵی خێڵ و شێخ و مەلاکان باسدەکات، دواجار ئەنجامەکەی پێکهاتەی تاکێک و هەموانێکی عێراقیە، بەدوو پێودانگ و دوو پێوانە بیردەکەنەوە و رەفتار ئەکەن .

(کارل مارکس) یش، پێشتر وتویەتی :

هەبون و بونی کۆمەڵایەتی سنوری هۆشیاری کۆمەڵایەتی نەخش ئەکات .

  ئێستا و لەیەک ئانوسات، من بەدوو قەڵەم، دوو نوسینی تەواو جیاوازی ئایدیا، فۆرم،  شێواز و زمان ئەنوسم، یەکەمیان قەڵەمەکەی خۆمە و سەرگەرمی وێنە و روداوەکانی ئەم مانگەی ئەنفالی یەک و ئازایەتی و خۆنەویستی پێشمەرگە و فەرماندەکانی شۆڕش و بەرگریە ! 

 دوەمیشیان، هی خۆم نیە، لەدوای راپەڕینەوە فەرماندەکانی حیزب و شۆڕش بۆ تۆمارکردنی وێنە ناشرینەکانی خۆیان پێیانبەخشیوم .

  قەڵەمی یەکەم :

 عێراق و پایتەختەکەی، لەتەمەنی سەدساڵەی خۆیدا، جگە لەزیندان و مەرگ و کاولکاری کورد و کوردستان، هیچیتری بەئێمە رەوانەبینیوە و نەبەخشیوە، هەتا بشمێنێ هیچ کوردێک نابێ چاوەڕوانی زیاتر لەدەسەڵاتدارانی عێراقی بکەن . 

 جارێک لەوەڵامی پرسیارێکی (نێچیرڤان بازانی)دا، وتم

 - گەورەترین هەڵەی ئێوە ئەوەیە وەک حیزب و حکومەت و ئیدارە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن کەرێگە راستەکە ئەوەیە وەک دوو نەتەوەی جیاواز (کورد - عەرەب)، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی پێکەوە ژیان لەعێراقا بکەن، دەستوری عێراقیش ئەو مافەی پێداوین .

 لەسەرەتای روخانی بەعسی عێراقیەوە من بڕوام وابوە جگە لەنوێنەرایەتیەک بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ بەهیچ شێوەیەک کورد بەشداری حوکمداری لە عێراقا نەکات، دەستورێکمان نوسیوەتەوە لای کەمی ئەو مافەی پێداوین لەمیزانیەی عێراق بەپێی رێژەی دانیشتوانی هەرێم، بەشی ژیانمان هەبێت و قەرەبوی قوربانیەکانیشمان وەرگرینەوە، لەوەش گرنگتر ناتوانن بەبێ کورد گۆڕانکاری لەو دەستورەیا بکەن . 
  لەدوای ئەنفال وهەڵەبجە، گەورەترین سوکایەتی سەرکردەکانی کورد بەشکۆی نەتەوەکەیان، بەشداریکردن بوو لەدەسەڵاتی جێبەجێکاری عێراقیدا، (رەفیق سابیر) ئەوکات شیوعیەکی عێراقی بوو کەوتی :

+ لەدوای هەڵەبجە مەرحەباکەشتان حەرامە و تاڵە 

 قەڵەمی دوەم : 

هاوڕێکانی حیزب و شۆڕش و پێشمەرگایەتی، لەدوای راپەڕین قەفەسێکیان بەناوی هەرێمی کوردستانەوە بۆ خەڵکەکەی خۆیان دروستکرد، پێش هەموو کەس مناڵی هاوڕێ شەهیدەکانیان و هاوڕێ دێرینەکانی خۆیانیان لەناویا زیندانیکرد ! نان و ئاو، تەنانەت هاوار و گریانیشیان لێ زەوتکردون ! هەرکەس داوای شکاندنی ئەو قەفەسەش بکات بەتۆمەتی تیرۆر و خیانەتی نیشتیمانی دادگایی دەکرێت .

  ئەوانەی لەخەویشدا، وەبیریانا نەئەهات ماڵ و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بەخۆیانیان هەبێ ئێستا دەیان کۆشک و گرد و قەڵا، فڕۆکەی تایبەت بەخۆیانیان هەیە، بەشی تەنیا قوتابخانەیەکیان لەزەوی موڵک و ماڵی گشتی لەکوردستانا نەهێشتەوە و هەمویان دزی، دەیان ساڵەو لەژێرخانی نەوت و غازەوە بۆ سەرخانی فەرهەنگ و ئاساری پاشماوەی کۆنی کۆمەڵی کوردەواریان تاڵانکرد و دواجار سێ پارێزگایان بەقەرزی دەیان ملیار دۆلارەوە پێناساندین . مناڵی شەهید و جێماوی ئەنفالەکانیان فێرکرد چۆن سەدام حوسەین و بەعسیەکانیان خۆش گەرەکبێ !

خوێنەوار و مامۆستای زانکۆیان هاندا بەعەمامە بەسەرێکی جاهیل بڵێت (بەڕیشی مەردانەت قەسەم) .

 من ئێستا دوو قەڵەمم هەیە، لەیەک کاتدا، یەکەمیان وەک ئەوسا ئامادەیە بەخوێنی خۆی بەردێکی کوردستان بپارێزێێ، ئەویتریش پڕ بەدڵ حەزەکات قەوارەی هەرێمی کوردستان لەژێر پێیدا، وردوخاش بێت و میزی پێدا بکرێت !

28/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر