مەسخەرەکانی حیزبی بەعس لە بواری پەروەردە و فێرکردندا!

د. جەبار قادر


ڕەگ و ڕیشەی ئەو وێرانەیەی لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا لە عێراق و کوردستان دەبینرێت، دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی دەسەڵاتی بەعس لە بواری پەروەردە و فێرکردندا. لە گەڵ گەیشتنیدا بە دەسەڵات مەسەلەی وەرگرتنی تایبەتی هێنایە  ئاراوە، ئەم دیاردە قێزەونە بە کۆلێجەکانی سەربازی و پۆلیس دەستی پێ کرا و دواتر کۆلێجەکانی پەروەردە، ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان، وەرزشیش بەڕووی ئەو فێرخوازانەی بەعسی نەبوون داخران. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پرۆسەی بە بەعسی کردنی خوێندن فراوانتر دەبوو و بواری زیاتری دەگرتەوە. یەکێ لە بڕیارە سەیر و سەمەرەکانی بەعس ئەوە بوو لە بەشی زمانی کوردی لە کۆلێجی پەروەردە تەنها بەعسی وەردەگیران و دەبوایە بەشێکیشیان فێرخوازی عەرەب بوونایە!. دواتر وەرگرتنی منداڵانی "شەهید" و ئەوانەی لە ڕێزەکانی سوپا و "سوپای میللی"دا " لە دژی "دوژمنان" خزمەتیان کردبوو، کە ژمارەیان بە دەیان هەزار کەس بوو، نمرەیان بۆ زیاد دەکرا و لەو کۆلێجانە وەردەگیران کە تەنها خاوەن نمرە بەرزەکانیان وەردەگرت.    

ئەوەی لەو سەردەمەدا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا کاری کردبێ سەدان چیرۆکی غەمگین و سەیر و سەمەرەی لە بیرە. من باس لە هەندێ ڕووداو دەکەم کە بەسەر خۆمدا هاتوون یا بە چاوی خۆم بینیومن. زانکۆی سلێمانی تازە ڕاگوێزرا بوو بۆ هەولێر، ئەو دەمە بەشی مێژوومان لە کۆلێجی ئادابی زانکۆ نەبوو، کە ناوەکەی گۆڕدرا بۆ زانکۆی سەڵاحەدین، هەرچەندە شەش حەوت مامۆستای مێژووی دەبووین، بەڵام هەموو خرابووینە سەر بەشی زمانی کوردی. لەو بەشەش یەک دوو بابەتی مێژوو هەبوو کە مێژووی عێراق و مێژووی کورد بوون. من بۆ ماوەیەکی کورت مێژووی کوردم لە بەشەکە وتەوە، وادیارە ڕاپۆرت چوو بوو کە ئەمە باسی ڕاپەڕین و سەرهەڵدان و کوردستان و ئەو شتانە دەکات. برادەرێکی لێ بوو کە دۆستی بەعس بوو هاتە لام وتی باشترە تۆ ئەو بابەتە نەڵێیتەوە، ئەگینا تووشی کێشەت دەکەن با من بیڵێمەوە، چونکە باسی کوردستان و شۆڕش و ئەو شتانە بەلای ئەمانەوە کێشەیە، منیش وتم: مێژووی سەدەی نۆزدە و بیستی کورد هەر ڕاپەڕین و سەرهەڵدانە و ئەگەر نەتوانم ئەو ڕووداوانە باس بکەم باشترە نەیڵێمەوە. لە ئەنجامدا دابەش کراین بەسەر کۆلێجەکاندا بۆ ئەوەی بابەتی زمانی کوردی بڵێینەوە. فێرخوازەکان دەکران بە دوو گروپەوە، گروپێک کە کوردی زمانی دایکیانە و گروپێکی دیکە کە کوردی نازانن جا ئەمانە عەرب، تورکمان، ئاسووری یا خەڵکی ولاتانی عەرەبی بوون. لە کاتی دابەشکردنی فێرخوازەکاندا بەسەر ئەم دوو گروپەدا، یەکێکم لێ پەیدا بوو کە خەڵکی هەولێر بوو و دەیویست لە گەڵ فێرخوازە عەرەبەکاندا دابنرێ، منیش لێم پرسی: ئایە کوردی نازانی؟ وتی: بەڵێ، وتم ئەی چۆن دەبێ لە گەڵ فێرخوازێک دابنرێیت کە ڕەنگبێ بۆ یەکەم جار گوێی لە وشەی کوردی بێ؟. وادیار ئامادە نەبوو واز لەو داوکارییەی بێنێ و خەڵکی هاندابوو ڕاپۆرت بنووسن و هەندێ خزم و کەسی کە لە گەڵ بەعسییەکاندا بوون لە گەڵ ڕاگری کۆلێجەکەمان قسەیان کردبوو. ڕاگر  بەعسییەکی بەرباد بوو ناوی "ئیسماعیل لازم الهاشل" بوو، بانگی کردم و لێی پرسیم: بۆ ئەو کوڕە لەو گروپە دانانێی کە دەیەوێت؟. کارەساتەکە لەوەدا بوو کە بۆ خۆی دکتۆرای لە زانستی پەروەردە و دەروونزانی هەبوو، منیش پێم وت: ئاخر ئەوە دادپەروەری تێدا نییە لە گەڵ کەسانێک دایبنێم کە هیچ کوردی نازانن. بێشەرمانە وتێ: ئێ جا چی تیدایە بۆ ئێوە ئەوەندە ڕەگەزپەرستن؟!. پێشتر خۆشم بە چارەیدا نەدەهات و یەک دوو جاری دیکەش بە هانی هەندێ مامۆستای کورد ڕەخنەی لێ گرتبووم.  

ڕۆژێک من و خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر جەمال ڕەشید ئەحمەدی بانگ کرد و یەکسەر وتی: ئەوە دوو ساڵە ئێمە لە شەڕێکی چارەنووسسازداین لە دژی"دوژمنی فارسی"، بەڵام ئێوە یەک وشەتان لەم بارەوە نەنووسیوە. خۆشبەختانە من تا ئەو کاتە یەک دێڕم بڵاو نەکردبووە، لەو باوەڕەدا بووم کە نابێ لە بڵاوکراوەی دەسەڵاتی بەعسدا نووسین بڵاوبکەینەوە، هەڵبەتە دواتر تێگەیشتم کە لەم هەڵویستەمدا هەڵە بووم و دەستم کرد بە بڵاوکردنەوەی وتار و لێكۆڵێنەوە لە بواری مێژووی کورددا، خەریک بوو پێی بڵێم: کورە من هەر نازانم بنووسم!. یادی بەخێر بێت دکتۆر جەمال کۆمەڵێ باسی لە بارەی مێژووی کۆنەوە کردەوە و لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو. کابرا کە بۆ یەک مەبەست ئێمەی بانگ کردبوو و لە دەرەوەی ئەوە تاقەتی نەبوو زیاتر گوێ بۆ هیچ شتێ بگرێ. ئەم شتانەی کۆکردەوە و لە یەکەمین دەرفەتدا ،کە خۆپیشاندانی قوتابیانی زانکۆ بوو لە ئایاری ساڵی ١٩٨٢، تۆڵەی خۆی کردەوە و لە پشووی هاوینی ئەو ساڵەدا ٢٧ مامۆستای و ١٨٦ فێرخوازی کوردیان بە زانکۆکانی عیڕاقدا پەرش و بڵاو کردەوە لە مووسڵەوە، کە من و پێنج مامۆستای دیکە بەر ئەوێ کەوتین، تا دەگاتە بەسرە کە خوالێخۆشبوو دکتۆر جەمال ڕەشید بۆ ئەوێ گوێزرایەوە، بەڵام دواتر کرا بە زانکۆی بەغدا. 

پاییزی ١٩٨٢ لە بەشی مێژوو لە کۆلێجی ئادابی زانکۆی مووسل دەستم بەکار کرد. لەوێ زیاتر مێژووی ئەوروپام دەوتەوە، دواتر بابەتی مێژووی تورکیا و ئێرانیش لە بەشەکە زیاد کرا و داوا لە من کرا ئەو بابەتە بڵێمەوە. سەرۆکی بەشەکەمان پیاوێکی باش بوو، لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا دەبوایە پرسیارەکان ببینێ و ئیمزایان بکات، هەموو ساڵێ دەیپرسێ: ئەرێ فڵان هیچ شتێ لە دژی ئێران نابینم؟. منیش هەموو ساڵێ بە مەبەست بە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ئێران و  ١٩٨٠ بۆ تورکیا کۆتاییم بە بابەتەکان دەهێنا و پرسیارەکان سەبارەت بە ڕووداوەکانی مێژوو بوون و خۆیان لە قەرەی باس و خواسی سیاسی و پەیوەندی عێراق و ‌وێران نەدادا. ساڵ هات و ساڵ ڕۆیشت، پشووی هاوینی ١٩٨٨ بوو و شەڕی هەشت ساڵە نێوان ئێران و عێراق ڕاگیرا، سەرۆکی بەش بە هەڵەداوان هات و بە پێکەنینەوە پرسی:

ئەرێ فڵان خۆ پرسیارەکان هیچیان لە دژی ئێران تێدا نییە؟. منیش وتم: نە ئەوسا و نە ئیستاش لە دەرەوەی باسە مێژووییەکان وەک لێیان تێگەیشتووم شتێکی دیکەیان تێدا نییە. خوا هەڵناگرێ باوەڕی بەو منداڵبازاڕییەی بەعس نەبوو، بەڵام دەترسا شتێکی بەسەردا تێپەڕی و تووشی کێشمەکێش ببێ، وتی: چی بکەین ئەوە نابینی فڵان تەنها بە هەڵە لە کتێبەکەیدا نەخشەیەکی داناوە و ئاگای لێ نەبووە کە لە جێگای کەنداوی عەرەبی نووسراوە کەنداوی فارسی، ئیستا سزا دراوە و گوێزراوەتەوە بۆ کتێبخانەی گشتی زانکۆ و لەوێ بێ کار دانیشتووە. لە دوای داگیرکردنی کوێت لە ٢ ئابی ١٩٩٠ نەخشەیەکی نوێ کە کوێتی تێدا کرابوو بە پارێزگای ژمارە ١٩ی عێراق بەسەر هەموو دام دەزگاکانی عێراقدا دابەش کرا و دەبوایە هەموو هەڵیواسن، سەرۆکی بەشە لە سەر نەخشەیەکی کۆنی داناو  و هەڵیواسی، کاتێ لێیان پرسی: ئەوە بۆ کۆنەکەت دەنەکرد و ئەوجا تازەکە دابنێی؟، ئەویش لە وەڵامدا وتی: ئەگەر وتیان تازەکە لاببەن و بگەڕێنەوە سەر کۆنەکە، ئەوا ناگەڕێم بەدوایدا و یەکسەر ئەمە لادەبەم و ئەو لە ژێرەوە دەردەکەوێتەوە و ئاو بێنە و دەست بشۆرە. هەر واش بوو. بەداخەوە ئەو پیاوە لە لیبیا لە کاتی مەلەکردندا خنکا.

07/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر