ئەم نیشتمانە هی هەمومانە

دلاوەر سۆفی

ئەتوانین بۆ هەمو کایەو بوارێک لە ژینگەکەی بڕوانین، ئەو ژینگانەی ئەمڕۆ تێک چونو پاک نین زۆرن، ژینگەی بازرگانی، سیاسی، هونەری، کۆمەڵایەتی و زۆری تریش، بەڵام ئەو ژینگەیەی بەندە ئەیەوێت بیخاتە بەر دیدی خوێنەر و دەسەڵاتو نیشتمان دۆستان،  ژینگەی سروشتو وڵاتەکەیە، کەسێک نیە لەم کوردوستانەدا نەزانێ کە چەند قوربانی دراوە لە پێناوی ئەم قومە ئازادی و سەربەخۆییەدا، هەمیشە کوردستانمان لا پیرۆز بوە لە پێناویدا گەلی کورد گەورەترین قوربانی بۆ داوە بە ڕۆح و گیان لە خزمەتیدا بوە هەر بۆیەش ڕۆژانێک ( کوردستان یان نەمان ) دروشمی هەموان بوو، باش ئەزانین خۆڵو خاشاک بوە بە قەیرانێک ئەگەر بە زووترین کات فریای نەکەوین، ڕەنگە لە ماوەیەکی کورتی داهاتودا چارەسەرکەی ببێتە مەحاڵو لە کۆنترۆڵ دەرچێت ، ڕاستە بە جۆرێک لە جۆرەکان ناو سەنتەری شار چارەسەرێکی نیوەو ناچڵی بۆ کراوە، بەلام خۆزکە کاربەدەستانی وڵات کەمێك جامی ئۆتۆمۆبێلەکانیان ڕون ئەکردەوە تۆزێ لە شار دور ئەکەوتنەوە بۆ ڕێگاکانی سیتەک و دوکانیان و مێرگەپان و قەرەداغ و هەمو ئەو ڕێگایانەی کۆشکو باخەکانی لێیە و بە چاوی خاوەن ماڵێکی دڵسۆز  سەرنجیان لەو کارەساتە بدایە، چۆن ژینگەی ئەم وڵاتە بە دەستی ئەنقەست بەرەو داڕمانێک ئەڕوات کە دوژمنیش ئیرەیی پێنابات، هەرچەندە بەندە نزیکەی دە ساڵێک بەر لە ئێستا ئەم کێشەیەم خستۆتە بەردەم دەسەڵات لە رێگەی چەندین نوسینەوە، ئێمە لەم وڵاتەدا خاوەنی حکومەتین و دەستەی ژینگەمان هەیە بەدەسەڵاتی وەزارەت،  وەک تاکێكی کۆمەڵ لەو دەزگاو دەستەیە ئەپرسین داهاتێکی زۆر کۆ ئەکەنەوە لە ڕێگەی ساڵانەی ئوتۆمبێلەوە ،هەمو ماڵێک مانگانە لەدەرگاکەی ئەدەن و بڕێ پارەی لێ وەر ئەگیرێ، هەمو دوکانو شوێنە بازگانیەکانو هۆتێلەکان بە هەمان شێوە، چەندین جۆر داهاتی تریش بۆ نایخەنە خزمەت کۆکردنەوەی خاشاکەوە، سەیرەکە لەوەدایە کۆمپانیایەک پارەی خۆڵوخاشاک کۆ ئەکاتەوە جیاواز لەو کۆمپانیایانەی ئەرکیان کۆکردنەوەی خۆڵوخاشاکە، یان ئامادەن لەسەر نەمامێکی بچوک غەرامەی ماڵێک بکەن بەڵام کاتێک بۆ پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لایەکی دارستانێک بەبەر چاوی شارێکەوە ئەبڕدرێتەوەو کاول ئەکرێ، گۆێمان لە یەک وشەی ئەو دامەزراوەیە نابێت، جێ خۆیەتی بە لایەنی بەرپرسو دەسەڵات بڵێین کوردستان هی هەموانە بەرپرسیارێتی گەورەش لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە، کار وا بڕوات وڵاتەکەمان ئەکەوێتە بەر قەیرانێکی ترسناکەوە، پسپۆرانی ژینگە پێیان وایە هەندێ لەو ماتریاڵانەی کە وەک پلاستیکو پێکهاتەکانی نزیکەی پێنچ سەد ساڵی ئەوێت تا شیئەبێتەوەو لە ناو ئەچێت، ئەوساش شیبونەوەکەی ئەبێتە مەترسیەکیتر کاتێک تێکەڵی زەوی ئەبێت کورد واتەنی ( عوزر لە قەباحەت خراپتر )، ئاشکرایە لە ولاتەپێشکەوتو خودا پێداوەکاندا خاشاک بوە بە بزنسو وەبەر هێنانی تیا ئەکرێت، ژووری بازرگانی لەم بوارەشدا هەوڵی خۆی داو لە ساڵی( ٢٠١٢)دا چەند کۆمپانیایەکی سویدی بانگهێشتی کوردستان کرد بۆئەو مەبەستە بەڵام بەداخەوە ئەو هەوڵە لە باربرا، بەڕێزان ئەو بوارە ئەگەر بەچاوی بزنسیش لێ بڕوانن وەبەر هێنانێکی گەورەیە، ئەوە ماوە بڵێین بیکەن بە خاتری ئەو کوردستانەی گەورەترین قوربانی لە پێناویدا درا (ئەم نیشتمانە هی هەمومانە.... با نەبێت بە زبڵخانە ).


05/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر