"چۆن دەتوانین ئەم بایکۆتە بەجیهانی بکەین؟"

گۆران دوکانی


ئەم بایکۆتە کەزۆربەی بەرپرسانی تورکیای هێناوەتە قسە، زۆربەی بازرگانەکانیان بەتایبەت ئەوانەی چەندین ساڵە ژەهرو خواردنی بەسەرچوو لەهەرێم ساغ دەکەنەوە، لەسەرئاستی جیهانیشدا (تورکیش ئێرلاین، کۆچ هۆڵدینگ، گول سەن، سۆدە سانایی، ئاڕچەلیک، بی.ئای.ئێم...هتد) ڕۆژانە دەیانبینین بەرپرس و خاوەنەکانیان هاواریان لێ هەستاوە لەکەناڵە تورکیەکانەوە، چونکە ئەم شەپۆلی بایکۆتە تاڕادەیەک هەندێک لەولاتانی دیکەشی گرتۆتەوە.


ئێمە بەتایبەت کوردانی دەرەوە دەتوانین ڕۆڵێکی زۆر گەورە ببینین بەکارێکی زۆر سادەو بێ خەرجی و بێ کێشە، بەڵام زۆر کاریگەرو بە بەها، دەتوانین هەریەک لای خۆمانەوە لەچی وڵاتێکی ئەوروپاو ئەمریکاو ئوستڕالیاو هەر کونجێکی دیکەی ئەم جیهانە دەژین جگە لەوەی کەخۆمان بایکۆتی هەموو خواردن و کاڵایەکی تورکی بکەین، هاوکات هەریەک لای خۆمانەوە هاوڕێ و دۆست و هاودەم و هاو پیشەو هاوکارەکانی ڕۆژانەمان لەو لەشکرکێشی و کوشتارە وەحشیگەریەی تورکیا بەرامبەر بەڕۆژاڤا ئاگادار بکەینەوە کەدڵنیام خەڵکی ئەوروپی و ئەمریکی مرۆڤ دۆستن و خاوەن مۆڕاڵ و ئەخلاقن هەربۆیە هاوکارمان دەبن بۆئەم بایکۆتە.


لەهەمووی گرنگتر هەرکوردێک دەتوانێت و کاتی ئەوەی هەیە هەفتەی تەنها یەک کاتژمێر لەکاتی خۆی بگرێت لەڕێگای نوسینی سکاڵانامەیەکەوە (petition)ێک لەسەر لاپەڕەیەکی ئەی فۆڕ بەزمانی ئەو وڵاتەی کەلێی دەژی چەند نوسخەیەکی لێ کۆپی بکات و لەنزیک ستۆرو مارکێت و چێشتخانە تورکیەکان، یان لە داون تاون و سیتی سەنتەرو شوێنە قەرەباڵغەکانی ئەو شارەی کەلێی دەژی بەشێوەی ئەو ڕێکلامانەی کەڕۆژانە دەیانبینین و دەدرێن بەخەڵکی دەتوانن ئەو فڵایەرانە لەناو خەڵکیدا بڵاو بکەنەوە کەتێیدا داوا بکەن بایکۆتی کاڵاو خۆراک و خواردەمەنی و شتومەکە تورکیەکان بکەن لەبەرامبەر ئەو لەشکرکێشی و کوشتارو وەحشیگەریەی دەسەڵاتداران تورکیا بەرامبەر بەخەڵکی بێ گوناهـ و بێ پشتوپەنای کورد لەڕۆژاڤا ئەنجامی دەدەن، کەخۆشبەختانە تەواوی دنیا ئاگاداری ئەم کەیسەن بەهۆی ئەوەی لەتەواوی مێدیاکانی جیهاندا خەڵکی ڕۆژانە ئەم وەحشیگەریەی تورک دەبینن و بۆتە باس و خواسی ڕۆژەف لەلایان.


بەڵێ بۆ بایکۆتی شتومەکی تورکی لەجیهاندا

02/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر