بەرەو دادگایەک..دادپەروەری بۆ ئێزدیەکان بەدیبهێنێت

گەشە دارا حەفید
.

تاوانەکانی جینۆسایدو دژەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لە ۸/۳ /۲٠۱٤ لە شەنگال ودەوروبەری بەرامبەر ئێزدیەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار بۆ مرۆڤایەتی و بەقەولی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەترسیدار بوو بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی هەموو جیهان ئەنجامدرا .
بەپێی پرنسیپی یاساش کە گرنگترینیان دادپەروەری قەزائیە ،واتە گەرانەوەی ماف بۆ قوربانی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە لەلایەن کەسانی ترەوەبە  سزای تاوانباران لەسەر ئەو تاوانەی کە ئەنجامدراوە نەک بە هەرەمەکی ئەوەی ئێستا لە دادگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ کە زۆربەیان تەنها بەتاوانی پەیوەندی بەداعش و کوشتنێکی ئاسایی نەک کوشتنی بەکۆمەڵ کە مەبەست لێی لەناوبردنی رەچەڵەکی ئێزدیەکان بوو کە ئاینێک و رەچەڵەکێکی جیاوازیان هەیە 
بێ لەوەی دادگاکان ئەوەی بەلایدا نارۆن تاوانە سێکسیەکانە کە بەرامبەر ژنان و کچانی ئێزدی ئەنجام دراون کە ئەگەر بەپێی یاسای عێراقیش دادگاییان بکەن هەروەک تاوانی تاکێک بەرامبەر مێینەیەک مافی خۆی نادادێتی و ناگاتە دادپەروەری یاسایی چونکە نیەتی داعش لە ئەنجامدانی لاقە کردن و سکپرکردنی ژنان و کچانی ئیزدی بەمەبەستی نەهێشتن و لەناوبردنی رەچەڵەکی ئیزدیەکان بوو .ئینجا هێشتا دادگای عێراق و هەرێم ئەندامانی داعش دادگایی ناکەن لەسەر ئەم تاوانانەو چەندین جۆری تر لەتاوان کە ئەنجامیان داوە،تەنها تۆمەتی پەیوەندی کردن بە داعش و کوشتن دراوتە پاڵ ئەندامانی داعش.
خەمساردی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و رۆژئاوا کەخۆی بەپارێزەری مافی مرۆڤ دادپەروەری و ئاشتی و سەقامگیری جیهان دەزانن  بێ لە بێباکی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بۆ دروشم و هەڵبژاردن بیریان دەکەونەوە کە هاوڵاتی ئەم خاک و وڵاتەن  کەچی لە دوای نۆ ساڵ بەسەر ئەم تاوانە گەورەیەدا بەرامبەر ئێزدیەکان کەسەر بەنەتەوەی کوردن و رەچەڵەکێکی ئاینی جیاوازیان هەیەو یەکێکن لە دێرینترین پێکهاتەی ناوچەکە لەهەزاران ساڵ پێش ئیستاوە، بەپێی رێککەتنامە نێودەوڵەتیەکان وەک پێکهاتەو کەمایەتی دەبێ پارێزراو بن .دواجار وەک مرۆڤ دەبێ مافیان لە ژیان پارێزراو بێت.
دەبوایە هەنگاوی جددی و گەورە بنرایە بەئاراستەی دادپەروەری لە سەندنەوەی ئەو مافەی بەدرێژایی مێژوو لێیان دەستێندرێ بە کوشتن و سەبایا کردن و زەوتکردنی ماڵ و حاڵیان و تێکدانی مێژوو کلتوریان
ئەگەر تائیستاش ئەم هەوڵانە بۆ دادگایەکی دادپەروەرانە کە بەپێی پرنسیپی یاسا وەک خۆی کار بکات بەواتای ئەوەی چ تاوانێک بەرامبەریان لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە لەسەر ئەو تاوانە سزا بدرێن کە ئیستا وانیە لەبەر:
نەبوونی تاوانە نێودەوڵەتیەکان لە جینۆسایدو دژەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لە یاسا ناوخۆییەکانی عێراقدا ، پێویستە ئەو کەلێنە پر بکرێتەوە
لەرێگەی کەسانی یاسا ناس و پسپۆرەوە پرۆژە ئامادە بکرێ ئەگەر دادگاییکردنەکان هەر لە ناوخۆ بن
بەڵام جێبەخێکردنی بە پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی تێکەڵ کە پێشینەی قەزائی لە وڵاتانی سیرالێۆن و کەمبۆدیا هەیە بەرێککەوتنی حکومەتەکانیان لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایش ،دەکرێ بەهەمان شێوە عیراقیش ئەم رێککەوتنە بکات بۆ پیکهینانی دادگایەکی لەو شێوەیە وپیکهاتبێ لە پسپۆری یاسایی نێودەوڵەتی و عێراقی .لەبەر ئەوەی دادوەری عێراقی بە تەنها پسپۆری و ئەزمونی لەم جۆرە لەتاوانانەدا نیە ،ئەمە ئەگەر هەوڵی بردنی کەیسی تاوانەکانی داعش بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەلایەن حکومەتی عێراقی نەدانی و دەسەڵاتی دادگایی کردنی ئەندامانی داعشی  بە داگاکە رێگە چارەی دووەمە و باشترینە بۆ گەیشتن بەدادپەروەری گەرانەوەی بەشێک لە مافی ئێزدیەکان .

05/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر