شێرپەنجەی گۆڕان چییە؟!

ئەحمەد میرە
لەو پرسیارانەوە دەستپێدەکەین، کە ئایا ئەرکی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان کۆتاییهاتووە، یاخود هەڵسوڕاوانی ئەو بزوتنەوەیە لە ڕێگای ململانێی ناوخۆیی خۆیانەوە کۆتایی بە ئەرکە سیاسییەکەی دەهێنن، یان پرۆژەکە لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی یەکێتیی و پارتییدا بەرەو پوکانەوە چووە؟

بێگومان وەڵامێکی تەندروستی ئەو پرسیارانەی پێشوو دەمانگەیەنێتە ڕاستییەکی تاڵ، ئەویش ئەوەیە، کە سەرکردەکانی گۆڕان بە دەستی خۆیان خەریکە گۆڕێکی قووڵ بۆ بزوتنەوەکە هەڵدەکەنن. ڕاستە یەکێتیی و پارتیی ئارەزومەندی ئەوەن، کە ئەم حیزبە داروبەردی بەسەریەکەوە نەمێنێت و ببێتە کەلاوەیەکی سیاسیی، یاخود ببێتە دوکانێکی سیاسیی بچووک، وەک حیزبەکانی تر، بەڵام ئەوەی، ڕێگاخۆشکەری دروستکردنی ئەو بارودۆخەی ناو گۆڕانە، بە تەنها حیزبەکانی تر لێی بەرپرسیار نین، هێندەی کێشەکان پەیوەندییان بە ناوخۆی گۆڕانەوە هەیە، کە دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوەدا بیانخەینەڕوو:

یەکهەم: ئەو پەیکەرە سیاسییەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەم حیزبەی داڕشتبوو، یارمەتیدەرێکی باش نەبوو، بۆ ئەوەی میراتگرەکانی بەئاسانیی بتوانن سودی لێوەربگرن و بە ئاراستەی پارتێکی تەندروست و بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی ببەن. 

دوهەم: لە ئێستادا سیاسەتی دارایی ئەم حیزبە وەها دەردەکەوێت، کە ڕێک و ڕەوان و ڕوون نەبوە، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک سیاسەتی دارایی پارتە سیاسییەکانی تر لەسەر بنەمای کەسیی و هاوڕێیەتیی و بەرژەوەندیی تایبەت بنیاتنراوە.

سێهەم:

لە ڕوی سیاسییەوە دەبوو خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا لە ڕێی وەسیەتێکی سیاسییەوە نەخشەی داهاتووی حیزبەکەی ڕونبکردایەتەوەو بە هۆیەوە ڕێگەی لە کێشمەکێش و ململانێکانی ئێستا بگرتایە.

چوارهەم: ئەو گروپەی، چونەناو حکومەت و پەرلەمان، هێندەی بونە مایەی سەرئێشەی ناوخۆیی بۆ حیزب و دروستکردنی وێنەیەکی وێکچوو بۆ گۆڕان لە گەڵ حیزبە حوکمڕانەکانی تردا بۆ گۆڕان، هیچی تریان نەکرد.

پێنجهەم: دەبێت ڕاستەوخۆ دەستەڵاتەکانی بەڕێوەبردنی  حیزب لە ڕێگای ئۆرگانە ددانپێدانراوەکانی حیزبەوە بەڕێوەببرێت، بۆیە بوونی هەر کەس و لایەنێک لە شێوەی مەرجەع بۆ حیزب دەبێتە شێرپەنجەی جەستەی حیزب و لەناویدەبات. لە ئێستادا ئەوەی، کە دەبینرێت، چەند مەرجەعێکی نائۆرگانیی لە دەرەوەی جەستەی گۆڕان ململانێدەکەن و شەڕی میراتی نەوشیروان مستەفا دەکەن، بێئەوەی هیچ کەسێک لەوانە لە ناو ئۆرگانەکانی گۆڕاندا بەرپرسیارێتیی فەرمییان هەبێت.

شەشهەم: یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی گۆڕان ئەوەیە، کە ڕاڤەی هەڵە بۆ فرەمیمبەریی دەکەن، واتا بونی ملشکاندی یەکتر و بونی ناوەندی بڕیاری جیاواز و مەرجەعی جیاواز بە فرەمیمبەریی لێکدەدەنەوە، لە کاتێکدا ئەوانە خۆرکەیەکی ترسێنەرن و حیزب بەرەو هەڵتەکاندن و لەناوچونی هەتاهەتایی دەبەن!

حەوتهەم: ونبونی گوتاری سیاسیی گۆڕان یەکێکی ترە لە گرفتە گەورەکانی بەردەم ئەم حیزبە و پێویستە لە زوترین کاتدا و پێش هەموو شتێک گوتاری سیاسیی خۆی دابڕێژێتەوەو پێناسە و چەمکەکەی دیاریبکات، چونکە ئەگەر حیزبێک بیەوێت لە هەڵبژاردندا براوەبێت، لانی کەم نابێت لە حیزبەکانی تر بچێت و پێویستە خاوەن گوتاری سیاسیی خۆی بێت.

هەشتهەم: بێمتمانەیی نێوان سەرکردە دیارەکانی گۆڕان یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی، کە بووەتە هۆی ئەوەی وزەی سیاسیی لە بەر جەستەی ئەم حیزبە بڕیوەو لاوازیکردووە، چونکە سەرکردەکانی گۆڕان وردەوردە ئامانجە گەورەکەیان، کە سەرکردایەتیکردنی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان بووە، لەیادکردووە و دەیانەوێت لە یەکێتیی و پارتیی بچن، نەک لە گۆڕان.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی پێشوو، بۆماندەردەکەوێت، کە گۆڕان خۆی شێرپەنجەیەکی لە جەستەی خۆیدا دروستکردووەو هەر خۆیشی دەتوانێت ئەم شێرپەنجەیە ببڕێت، یاخود گەشە بە ماکەکەی بدات و تەواوی جەستەی دابڕزێنێت.



17/07/2018



وتارەکانی تری نوسەر