هەموومان دەزانین تێكڕای حیزبەکانی تر سیاسەت دەکەن، وە ئەگەر رەش بکەن بە سپی و سپیش بکەن بە رەش، ئەوا چاوەڕوونکراوە لە حیزب و لە سیاسی کوردی تەقلیدی، بەڵام پرسیارێک لە نوخبە و دەنگ و قەڵەمە ئازادەکان دەکەم کە حەز دەکەم بە ویژدانەوە وەڵام بدەنەوە!
ئایا رێکەوتنی پارتی لەگەڵ سەدرییەکان تاوانە و خراپترە (کە ٢٥ خاڵە و بە تەنها یەک خاڵیشی باسی بەرژەوەندی کورد و هاوڵاتی کوردی نەکردووه و وە هیچ کام لە ئێوە ئاگاداری رێکەوتنە ژێر بە ژێرەکە نەبوون تاوەکوو لە میدیا دزەی پێکرا)، یان رێکەوتنی ئێمە لەگەڵ سەدرییەکان و سونەکان کە ١٧ خاڵمان پێواژۆ کردوون و بە ئاشکرا هەمووتان ئاگاداری رێکەوتنەکەن کە تێکڕای خاڵەکان لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان و قوتی خەڵک و موچە و بەنزین و بژێوییە!! ههروهها چەندین خاڵی تیایە تایبەت بە ئازادی و بە دەستگیرکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران و نەمانی میلیشیا و چەک لە دەرەوەی دەوڵەت و هەروەها تەواوی خاڵەکانیتریش تایبەتن بە خەڵک!!
پرسیارێک بۆ هەموو حیزبەکانی یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵ و گۆڕان و ئەو کەسایەتییانەی کە خۆیان بە سەربەخۆ ناو دەبەن یاخود ئەو بەرێزانەی کە بەراستی سەربەخۆ و بێلایەنن، ئایا لەسەر ئەو رێکەوتنەی پارتی کردتانە هەرا؟ بۆچی بێدەنگ بوون؟ بۆچی یەکێتی کە پێیوایە ئێستا ناکۆکە لەگەڵ پارتی نەیوێرا بە یەک وشە لەسەری قسە بکات؟ بۆ حیزبەکانیتر و سیاسییەکان و نوخبە بێدەنگن بەرامبەر پارتی کە رێکەوتنی کردوە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، بێئەوەی یەک خاڵ هەبێت لە بەرژەوەندی کورد!!
من وەڵامەکەی دەزانم بۆ حیزبە سیاسییەکان و هەندێک بە ناو سیاسی بێدەنگن بەرامبەر پارتی و دژی نەوەی نوێن! چونکە هەم بەرژەوەندیان هەیە لەگەڵ پارتی و هەمیش پێیانوایە پارتی شەر دەکات لەسەر پۆست و بەرژەوەنەی خۆی و پێیانوایە ئەمە هیچ زەرەرێکی بۆ ئەوان نییە وەک حیزبی سیاسی و هەروەها کەسایەتی سیاسی.
بەڵام دژی جوڵەکەی نەوەی نوێ بوون کە جوڵەیەکی ئەخلاقی و سیاسیی و عاقڵانە بوو، چونکە دەزانن خاڵەکانی نەوەی نوێ شەرە لەسەر قوتی خەڵک و بەرژوەندی هاوڵاتییان و نمونەیەکی جیاواز و نوێی حیزبایەتی و سیاسەتە کە بچیتە بەغداد بڵێیت هیچ پۆستم ناوێت بەڵكو مافی خەڵکم دەوێت، بۆیە ئەو حیزبانە دژی ئێمە بوون.
بەڵام پرسیارەکەم ئەوەیە، نوخبە و خەڵکانی بێلایەن و سەربەخۆ و خاوەن هەڵوێست و ئازا (ئەگەر چی دەزانم بە داخەوە وردە وردە ژمارەیان کەم بۆتەوە)، بۆچی ئەمانە بێدەنگ بوون؟ بۆچی هێزێکی وەک نەوەی نوێ خۆی نەفرۆشتوە و پۆستی وەرنەگرتوە و دیفاع لە خەڵك و بەرژەوەندی هاوڵاتییان دەکات، کەچی ئێوە بێدەنگن؟ وەڵامەکەی بۆ ئێوەی ئەزیز و خوێنەر جێدەهێڵم.
ئێمە جوانترین هەوڵێستمان تۆمارکرد لە دوای روخانی سەدام و ٢٠٠٣وە، ئەمە فەخر و شانازییە هەتا هەتایە بۆمان دەمێنێتەوە و لە هەرچی بانگەشەی هەڵبژاردنە باسی دەکەین کە ئێمە ئەو هێزەین چەندین کورسی پەرلەمانی عێراقمان هەبوو. بەڵام لە بری هەڵپەی پۆست و وەزارەت و بەرژەوەندی، داوای مافی خەڵکمان کرد.