رێکەوتنامەی لۆزان‌و شکستی کورد

شۆرش حاجی


ئەم نوسینە باسی وردەکاری ناوەرۆک‌و پاشخانی مێژویی‌و لێکەوتەکانی رێکەوتنامەی لۆزان نیە، بەڵکو پێشنیارێکەو لە یادی سەد ساڵەی واژۆکردنی رێککەوتنامەی لۆزاندا دەیخەمە رو، بەو هیوایەی خزمەتێک بە دۆزی گەلەکەمان بکات.

گومان لەوەدا نیە کە زلهێزە براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم لە رێکەوتنامەی لۆزاندا دژی خواستەکانی گەلی کورد وەستانەوەو لەو بەڵێنانەیان پەشیمان بونەوە کە پێشترو لە پەیمانی سیڤر بە کوردیان دابو بۆ ئەوەی لە نەخشەی نوێی ئەو کاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنوری کوردستان جیابکرێتەوەو کورد حوکمڕانی خۆی بکات. بەڵام نە رێکەوتنامەی لۆزان‌و نە ئەو رێکەوتنامانەی کە
پێش ئەوو دوای ئەویش کراون‌و پەیوەندییان بە کوردو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبوە هۆکاری ئەوە نەبون کە گەلی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە دەوڵەتێکی سەربەخۆو کیانێکی سیاسی پتەو دامەزرێنێ. بەڵکو هۆکاری سەرەکی شکستی گەلەکەمان لە بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی‌و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا گەلی کورد خۆیەتی. لەناو کوردیش ئۆباڵی ئەو شکستە بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی نوخبەی سیاسی‌یە. لێرەدا مەبەست لە نوخبەی سیاسی ئەوانەن کە لە رابردو رابەرایەتی‌ راپەڕین‌و جوڵانەوەکانی کوردیان کردوە، تا دەگاتە سەرکردەی هێزە سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستان.

ئەگەر بەراوردی مێژوی خۆمان‌و مێژوی زۆربەی گەلانی دنیا بکەین‌و هەڵسەنگاندنێکی راستگۆیانەی هەوڵ‌و تێکۆشانی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانی بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە نوخبەی سیاسی کورد لە ئاست چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان‌و ئەو قوربانییە نەبون کە گەلەکەمان لە کاروانی خەباتی رزگاریدا پێشکەشی کردوە.

نوخبەی سیاسی کورد لە کۆنەوە تا ئێستا شکستیان هێناوە لە هەڵبژاردنی کات‌و شێوازی گونجاوی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان؛
شکستیان هێناوە لە دیاریکردنی دۆست‌و دوژمنانی کورد؛ شکستیان هێناوە لە ناسینی گەلی کوردو سودوەرگرتن لە هێزو تواناو خەسڵەتە بەهێزەکانی؛ شکستیان هێناوە لە قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە مێژوییانەی بۆ گەلەکەمان هاتونە پێش؛ شکستیان هێناوە لە ئاراستەکردنی گەلەکەمان‌ بەشێوازێکی تەندروست‌و گۆڕینی کلتوری گەلی کورد(بە مانا کۆمەڵناسییەکەی) لەوەی کە هەیە بۆ کلتورێکی
جیاوازی هاوشێوەی گەلانی پێشکەوتوی دنیا.

بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتوە هەڵوەستەیەکی جیدی بکەین‌و چیدی بێگانەو دوژمنەکانمان نەکەین بە بیانوو پاساو بۆ شکستەکانمان. بەڵکو بەخۆمان‌و رابردوماندا بچینەوەو هەمان رێچکەی شکستخواردوی پێشو نەگرینە بەرو رێگە نەدەین رۆڵەکانمان ببنە دەروێشی بازرگانەکانی 
کوردایەتی‌و دروشمە بێ ناوەرۆکەکان‌و لەوە زیاتر قوربانی بێبەرامبەر نەدەین‌. بەڵکو رێگایەکی تەندروست بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بە قوربانی کەمترو لە ماوەیەکی کورتردا ئامانجە نەتەوەییەکانمان بهێنینە دی. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیاری پەیڕەوکردنی ئەم چەند هەنگاوە دەکەم، بەو هیوایەی ببێ بە نەخشەرێگایەک بۆ گۆڕینی ئەم واقیعە تاڵەی کە تێیدا دەژین.

یەکەم/ پسپۆڕو شارەزا دڵسۆزەکانی کورد لە بواری مێژوو زانستی کۆمەڵناسی‌و سیاسی لەگەڵ ناوەندە کوردییەکانی توێژینەوە، دیراسەیەکی زانستییانەی کۆمەڵگای کوردی بکەن‌و خاڵە لاوازو بەهێزەکانی دەستنیشان بکەن‌.

دووەم/ هەمان ئەو گروپە هەڵسەنگاندنێکی بابەتی ئەزمونی خەباتی کورد بکەن‌ لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ و پەندو وانەکانی ئەو مێژووە بخەنە بەردەستی گەلەکەمان.

سێیەم/ هەمومان بگەڕێین سیمبوڵێک بۆ خۆمان بدۆزینەوە کە هەمومان بتوانین لەژێر چەترو سایەی ئەو سیمبوڵەدا پێناسەی خۆمان‌و ئامانجەکانمان‌و شێوازی گەیشتن بەو ئامانجانە بکەین. دەکرێ ئەو سیمبوڵە چەمکێک یان جوڵانەوەیەک بێ، سەرکردەیەک یان کەسایەتییەک بێ، روداوێکی مێژویی یان کارەساتێک بێ کە بەسەر گەلەکەماندا هاتوە.

هەر کاتێک ئەو هەنگاوانەمان پیادە کردو بەرچاومان رون بوو رێگایەکی تەندروستمان گرتە بەر، دەتوانین شتە خراپەکانی گەلەکەمان بگۆڕین‌و کلتورێکی نوێ بەرجەستە بکەین‌؛ دەتوانین خەسڵەتی خۆخۆری‌و ناتەبایی بگۆڕین بە یەکگرتویی‌، هەستی خۆبەکەمزانی لە بەرامبەر بێگانە بگۆڕین بە سەربەرزی‌و شانازیکردن بە کوردبونمان، بێباکی‌و گوێنەدان بگۆڕین بە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی، ترس‌و دڵەراوکێ بگۆڕین بە ئازایەتی‌و بڕوابەخۆبو‌ن‌، دودڵی‌و نائومێدی بگۆڕین بە هیوای سەرفرازی‌و شکست‌و کارەساتەکانیشمان بگۆڕین بە سەرکەوتن‌.

22/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر