دوای جەنگی کۆڕۆنا، چیبکەین؟

دلێر محەمەد

رۆڤایەتی لە مێژووی خۆیدا دەیان جار تووشی کارەساتی سروشتی و پەتای کوشندە و جەنگی وێرانکەر بووە. بەڵام کەم جار ئەو کارەسات و پەتا و جەنگانە سەرتاسەری جیهان یان زۆربەی وڵاتانی گرتۆتەوە.

 
ئاشکرایە کاتێک پەتا، کارەسات یان جەنگ سیفەتی لۆکاڵی لە دەست دەدات و دەبێتە جیهانی یان نێونەتەوەیی کە سنوری یەک وڵات و دوو وڵات و زیاتر تێپەڕێنێ وکیشوەر و زەریاکان ببرێت. ئەگەر سەیری جەنگی کەنداو یەک بکەین وەک نموونەیەکی نزیک لە خۆمان دەبینین ڕاستەوخۆ جەنگی نێوان ئێران و عێراق بوو. سنوری هیچ وڵات و کیشوەرێکی دیکەی نەبڕی. بەڵام گەر بگەڕێنەوە بۆ جەنگی جیهانی یەکەم دەبینین نزیکەی ٢٠ وڵات ڕاستەو خۆ تیا بەشدار بووە و مەیدانی جەنگەکە زیاد لە کیشوەرێکی گرتەوە و زیاد لە ٧٠ ملیون سەرباز بەشداری تێدا کرد و نزیکەی ١٠ ملیۆن گوژراو زەرەری دا.  هەر لە ئاکامی ئەم جەنگە پەتای ئەنفلەوەنزای ئیسپانی بڵاوبووەوە کە ئەویش سیفەتێکی جیهانی وەرگرت بەوەی زیاد لە ٥٠ ملیۆن کەس بە هۆی تووشبوون بەم پەتایەوە لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لە دەست دا. 

 
یەکێ لەو پەتا بەناوبانگانەی کە لە سەدەی چواردە بە ئەوروپادا بڵاوبووەوە نەخۆشی تاعون بوو کە بە مەرگی ڕەشیش ناوی دەرکردبوو، کە بووە هۆی لە ناوبردنی نزیکەی ٣٠% دانیشتووانی ئەوروپا. کە وەها پەتایەکیش ئەشێ سیفەتی بە جیهانی بوون وەربگرێت.

 
کۆڕۆنا بۆ خۆی هەم پەتایەکی جیهانی هەم جەنگ و ململانێیەکە کە یەخەی مرۆڤایەتی گرتووە. ئێستا تەواوی دانیشتووانی ئەستێرەی زەوی و وڵاتان و سەرکردە سیاسی و رێکخراوە جیهانییەکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

 
کۆڕۆنا ئەم دوژمنە تازەیەی مرۆڤایەتی ئەگەر چی تەنها ڤایرۆسێکیشە بەڵام هیچ جەنگ و هیچ پەتایەک هێندەی کۆڕۆنا نەبۆتە هۆکاری پەکخستنی چالاکی سیاسی و ئابوری و کولتوری و کۆمەڵایەتی لەسەرانسەری جیهان.

 
جەنگی مرۆڤایەتی دژی کۆڕۆنا جیاواز لە هەموو جەنگەکانی دیکە هەموو مرۆڤایەتی خستۆتە بەرەیەک و خۆی لە بەرەکەی دیکەدایە. کارێکیشی کردووە کە کە جگە لە پەکخستنی چالاکی جۆراوجۆری مرۆڤەکان ململانێ و کێشمەکێشە سیاسیەکانیشی خستۆتە باری مت بوونەو، کە ڕەنگە تا ئێستا وا ڕێک نەکەوتبێ وەک ئەوەی لە دووهەفتەی پێشوو هیچ هەواڵێکی گەرمی سیاسی و سەربازی گەورەمان نەبینی بێت لە شریتی هەواڵەکاندا، جگە لە پەلاماردانەکەی تاجی و کاردانەوەکەی ئەمریکا دژی حزب اللە لە عێراق لە لایەک و هاش و هوشەکانی ئەردۆگان لە تورکیا و سوریادا لە لایەکی دیکەدا کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بێباکی و نا ڕۆشنبیری هەڵگیسێنەران و بکەرانی ئەو ڕووداوانە دەردەخەن لە مەڕ مەترسی ئەم پەتایە.

 
لێرە لە وڵاتی نەرویج وەکو زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بڕیاری داخستن کەرتی پەروەردە و خوێندن درا کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا کار لە پەکخستنی تەواوی کەرتەکانی دیکە دەکات. لە گەڵ ئەوەشدا وەک سەرۆک وەزیرانی نەرویج ئارنە سولبێرگ لە وەڵامی کاریگەری ئەم هەنگاوانە لە سنوردار کردنی تووشبوون بە کۆڕۆنا وتی ئەکەوێتە سەر ئەوەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و دونیا چۆن ڕووبەڕووی ئەم پەتایە دەبنەوە. ئەم وتەیە هیچمان پێ نەڵێت ئەوەمان پێ دەڵێت کە لە ناوبردن یان سنوردار کردنی ئەم ڤایرۆسە لە هەر وڵات و جێگەیەک کاریگەری ئەرێنی بۆ سەر تەواوی دونیا هەیە. لێرەشەوە هاوکاری و هەمئاهەنگی جیهانی بەدەر لە ناکۆکی و ململانێ سیاسی و ئابورییەکان بووە بە پێویستی و ئەرک. هەر ئەمەشە کەوا دەکات هەواڵی سەرکەوتنی چین یان کۆریا بە سەر کۆڕۆنادا یان هەر نەبێت سنووردار کردنی کاریگەریەکانی وەکو هەواڵێکی مژدە بەخشی لێ دێت بۆ تەواوی دونیا.

 
بەر لە کۆڕۆنا ئەگەر وڵاتێک ئاسمان و سنور و دەریای خۆی بە ڕووی وڵاتانی دیکە داخستایە ئاریشەی سیاسی گەورەی لێ دەکەوتەوە کەچی لە ئێستادا زۆر بە سانایی و تێگەیشتنەوە وەردەگیرێت. هەموو ئەمانەی لە سەرەوە باسمان کرد بە هۆی کاریگەری گلۆبالیزمەوە هاتوونەتە ئاراوە. گلۆبالیزم چۆن دونیای بۆ کردووین بە گوند بۆ گۆڕینەوەی زانیاری و کار و کاریگەرییەکانی ئاوهاش لە جەنگی دژ بە کۆڕۆناش خەریکە هەموو تواناکانیش یەک دەخات. 

 
ماوەتەوە بڵێم کە هەندێ رێکەوت و بەروار هەن لە مێژوودا کە دونیا دوو لەت یان دوو بەرە و سێ بەرەی دژ بە یەک دەخەن. بەڵام بەروار و ڕێکەوتی دەرکەوتنی کۆڕۆنا دونیای تەواو یەکخست. دڵنیاشم ئەگەر جیهان کۆڕۆناش لە ناو ببات کۆڕۆنا بۆ خۆی سەرەتای بیرۆکە و تیۆرییەکی هێنایە ئاراوە کە بە کردار نیشانی داین کە جیهان بەدەر لە هەموو جیاوازییەکان وەکو یەک جەستەی لێ هاتووە دەرد و پەتا لە کوێی بدات کاریگەری بۆ هەموو بەشەکانی تری ئەم جەستەیە دەبێت. بۆیە دەشێ مرۆڤایەتی دوای کۆڕۆنا تا سەدەیەکیش قسەی خۆی هەبێت و لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکات.



15/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر