پارتی لە خۆپیشاندان و لە کامێراش ئەترسێت!

دلێر محەمەد

بە دوکومێنت کردن یان بەڵگەدار کردن (التوپیقdocumentation) کە (زانستی زانیاری)یشی پێ دەوترێ. زانستێکە بۆ یەکەم جار هەردوو پرۆفیسۆر و پارێزەری بەلژیکی (پاوڵ ماریا ئۆتلێت ١٨٦٨-١٩٤٤) و هێنری لا فۆنتاین (١٨٥٤-١٩٤٣) وەک زانست ناساندیان و بنەماکانیان بۆ دانا و پایەکانیان دیاری کرد. هەر بە هۆی کارە زۆر و زەوەندەکانیان لە بواری کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەنامەی وێنەیی و دەنگی و ڤیدیۆیی لە بارەی زۆر کەیسی مێژوویی و چینایەتی و...هتد پلە و پایەی گرنگی بەخشییە ئەم دوو سوارچاکەی ئەم مەیدانە. هەر بەو پێیەی کاری بە بەڵگە کردن، کەیس و کێشەکان دەگەیێننە بەرچاو و لە ئەنجامیشدا کەیسەکان کاریگەری گەورەتر دادەنێن و هەنگاوەکانی چارەسەر و لەکۆتایی هێنانیان خێراتر ئەکەن. هەر بە هۆی گرنگی ئەم کارانەوە بوو کە هێنری لا فۆنتاین خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ١٩١٣ ی پێ بەخشرا.

ئەگەر ئێمە بێین بە چاوی پارێزەرێک و لە ڕووی یاساییەوە، دۆکومێنتکاری بۆ هەر ڕووداو و کارەسات و شۆڕش و خۆپیشاندانی جەماوەری بکەین یان بە مانایەکی دیکە بەڵگەداری بکەین ئەوا زۆر ڕێگە و کەرەستە هەیە کە پشتی پێ ببەستین. هەر لە وتەی شایەتحاڵەوە تا دەگاتە وێنە و ڤیدیۆ و تۆماری دەنگی و ...هتد. لە پێناو ئەوەیش کە درێژە بەم لایەنەی باسەکە نەدەین کە ڕاژەی ئێمە نیە و بەڵام ئەوە ڕوونکردنەوەیەکی بەڵگەنەویست بوو و مەبەست لێی تەنها بۆ نزیک خستنەوە بوو لە بابەتە سەرەکییەکە کە بۆچی کامێرا هەمیشە بە ئامانج گیراوە لە خۆپیشاندانەکاندا. 

وەک دەبینین ساڵانێکە بەهۆی نادادپەری و گەندەڵی و ئابڕووچوونە ئابوری و سیاسییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم، خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەری، ناوە ناوە و بە بەردەوامی لە گۆڕەپانە گشتییەکان و بە تایبەتی لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و چەند جارێکیش بەوەی ئەم دواییەی شاری دهۆکیشەوە، لە ژێر دەسەڵاتی پارتیش ڕوویان داوە. ئەوەی جێگەی سەرنج و داخیشە زۆربەی ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانە بە تایبەتی ئەوانەی لە دژی خودی دەسەڵات ئەنجام دراون بە ئاشوب نانەوە و کوشت و بڕ و گرتن کۆتاییان هاتووە جگە لەوانەیان نەبێت کە بۆ کەیسە گشتییەکان ئەنجام دراون یان ئەوانەی دەسەڵات خۆی لە پشتیانەوە بووە.

ئەگەر چی ناتوانین ئەو هۆکارانە نادیدە بگرین کە وای کردووە لە زۆنی یەکێتی ئاسان تر و بڕێکی زیاتریش ئازادانەتر خۆپیشاندان رێک بخرێت، کە پەیوەندییان بە عەقلییەتی دەسەڵاتی ئەو ناوچانەی یەکێتییەوە هەیە و ئەو زەوییە بە پیتەی دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە بۆ مەودای ئازادییەکان بەر لە تێوەگلانی بە دەردە سیاسی و ئابورییەکان لەم زۆنەدا ڕەخساندبووی و نەوەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرا کە هۆکارەکانی خۆپیشاندان لە زۆنەکەی پارتیدا نەبێت. دواجار خۆپیشاندانی شێلادزێ و هەولێر و دهۆکی ئەم دواییەش ئەو وتەیەی سەرەوە ئەسەلمێنێت.

دیاردەیەکی دیکەی سەیریش ئەوەیە کە زۆربەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە سەرانسەری هەرێم دژ بە دەسەڵاتە بە گشتی و دژ بە پارتییە بە تایبەتی، کە سیمای ئەمە تەنانەت بە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی بەردەرگی سەرای سلێمانیشەوە دیاربوو.

هەڵبەتە ئەم بەنجەی تۆمەت ڕاکێشانەی جەماوەر بۆ پارتی لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆرخکاری پارتی لە هەموو جومگە هەستیارەکانی دەسەڵات و وە بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ. هەرچەندە یەکێتی بەشداری سەرەکی پارتی و گۆرانیش بەم ساڵانەی دوایی بەشی خۆی لەو کێکی دەسەڵاتە هەبووە، بەڵام دواجار پارتی بڕیاردەری تاک و تەنیایی سیاسەتی دەرەوە و ناوەوە و داهات و ئابوری بووە و ئەوانی تر بەشداربوون نەک بڕیاردەر. 

هەر لە بەر ئەم هۆکارانەی سەرەوە، دەبینین کە پارتی هەم تۆمەتباری سەرەکی و هەم دوژمنی سەرەکی خۆپیشاندان و ناڕەزایی و تەنانەت کامێراش بووە. ئەوەی بۆشی کرابێت لە ڕێگری کردن لە ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن و خۆپیشاندان درێخی نەکردووە. بۆ ئەم ڕێگرییانەش هەموو ڕێگە و شێوازێکی گرتۆتە بەر لە وێنەی ئەوەی هەمیشە چاودێرێکی بەردەوامی کۆمەڵگا بووە لە سنوری دەسەڵاتی خۆی، پەستانی بەردەوامی ئەمنی و سەربازی توندی هەبووە بە سەر تاک بە تاکی خەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆی. بەرتەسک کردنەوەی جموجۆڵی جەماوەری و ئازادییەکانی لە ڕێگەی زۆرینەی پارلەمانی و کاریگەری نێگەتیڤ دانان لە سەر یاساکانی خۆپیشاندان و ئازادی ڕۆژنامەگەری. ئەمانە و جگە لە لێشاوێک دەزگا و سایتی چەواشەکار بۆ دروست کردنی ئاراستە و ڕای زاڵ و چەواشە لە فەزای گشتیدا.

پارتی هەمیشە گرەوی لە سەر دوو شت دەکرد کە هەم لە ژێر دەسەڵاتی خۆی خۆپیشاندان ڕوو نادەن، وە هەم ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی ڕوو دەدەن ئاراستەکراو و دەستی لە پشتە دژ بە ئەزموونی سەرکەوتووی پارتی. بەمەش هەم جەماوەری ژێر دەسەڵاتی خۆی پەست دەکرد بەوەی کە ئەوانیش بێ کێشە نین بەڵکو ئەرزییەتی خۆپیشاندانیان وەکو لاکەی تری هەرێم بۆ فەراهەم نەکراوە، وە هەم ناڕازییەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیشی پەست دەکرد بەوەی ئەمان خۆپیشاندەری خۆرسکن و دوورن لە کاریگەری حزبەکانی دیکە و پارتی بە هۆکاری سەرەکی ئەزانن و ئەو بڕە گەندەڵییەی بەر یەکێتی و ئەوانی دیکە دەکەون دیسان پاڵنەر و هاندەرەکانی پارتییە.
ئاشکرایە میدیاکاران و رۆژنامەنووسان لە ڕێگەی کامێراکانی سەر شان و بەر دەستیان وە هەمیشە پێ بە پێی خۆپیشاندانەکان بوونیان هەبووە. وە هەمیشە لە لایەن هێزە ئەمینییەکانەوە بەر لە خۆپیشاندەران، ئەمانیش بە ئامانج گیراون. 

دەسەڵاتێک ئەگەر گومانێکی گەورەی لە خۆی نەبێت و خۆپیشاندان بە کارێکی ئاسایی بزانێت، گوێ بە کامێرا و کاری میدیایی نادات لە گواستنەوە و بە بەڵگەکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایی. بگرە ئەگەر دەسەڵات نەکەوتبێتە نێو زەلکاوی گەندەڵی و مایەپووچی و ستەمکارییەوە ئەرکی سەرشانێتی بە لایەنی کەم پێشوازی لە خۆپیشاندەران بکات و گوێ بۆ داخوازییەکانیان بگرێ و هەوڵی جێ بە جێ کردنیان بدات. نەک گرتن و لێدان و بە کافر کردن و تۆمەت بە سەرا بەخشینەوەیان.
ئەوەی سەیرە تا ئێستا پارتی بە هەرچ نرخێک بێت هەوڵی قەناعەت پێکردن دەدات بە لایەنگر و دۆست و ئەندامانی خۆی ( چونکە دەستی لەوانەی دەرەوەی خۆی ششتووە) کە ئەوەی لە دهۆک ڕووی دا دەستی حزبەکانی دیکە و دەرەوەی لە پشتە دەنا ڕەوا نییە خۆپیشاندان دژی پارتی ئەنجام بدرێت. تاریکاندنی زانیاری یەکێکی دیکەیە لەو شێوازانەی پارتی هەمیشە پیادەی کردووە بۆ ئەوەی لایەنگر و ئەندامانی خۆی چاویان بە هیچ ڕاستییەکی نەکەوێت. پارتی بۆ هەر کۆبوونەوە و خۆپیشاندانێک کە لە سنوری دەسەڵاتی ڕوودەدەن، جگە لە گەمارۆدانی بە هێزی بێ شوماری ئەمنی و پۆلیس، بە لێشاو خەڵکی خۆیشی دەخزێنێتە نێو خۆپیشاندەران و هێزێکی تایبەتیش بۆ کۆکردنەوەی کامێرای میدیا کاران و مۆبایلی خۆپیشاندەران تەرخان دەکات. بۆ هێزێکی وەکو پارتی هیچ گرنگ نیە بە چ شێوازێک، بەڵکو گرنگ ئەوەیە هەرچی کەرەستەی بە دۆکومێنت کردن هەیە دەستی بە سەرا بگرێت. چونکە بە لە ناوبردنی ئەو بەڵگانە ئیتر کاری هۆنینەوەی حیکایەتەکانی دەسەڵات و تۆمەت داتاشین ئاسان ئەبێت بۆ ڕەعیەتی حزب، دەنا پارتی دەمێکە لەوە بۆتەوە کە کەسێک لە دەرەوەی خودی پارتی خۆی باوەڕی بەم حیکایەتە سواوانە مابێت. لەمەوە تێدەگەین هێندەی خودی خۆپیشاندانەکە و زیاتریش دەستبەسەرداگرتنی کامێراکان و بەڵگەکان گرنگترە. چونکە پارتی دەمێکە هێزی ڕووبەڕوو قسەکردنی جەماوەری پێ نەماوە و لە جێی ئەوە خەریکی تاریکاندن و لە ناوبردنی زانیاری و شێواندنی ڕاستییەکانە. ئەگەر ئەمانە ڕاستی نەبن، چۆنە لە خۆپیشاندان کەی دهۆک جگە لە چەند وێنە و بەڵگەیەکی کەم نەبێت هیچ شتێکمان بە دەست نەگەیشت لەم دونیای پڕ لە کەرەستەی تەکنەلۆژی بەبەڵگەکردنی ڕووداوەکان کە لە بەردەستن. چونکە ئەوەی هەیە و لە بەر دەستە وتەی شایەتحاڵە و وتەش بە وتە چەواشە دەکرێت بەڵام وێنە و ڤیدیۆکانی ڕووداوەکە گرنگن کە لە نێو دەزگا ئەمینییەکان بوون بە عەدەم و سڕانەوە

 

24/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر