یەکەمەکانی پۆلی دوانزە و شێوازی مامەڵەکردن لە گەڵیاندا؟

جیهاد موحەمەد
لە هەموو سیستمە مۆدێرن و پێشکەوتوو و سەردەمییەکاندا، خەڵاتکردن بە ناوی زیرەکیی فێرخوازە یەکەمەکانەوە کارێکی نا پەروەردەییە.

خەڵاتکردن، ئەبێت باناوی ئەوەوە بدرێت بە فێرخواز، کە کارێکی باشی کردووە، یان هەوڵێکی زۆری داوە. 

زیرەکیی و تەمەڵیی، لە پەروەردەی مۆدێرندا نییە، چونکە پەروەردەناسان و زانایان و فەیلەسوفەکانی پەروەردە، هەروەها دەروونناسان (سایکۆلۆجیست)ەکان، پێیانوایە کە هەموو فێرخوازێک توانای تایبەتی خۆی هەیە. زۆر ئاسایی و سروشتییە کە توانای فێرخوازێک لە توانای فێرخوازێکی تر زیاتر بێت. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەوی توانای کەمترە هیچ نەزانە، یان شایستەی سوپاسگوزاریی نییە. ڕەنگە پێچەوانەکەی ڕاست بێت، لەسەر ئەو بنەمایەیی، کە ئەوانەی توانایان کەمترە ناچارن زیاتر خۆیان ماندوو بکەن، ئەوانەی توانای مێشکیان زیاترە کەمتر پێویستیان بە خۆماندوکردن هەیە. 

ئەگەر ورد بیربکەینەوە، سروشت بە گشتی، هەروەها سروشتی مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش جیاوازیان زۆرە.

لە ناوچەیەک باران زۆر دەبارێت لە ناوچەیەک کەمتر. 

ئاژەڵێک لەویتر بەهێزتره
باڵندەیەک لەویتر بەتواناترە لە فڕیندا
مرۆڤێک لەویتر بەتواناترە
ژیان بەم جیاوازییانەوە جوانە و لەسەر بنەمای ئەم جیاوازیانە پێک هاتووە و ماوەتەوە.

مرۆڤایەتی بەتەنها لەسەر دەستی مرۆڤە زیرەک و بەتواناکاندا پەرەی نەسەندووە، چەند مرۆڤە زیرەک و بەتواناکان کاریگەرییان هەبووە لە پێشکەوتنی ژیاندا، زۆر لەوە زیاتر کەمتواناکان کاریگەرییان هەبووە. 

ئەگەر ورد بیربکەینەوە، ڕەنگی سپی کاتێک دەردەکەوێت کە ڕەنگی ڕەش هەیە، ئەگەر ڕەنگی ڕەش نەبوایه کەس ڕەنگی سپی نەدەناسی.

لە پەروەردە دواکەوتووەکاندا نەبێت، ناوی فێرخوازی زیرک و نازیرەک نابرێت، ئەوە جیاکاری دروستکردنە.

ئەگەر لۆژیکانە بیربکەینەوە، ئەو فێرخوازەی نمرەکەی هەشتایە ڕەنگە زۆر بەتواناتر بێت لەو فێرخوازەی نمرەکەی لەسەروو نەوت و نۆوەیە. 

لە پەروەردەی پێشکەوتوودا پێش ئەوەی نمرە حسابی بۆ بکرێت هەڵسەنگاندن حسابی بۆ دەکرێت.

ئایینی ئیسلام، دەڵێت لە تاعەتکردندا نەبێت جیاوازی نییە، کەچی بانگحوازێک خەڵاتی فێرخوازە یەکەمەکان دەکات و لەسەر خەرجی خۆی یان حیزبەکەی دەیاننێرێت بۆ عەمرە، ئەمە بازرگانییکردن نەبێت هیچی تر نییە. 
حاجی کاروان دەبوو بە ناوی خۆیەوە یان حیزبەکەیەوە سوپاسی هەوڵ و تێکۆشانی هەموو فێرحوازەکانی کوردستانی بکردایه بێ جیاوازیکردن.

من بۆ خۆم وەک هاوڵاتیەک، وەک تێگەیشتنم لە مرۆڤسازیی و پەروەردەسازیی، سوپاسی یەکبەیەکی هەر سەت و حەوت هەزار فێرخوازەکە دەکەم بە بێ جیاوازی، سوپاسی ئەو فێرحوازانەش دەکەم کە بە داخەوە بە ناحەق قبوڵنەکراون بچنە تاقیکردنەوەی وەزارییەوە. ئەم پێوەری نمرەیه خراپترین پێوەرە. 

لە پەروەردە و خوێندنی پێشکەوتوودا هەموو فێرخوازن قبوڵدەکرێن بۆ تاقیکردنەوەکان، هیچ فێرخوازێک پێیناوترێت تۆتەمەڵییت و وەرنەگیراوری بۆ تاقیکردنەوەکان. 

کەوتن و گەڕانەوە تەنها لە کۆڵێژەکاندا هەیه.
ئەی هاوار ئەم هەموو ناکۆکیی و پێکدادانی بڕیارانە چییە؟

بەپێوەری مەدەنیەت، بە پێوەری یاسایی، بە پێوەری ئایینیی(هەموو ئایینەکان)، تا تەمەنی هەژدەساڵ بە منداڵ دادەنرێت، پەروەردەی پێشکەوتوو بە هیچ جۆرێک قبوڵی نییە، منداڵ بشکێنرێتەوە و پێی بوترێت تۆ تەمەڵیت، تۆ زیرەکیت، تۆ شایستەی ئەوە نییت بچیتە زانکۆ. بەڵام لە زانکۆدا فێرخواز لە تەمەنی منداڵی دەردەچێت و خۆی بەرپرسیارە لە ڕەفتار و کرداری خۆی.

29/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر