هەرێم لەبەردەم هەڵبژاردنێكی دیكەی ساختەدا

سەرتپ جەوهەر
.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق بڕیاریدا هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەڕێی ئامێری پەنجەمۆرەوە بكرێت هەروەك ژماردنی دەنگەكانیش هەر لەڕێی ئامێری ئەلیكترۆنییەوە بێت، بەبێ‌ ژماردنەوەی بەدەست، ئەمەش گومانی دەستوەردانی هەڵبژاردن زیاتر دەكات.
پێدەچێت ئەم بڕیارەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق پلانێكی پێشوەختەی ئێرانە بێت بۆ دەستوەردان لەهەڵبژاردنەكانی كوردستان، هەروەك چۆن لەهەڵبژاردنی 2018 بەهۆی ئەوەی ژماردنی دەنگەكان تەنها لەڕێی ئامێری ئەلیكترۆنیەوە بوو دەستوەردانێكی گەورە لەهەموو عیراق كرا.
ئەم بڕیارەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بڕیارێكی ناقانونییە، چونكە لەهەڵبژاردنی 2021 هەوڵێك هەبوو ژماردنی دەنگەكان تەنها لەڕێی ئامێرەوە بێت، بەڵام دادگای فیدراڵ بڕیاریدا ژماردنی دەنگەكان لەڕێی ئامێری ئەلیكترۆنی و بەدەست بێت، دواتر هەردوو ئەنجامی ئامێرەكان و بەدەست ژماردنەكان بەراورد بكرێن.
پێویستە لەسەر هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان خێرا بجوڵێن بۆ دروستكردنی فشار لەسەر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق و تۆماركردنی سكاڵا لە دادگای فیدراڵ سەبارەت بەم پرسە هەستیارە. تاوەكو هەڵبژاردنەكانی هەرێمیش هاوشێوەی هەڵبژاردنی 2021ی عیراق ژماردنی دەنگەكان لەڕێی ئامێرو بەدەست بێت. هەرچەندە ئێستا دادگای فیدراڵ لەژێر كاریگەری سیاسەت و ئەجێندای ئێرانەو لەماوەی دوو ساڵی رابردوو لەچوارچێوەی ئەجێندای ئێران چەندین بڕیاری دەركردووە. 
ئەوەی گرنگە بیزانین، ئەگەر مەبەستی كۆمسیۆن دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن نەبێت لەڕێی داتا سەنتەرەوە، خێرە بۆ پەرلەمانی عیراق ژماردنی دەنگی سندوقەكان بەئامێرو بەدەست ژماردنە، كەچی بۆ هەرێم بڕیاردەدات تەنها بە ئامێر بێت؟!

ئەم بڕیارەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق نەگۆڕدرێت ئەوا بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنی كوردستان وەك هەڵبژاردنەكانی دیكەی رابردوو ئەنجامەكەی ساختە دەبێت و ئەنجامەكانی بەئامادەكراوی دەخرێتە ئامێرەكانەوە، هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنی 2018 دەستكاری داتاكان كرا لەبەرژەوەندی ئەو لایەنانەی لەئێران نزیك بوون، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021 كە ژماردنی دەنگەكان بەئامێرو بەدەست بوو، ساختەكردنی دەنگ لەهەموو عیراق بەڕێژەیەكی ئێجگار زۆر كەمبویەوە، هەر بۆ زانیاریی پارتی و یەكێتیی لەو هەڵبژاردندا رێژەی دەنگەكانیان بەسەدان هەزار كەمیكرد.
گرفتی گەورە ئەوەیە ئێران دەستی خستۆتە ناو هەناوی عیراق، دەستیگرتووە بەسەر جومگە هەرە هەستیارەكانی گۆڕینی رێڕەوی سیاسەت و ژیان لەعیراق، مەترسیدارترینیان هەژموونی ئێران بەسەر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دادگای فیدراڵ و دامەزراوە ئەمنییە هەرە هەستیارەكان. دەتوانین بڵێین ئێستا عیراق بووە بە (دیل و دەستبەرسەركراو)ی سیاسەتەكانی ئێران. لەكوردستانیش دەیەوێت لەڕێی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن باڵانسی هێزو رێڕەوی باری سیاسی بگۆرێت. ئەم هەنگاوەی كۆمسیۆنیش بەشێكە لەپلانی پێشوەختە بۆ ئەوەی بتوانێت هەژموونی خۆی زیاتر بكات.
هێشتا پێنج مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لەكۆتایی شوباتی 2024 بكرێت.

23/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر