مافیا..كۆڕۆنا مەترسیدارەكەی كوردستان

ئیسماعیل ئیبراهیم

بوونی هەر پەتا و نەخۆشییەك لە هەر وڵاتێك كاتییە و چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە، دەشێ تا دۆزینەوە دژە ڤایرۆس یا پەتاكە هەندێك قوربانی مرۆیی لێ بكەوێتەوە، دواجار رێگە لە تەشەنە سەندنی دەگیرێت، ئەوەی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا و هاوشێوەكانی زۆر مەترسیدارترە و لە دوای راپەڕینەوە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە بوونی ئەو هەموو مافیا جۆراوجۆرانەیە كە بەر بوونەتە گیانی نیشتمان و هاووڵاتییان و بە ئارەزووی خۆیان هەم خەڵك و هەم كیانی سیاسی دەكەنە قوربانی بەرژەوەندییەكانیان.

دەمێكە لە كەناڵەكانی راگەیاندن و رێگەی تایبەت و بۆنەكانەوە مەترسی گەشەسەندنی دیاردەی مافیامان لە كوردستان بە گوێی بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە چركاندووە، دیاردەیەك لە هەموو بوارەكانی دیكەوە مەترسیدارترە، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێكی سیاسی بە جددی و بە شێوەیەكی مەیدانی كاری لە سەر نەهێشتنی ئەم ڤایرۆسە كوشندەیە نەكردووە.

مافیاكانی كوردستان، جگە لەوەی مەترسین بۆ سەر كیانی سیاسی كوردستان و ئاسایشی نیشتمانی لە هەمانكاتیشدا هۆكاری سەرەكین بۆ گەشە نەكردنی وڵات و زڕاندنی ناوبانگی كوردستان لە ناوەندە نێو دەوڵەتییەكان.

ئێستا وای لێهاتووە مافیاكان ئەوەندە بەهێزن كە رووچوونەتە ناو هەموو دامەزراوەیەكی حكومی و حزبی، بە جۆرێك وەك گرووپیان لێهاتووەو بۆ بەرژەوەندییەكانیان كاریگەرییان لەسەر كۆنگرەی حزب و هەڵبژاردنی وڵات و پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت و دانانی یاسا هەیە.

بۆیە گرنگە حكومەت كاری جددی لەسەر نەهێشتنی ئەو مافیانە بكات، بۆ ئەمەش پێویستە حزبەكانی پێكهێنەری كابینەكە پشتی حكومەت بگرن، بە تایبەتی پارتی و یەكێتی، لەبەر ئەوەی تەواوی ئەو مافیایانەی ئێستا لە كوردستان هەن، لە سایە و بە پشت بەستنی ئەم دوو حزبەوە درووست بوونە، هەندێك لە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و پلەداری باڵای سەربازی و كەسە نزیكەكانی بڕیار بەدەستانی ئەم دوو حزبە بوونەتە سێبەر و پشت و پەنای ئەو مافیایانە، سەرەتا ئەو توێژەی ناوم هێنان هەڵساوون بە درووستكردنی تۆڕی مافیایی، بۆ سەلماندنی ئەم بابەتەش ئەوەندە بەڵگە هەن كە پێویست بە دوو دڵی ناكات، ئەگەر ئێستا تەنها هاووڵاتی سادەی شەقام زیانمەندی یەكەمی بوونی ئەو مافیانە بێت، بەڵام لە دوور مەودا گورزە قوورسەكە بەر ئەم دوو حزبە دەكەوێت.

ئەگەر لە هەندێك وڵات كاری مافیاكان تەنها لە چەند بواریكەوە بێت، بەڵام لە كوردستان تەواوی بوارەكانی گرتۆتەوە، مافیاكانی كوردستان سەرەتا وەك خاوەن كۆمپانیا دەركەوتن، بەڵام دواجار بوونە مافیای هێنانی داودەرمانی ئیكسپایر، ماددەی هۆشبەر، خواردنی ناتەندروست، كەل و پەلی كواڵێتی نزم، نەفت و غاز و گاز، زەوی و زار، مافیای ئەنجامدانی پڕۆژە نائەندازەییەكان، ئیتر هیچ كونج و كەلەبەر و بوار و جومگەی ئەم وڵاتە نەماوە دەستی مافیاكانی پێ رانەگەیشتبێت.

وای لێهاتووە حەزی بە مافیا بوون شۆڕبۆتە ناو بەڕێوەبەری دامەزراوە حكومی و ناحكومییەكانیش، هەندێك لە بەڕێوەبەرانی حكومەت ئەوەندەی كورسی بە موڵكی خۆیان و باو باپیریان و منداڵ و نەوەی داهاتوویان دەزانن بە ئەركێكی حكومی نازانن، هەندێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش بەهەمانشێوە رێكخراوەكە بە موڵكی كەسی خۆیان دەزانن بۆ پەیداكردنی سەرمایە، ئەمەش وایكردووە كۆمەڵگەی بەسەر گرووپی پاوانخواز دابەشكردووە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی پێشنەكەوتنی وڵات بە هەموو جومگەكانی و بە مەدەنی نەبوونی هاووڵاتی بۆ ئەم مافیا بچووك تا گەورانە دەگەرێتەوە.

لەمبارەوە مەترسییەك بەرۆكی گرتووین كە وەك تۆقێكی خنكێنەری لێهاتووە و تا خۆمان و وڵاتی لێ رزگار نەكەین نابێ چاوەڕێ پێشكەوتنی سەردەمیانە بین، ئەمەش باجی ناوێت تەنها  بوێری دەوێت كە پێویستە یەكێتی و پارتی ئەو بوێرییە بدەنە حكومەت. 

 

10/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر