لە روانگەی چینایەتیەوە، پرساندن لە ویژداندا

عوسمان زیندانی

سەرۆکی پەرلەمان لەسەر بنەمای (۸۱ دەنگ)ی (زەرد و سەوز و مۆر) وتی پرساندنی حکومەت کۆتاییھات، لەکاتێکدا حکومەت غائب بوو بەبێ ھۆی شەرعی.

بەڵام با سەرۆکی پەرلەمان و جێگر و سکرتێرەکە و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری داراییەکەی بزانن، پرسی پرساندن و وەرگرتنەوەی متمانە بەحکومەت و دەسەڵاتەکەتان ھەر ماوە، لای جەماوەر و لە شەقام پرساندن ھەموو رۆژێکە و بووەتە ووێردی سەر زمانمان متمانەنەبوون پێتان، پێش ئەوەی پرسێکی یاسایی بێت پرسێکی گرنگی ناو ژیانی سیاسی رۆژگارە پرسی ناخی دایک و باوکی شەھیدانە.

پرساندن و بێ متمانەیی لە ویژدانی سەدان ھەزار موچەخۆر و خانەنشینکراوی مافخوراودایە، بڕوانەبوون پێتان لەناو ناخی ھەزاران خاوەن پێداویستی تایبەتدایە کە موچەیەکی زۆر کەمتان دەدانێ و ئێستا لێتان بڕیوون، لێپرسینەوەلێتان پێش ئەوەی لەناو ھۆڵی پەرلەمان بێت لە ناو دڵی ھەزاران پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی و کەسوکاری ئەنفالکراوەکاندایە، پرساندن لەناو بیرکردنەوەی ھەزاران دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان و لاوانی دانەمەزراو بێکاردایە، قوڕ بەسەرتان بەدەیان ھەزار کرێکاری رەنج دزرا و ھەرڕۆژێ بێت یەکجار و بۆ دواجار پرساندنتان لەگەڵ دەکات ئەویش ـ بەھێنانە دەرەوەتان لەناو تەلاری بەغەدر و درۆھەڵچنراوی دەسەڵاتان و ئاڵوگۆڕپێکردنتان، ئێوە نازانن ئاڵوگۆڕی پرۆسەی سیاسی تەنھا کارێکی ناکردەی ناو ھۆڵێکی (۹۲کەسی) نیە ھەمیشە زۆردارەکان لەناوسەنگەری خەباتی ڕۆژانەی خەڵک و لەناو شەپۆلی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دەستوپێوەند کراون و لەسەر عەرشی زاڵمانە ھێنراونەتە خوارەوە.

کەمێ لەمێژوو ڕامێنن، تەماشای پەیکەری داڕوخاوی دیکتاتۆرەکانی دەوروبەرتان بکەن . سەیری تابلوی بەخوێن نەخشێنراوی ئەو ھەموو قوربانیەی گەل بکەن لەکاتی شۆڕش و ڕاپەرین لەکاتی خۆڕاگری ناو زیندان لەئاوارەیی لە قبوڵکردنی ھەژاری و نەھامەتی و بەرەنگاری تیرۆریستان و بەشداریکردن لەپرۆسەی سیاسی .

 

یەک تۆز بیر لەبەڵێنەکانی کاتی ھەڵبژاردن و قسە باقوبریقەدارەکانی (سەرۆک و ھاوسەرۆک و ڕێکخەری گشتی)تان بکەن ھێشتا ئێوە بێ منەتن و ئازادیەکان پێشێل دەکەن، فەزای گشتی بەرتەسک دەکەنەوە و لە ململانێی دیموکراتیدا، سەرباری ئەوەش نانی خەڵک دەبڕن و موچە نادەن بەخەڵک پاشان دێن و رسومات و باج دەقات لەسەر کاسبکار زیاد دەکەن و خزمەتگوزاری (ئاو و کارەبا و خوێندن و تەندروستی) کەمدەکەنەوە تا ئاستی نەمان وھەڕاجی دەکەن بۆ کۆمپانیاکانتان و بارگرانی دەخەنە سەرشانی خەڵک.

 

ئەم سیاسەتی بەسەرمایەداریکردنەی ژیان و حکومڕانی جگە (لەکەڵەکەکردنی زەحمەت لەسەرشانی ھەژاران و موچەخۆران ھیچی تری لێ بەرھەم نایەت) ئەم بڕیار و سیاسەتانە چەوسانەوەیەکی بێ ڕەحمانەی چینایەتیە و لەڕوانگەی ململانێی چینایەتیەوە (ھەموو کەڵکەکردنی زۆرداریش دەبێتە ووزە و تینی شۆڕشگێڕانە و گۆڕانکاری جۆری (نەوعی) بەدوای خۆیدا دێنیت ئەمە تیۆری سەلمێنراوی مێژووی سیاسی و خەباتگێڕی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیە). 

ئێوە ناتوانن بەدەنگدانتان لەناوھۆڵی پەرلەماندا پرۆسەی (پرساندن و متمانە نەکردن پێتان) لەناو (ویژدان وبیرکردنەوە و ھەڵوێستماندا) بسڕنەوە. دڵنیا بن کە تاکو سەر نایبەنەوە. 

جیا لەمەش سەرنجێکی تری گرنگ با بزانینن ئەم پەرلەمانە چۆن درووست بووە؟ ھەمووان باش دەزانین جگە لە دەنگدەری ڕاستەقینە، دەسەڵاتداران بەدەیان ھەزار دەنگی تەزوویریان خستە ناو سندوقەکانەوە و ڕێژەی دەنگدان نەگەیشتە زیاتر لە ٥۰٪ و زیاترکرا و زیاتر خرایەڕوو، ھاوکات زۆرێک لە لایەنەسیاسیەکان ڕازینەبوون بەدەرئەنجامەکان، ئیتر ئەم زۆرینە و کەمینەیە دەبێت چ شەرعیەتێکی ھەبیت، سەرەڕای ئەوەی کە (مافی ژیان و بژێوی و موچە لەڕووی فکری و یاسایی و ئینسانیەوە مافێکی بێ ئەملاوئەولای مرۆڤە) وھیچ کەس و لایەنێکی سیاسی بۆی نیە لەژێر ناوی زۆرینە و کەمینە و دەنگداندا بیبڕێت جگە لەڕووە یاساییەکەی کەپشتی بەھیچ بنەمایەک نەبەستووە، بۆیە تاجەوز و چەوسانەوە مابێت ململانێ لەگەڵتان بەردەوام دەبێت. ناتوانن پرساندن لەوویژدانمان بسڕنەوە .


28/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر