بۆچی پێویستە بترسین؟

سەردەشت عەزیز
لە هیچ سەردەمێکدا هێندەی ئێستا مرۆڤ ئابڕوی نەبراوە، لەئێستادا هیچ شتێک هێندەی ژیانی تایبەتی و ئابڕووی مرۆڤەکان پارە ناکات، هەر ئەوەندەش ژیانی تایبەتی و ئابڕووت کەوتە ناو سۆشیاڵ میدیا، خەڵک بەبێ ئەوەی بکۆڵنەوە ئەمە چیەو چۆن دروست بوە، ئەوانیش دەبنە بەشێک لەوکەسانەی کەژیانت وێران دەکەن.

ئەوەی وادەکات کە پێویستە ئێمە بترسین

یەکەم: دەیان شێوازو تەکنیک و ئامراز هەیە بۆ دزەکردنی کەسانی دیکە بۆ ناو ئامێرەکانمان و بردنی زانیارییە کەسییەکانمان.
دووەم: بردنی زانیاریەکانی خەڵکی و بازرگانی پێوەکردنی بوە بەسەرچاوەیەکی ماددی باش بۆ کەسانی هەلپەرست و ئاست نزم.
سێیەم: ئێمە شارەزانین لەبواری خۆپاراستندا و تەنانەت زۆرێک لەدەرچوانی ئایتیش ئاگایان لەو وردەکارییە ترسناکانە نیە کەلەدزینی زانیاریدا بەکاردەهێنرێت.

چوارەم: لەئێستادا کە ئەم بابەتە ئەنوسم، لەکوردستاندا چەندین تەڵەی هاککردن لەسۆشیاڵ میدیاو تێلیگرام هەیە کە تەنها یەک لینکەو بەکردنەوەی دەبیتە قوربانی.

"من هیچ شتێکم نیە تا بیشارمەوە”

ئەم قسەیە زۆر دەبیستین لەناو خەڵکدا، هۆکارەکەش ئەوەیە ئەم کەسانە ناتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان تایبەتمەندی و نهێنی، کاتێک باسی پاراستن دەکەیت وادەزانن دەبێت کەسانێک کە تاوانی گەورەیان کردبێت پێویستە بترسن، بەڵام هەموو مرۆڤێک کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئاسایی هەیە کەتاوان نین بەڵام حەزیش ناکات خەڵکی بەو تایبەتمەندیانە بزانن، کێ ئامادەیە پاسۆردی فەیسبوکی خۆی بڵاوبکاتەوە؟ یاخود کەس ئامادەیە کامێرایەک لەماڵەکەی دابنێن بەبێ ئاگاداری خۆی بێت یان تەنانەت بەئاگاداری خۆشی بێت؟.
یان بۆ نمونە کاتێک کەسێک دەچێتە حەمام هەموو کەس دەزانێت خۆی دەشوات بەڵام هەر دەرگاکە دادەخات چونکە ئەمە تایبەتمەندییە نەک نهێنی، ئەگەر لەئینتەرنێت گەڕانێک بکەیت بۆ ئەو قسەیەو بەئینلگیزی بنوسە (I HAVE NOTHING TO HIDE) چەندین بابەت و توێژینەوەت بۆ دەهێنێت کە ئەم قسەیە چەند هەڵەیە و تەنانەت کەسانی زۆر شارەزای بواری پاراستنیش قسەیان لەسەر ئەم دێڕە هەیە وەک ئیدوارد سنۆدنی کارمەندی پێشوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکی کەئێستا هەڵهاتوەو لەڕوسیا دەژی.

ئایا هیچ چارەسەرێک هەیە؟ 

ئامانجی من ترساندنی کەس نیەو پێمخۆش نیە کەس بترسێنم بەڵام ئەمانە راستین و دەبێت بیزانین، پاراستنی زانیاریەکانمان بوونی هەیەو زۆریش بەهێزە، چەند تەکنیکی هێرشمان هەیە هێندەش تەکنیکی بەرگریمان هەیە، لەوڵاتە پێشکەوتوەکان سەرجەم کارەکانیان بەئۆنلاینەو پارێزراویشە بەڵام ئەم پاراستنە توانای مرۆیی و ماددی زۆری دەوێت بۆ نمونە تێچوی پاراستنی زانیاریەکان لەساڵی ٢٠٢٢ لەئەمەریکا زیاتر بووە لە ٨ تڕیلیۆن دۆلارو لەساڵی ٢٠٢٧ دەبێت بە ٢٤ تریلیۆن دۆلار.
راستە کەسی ئاسایی ئەو مەترسیانەی نیە کە لەسەر کۆمپانیاو وڵاتەکان هەن بەڵام وەک ئەوانیش نەتوانای بەرگریان هەیە و نە شارەزایشیان هەیە لەخۆپاراستندا.

چەند شارەزابیت هێندە پارێزراویت

ئەم قسەیە هی من نیە بەڵکو هی زۆربەی کەسە شارەزاکانی بواری پاراستنە کە بەشێوازی جیاواز دوبارەی دەکەنەوە، ئەو مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی تۆ بەکاریان دەهێنیت لەڕووی پاراستنەوە زۆر بەهێزن بەمەرجێک تۆش شارەزابیت و هەڵەنەکەیت، وە کۆمپانیاکان لایەنی خۆیان دەپارێزن و دەبێت تۆش هێندە وریابیت لایەنی خۆت بەو ئامرازانەی بۆیان دابین کردویت بپارێزیت، هەروەها هیچ ئامێرێک و تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نیە %١٠٠ پارێرزراوبێت و مەترسی هاککردنی نەبێت.

ئایا ئایفۆن هاک دەکرێت؟

هەر کە باسی هەر مەترسییەکی بردنی زانیاری دەکەیت کەسانێک دەڵێن ئەوە بۆ ئایفۆن نابێت بەبێ ئەوەی بتوانن لەڕوی زانستییەوە ئەم قسەیە بسەلمێنن چونکە ئەمانیش هەر بیستویانە، سەرەڕای ئەوەی ئایفۆن لەناو مۆبایلەکاندا لەروی پاراستنەوە یەکێکە لەمۆبایلە بەهێزەکان بەڵام چەندین جاریش کەلێنی مەترسیداری تێدا دۆزراوتەوەو تەنها لەساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٣ ئەپڵ ٤٢٣٥ کێشەی پاراستنی لەناو مۆبایلەکانی چارەسەرکردوە کەهەندێکیان زۆر مەترسیداربوون.

ڤیدیۆی ئەم پۆستە

ئەم ڤیدیۆیە لەگەڵ ئەم پۆستە دامناوە بەوردی سەیر بکە، باسی هاککردنی کامێراو مایکی ئایفۆن دەکات کەچەند توێژەرێک لە(ZecOps) هەڵساون بە ئەنجامدانی ئەمکارە، لەڤیدیۆیەکەدا ئەیبینی تەنانەت کاتێک کە ئایفۆنەکە دەکوژێنیتەوە هێشتا کامێراو مایک و وایفایەکەی کاردەکات و کە ئەمەیان لەڕێگەی (کوژاندنەوەی ساختە) ئەنجامداوە، ئەم توێژەرانە بەرنامەیەکیان (ترۆجان) دروستکردوە، کاتێک تۆ ئایفۆنەکەت دەکوژێنیتەوە وا هەست دەکەیت کوژاوەتەوە بەڵام ئەم بەرنامەیە بەشێوازێکی ساختە دەیکوژێنێتەوە واتە ناهێڵێت بەشێوەی %١٠٠ بکوژێتەوەو کامێراو مایک و وایفایەکەی هەر لەکاردا دەبن سەیری ڤیدیۆیەکە بکەن کە ئایفۆنەکە کوژاوەتەوە قەڵەمەکە دەخاتە بەردەم کامێراکەی لەمۆبایلەکەی تەنیشتیەوە دیارە کە هێشتا ئیش دەکات.

کۆتا قسە

ئەم نوسینە تەنها بۆ وریایی مامەڵەکردنمانە لەگەڵ ئەم ئامێرانە نەک وازهێنان لێیان، بۆ ئەوەیە گومانیان لێبکەین نەک بیانکەین بەشوێنی هەڵگرتنی رازو نیازمان، لەکوردستاندا ئەوانەی ئاگاداربن دەزانن نە شارەزایی خەڵک لەبەکارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێتدا چی کارەساتێکی بۆ چەندین کەس دروستکردوە، ئەگینا من نەکارم بەترساندنی خەڵکەو نەهیچ سودێکیش دەبینم لەترساندنیان، الحمدللە کارو ژیانیشم لەسەر ئەم بابەتە نیەو تەنها وەک حەزێکی خۆم لەم بوارەدا ئەخوێنمەوە. 

13/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر