هەموو شتێک دەربارەی دزینی زانیاری!

سەردەشت عەزیز

تەسلیم بوون بەتەکنۆلۆژیا
هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئەپەکانی پەیوەندی و نەخۆشخانەو بانک و کۆمپانیاو حکومەت بۆ ئەوەی بتوانیت خزمەتگوزاریەکانی بەکاربهێنیت دەبێت بەشێک لەزانیاریە گرنگەکانی خۆتیان پێبدەی وەک (ناو، تەمەن، ژمارە مۆبایل، ئیمەیڵ، باری تەندروستی و هتد)، وە لەم سەردەمەش هەموومان تەسلیم بوین بە تەکنۆلۆژیاو ژیانی گشتی و تایبەتیمان کەوتوەتە دەستی کۆمپانیا گەورەکان.
پێشێلکاری زانیاری چیە؟
بریتیە لە دەستگەیشتن یاخود بەدەستهێنانی زانیاری هەستیاری بەکارهێنەران لەلایەن گرووپێکەوە بەبێ هەبونی مۆڵەت یاخود رازیبونی خاوەنی زانیاریەکە، ئەگەر ئەمەش ڕوویدا بەکارهێنەران بەچەندین شێواز رووبەڕوی مەترسی زیان پێگەیاندن دەبنەوە. 
پێشێلکردنی زانیاری تەنها ئەو زانیارییانە دەگرێتەوە کە پاراستنی خاوەنەکەی دەخاتە مەترسیەوە بۆیە هەموو هاککردنێک پێشێلکاری زانیاری نیە وەک هێرشی (DDOS)، بەڵام هێرشی (Ransomware) پێشێلکاری زانیارییە چونکە زانیاریەکانی بەکارهێنەر دەبات و داوای پارە دەکات لەبری گەڕانەوەی.
زانیاری کێ دەدزرێت؟
پێشێلکاری و دزینی زانیاری تەنها کۆمپانیا تەکنۆلۆژیەکان ناگرێتەوە بەڵکو سەرجەم کۆمپانیاو دامودەزگا حکومی و تایبەتیەکانیش دەگرێتەوە، بەپێی توێژینەوەیەک %٨٣ ی رێکخراو و کۆمپانیاکان کە کۆمپانیا بازرگانیە گەورەو بچووکەکان، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، هەروەها دامودەزگاکانی حکومەتیشی تێدایە وتویانە زیاتر لەجارێک زانیارییان دزراوە.
کەرتی تەندروستی ئامانجە گەورەکەیە
بۆ ماوەی ١٣ساڵە لەسەر یەک کەرتی تەندروستی لەپلەی یەکەم دێت بۆ بردنی زانیاریەکانی بەکارهێنەرانی،  لەمانگی ٣ی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ مانگی ٣ ساڵی ٢٠٢٣ بڕی تێچووی زیانەکانی کەرتی تەندروستی لەبردنی زانیاری زیاتربوە لە ١٠ ملیۆن دۆلار کە لە ٣ ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی %٥٣ ئەم زیانە زیادی کردوە.
چۆن پێشێلکاری یاخود دزینی زانیاری ڕوودەدات؟
هۆکاری سەرەکی دزینی زانیاری قازانجی دارایی و دەسکەوتنی پارەیە، بۆیە بۆ دزینی زانیاری بەکارهێنەران، هێرشبەرەکان چەندین شێواز و تەکنیک بەکاردەهێنن، کە خاڵە لاوازەکانی کۆمپانیاکان دەقۆزنەوە و لەو تەکنیکێکانە وەک:
١- هێرشی ئەلیکترۆنی: هاککەرزەکان چەندین تەکنیکی ئاڵۆز و بەرنامەی هێرش بردن بەکاردەهێنن بۆ دۆزینەوەی خاڵی لاوازی کۆمپانیاکان و دزەکردنیان بۆ ناو بنکەی زانیاریەکان و بردنی زانیاریەکان.
٢- لینک: ئەمە باوترین جۆری بردنی زانیاری کەسییە لەکوردستان و هێرشبەرەکان تەنها لینکێک دەنێرن و خۆیان وەک کۆمپانیا یاخود لایەنی باوەڕپێکراو دەناسێنن بە خەڵکی و لەو ڕێگەیەوە فریویان دەدەن و پاشان بەکارهێنەر ئەو لینکە دەکاتەوە و زانیاریەکانی دەدزرێت.
٣- دزەکردنی ناوخۆیی: جاری واهەیە کارمەندێک یاخود چەند کارمەندێک لەبەرامبەر وەرگرتنی برێک پارە دەبنە هۆکاری دزەکردنی زانیاریەکانی ناو ئەو کۆمپانیایە.
٤- لایەنی سێیەم: هەندێکجار کۆمپانیاکان زانیاری بەکارهێنەرەکانیان دەفرۆشن بە کۆمپانیاکانی بواری ریکلام و لێکۆڵینەوە کەپێیان دەوترێت لایەنی سێیەم،  ئەم لایەنی سێیەمانە زانیاریەکان خراپ بەکارناهێنن تەنها سود لەوە دەبینن کە چ جۆرە ریکلامێک یان بەرهەمێک بۆ بەکارهێنەران بنێرن، بەڵام چونکە ئەم کۆمپانیایانە ئاستی پاراستنیان وەک کۆمپانیاکانی خاوەن زانیارییەکە بەرزنیە، هاککەرەزەکان لەڕێگەی ئەمانەوە زانیاریەکان دەدەزن و بەکاریدەهێنن.
٥- هەڵەی بێ مەبەست: جاری واهەیە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی، یاخود کارمەندێکەوە کۆمەڵێک زانیاری بەکارهێنەران دزە دەکاتە دەرەوەی کۆمپانیاکان.
ئەم زانیاریە دزراوانە چۆن بەکاردەهێنرێن؟
بەکارهێنانی ئەم زانیارییانە جۆراوجۆرن بۆ نمونە هەندێکیان بۆ گەڕانەوەی زانیاریەکان بۆ کۆمپانیاکە داوای پارە ئەکەن، یاخود هەندێکجار بۆ بواری ریکلام و زانینی حەزو ئارەزوی بەکارهێنەرانە بۆ ئەو بوارە، هەندێکیجاریش بۆ کاری مەترسیدارتر بەکاریدەهێنن وەک:
١- ناسنامەی ساختە: زۆرجار زانیاریە دزراوەکانی بەکارهێنەر، بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی ناسنامەی ساختە و بەو ناسنامەیەوە کاری نایاسایی ئەنجام ئەدەن.
٢- مامەڵەی ساختە: هەندێکجار ئەم زانیاریانە بۆ مامەڵەی ساختە بەکاردەهێنرێت و هەروەها پرۆسەی ئەنجامدانی قەرزیشی لەسەردەکرێت.
٣- هەڕەشەکردن لەبەکارهێنەر: ئەگەر هێرشبەر زانیاری هەستیاری بەردەستبکەوێت ئەوا ئەم زانیاریانە وەک هەڕەشە بەکاردەهێنن و داوای بڕێک پارەدەکەن لەپای بڵاونەکردنەوەی.
ئایا کۆمپانیاکان خۆیان زانیاری بەکارهێنەرەکانیان بڵاودەکەنەوە؟
هیچ کۆمپانیایەک بەئەنقەست زانیاری بەکارهێنەرانی خۆی بڵاوناکاتەوە چونکە کار لەسەر سومعەی ئەو کۆمپانیا دەکات و زیانی زۆر گەورەی ماددی دەکات، هەروەها توشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت.
ئایا کۆمپانیاکان ئەگەر زانیاریان بدزرێت قسەدەکەن؟
لەزۆربەی وڵاتەکان بەپێی یاسا کۆمپانیاکان ناچارکراون ئەگەر زانیاری بەکارهێنەرانیان دزرا، ئەوا دەبێت دانبەوەدا بنێن کە زانیاریان دزراوە بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بتوانن خۆیان لەمەترسی بپارێزن، بەڵام جاری وا هەیە کۆمپانیاکان لەبەر ناوبانگی خۆیان دوای دەخەن یان تەمەڵی تێدادەکەن.
چۆن خۆمان بپارێزین؟
پرۆسەی بردنی زانیاری شتێکی تازەنیەو بەردەوام هەبوە وە دوو شێواز بردنی زانیاری هەیە: 
١- بردنی زانیاریەکانت لەو کۆمپانیایەی کەزانیاریەکانتی لایە کە ئەمە دەسەڵاتی تۆی تێدانیە بەڵام کۆمپانیاکان لەگەڵ ئەوەی بەردەوام هێرشیان لەسەرە ئاستی پاراستیان زۆر بەرزە ئەوە نیە هەر کەس ویستی زانیاری ببات ئاسان بێت بۆی.
٢- زانیاریەکان لەخۆت دەدزن کە ئەمە زۆر باوەو هاککەرزەکان ئەم ڕێگەیە زۆر بەکاردەهێنن چونکە خەڵەتاندن و هێرش بردن بۆ بەکارهێنەر زۆر ئاسانترە تا کۆمپانیاکان بۆیە پێویستە تۆش بەوریاییەوە مامەڵە بکەیت و ئەم خاڵانەت لەبیربێت:
١- بۆ هەموو ئەکاونتە ئۆنلاینەکانت پاسۆردی بەهێز و ئاڵۆز بەکاربهێنە وە بتوانیت ٣ مانگ جارێک پاسۆرد بگۆڕیت باشە، بۆ ئەوەی ئەگەر زانیاریەکانیشت دزراوبوو بەو گۆڕینی پاسۆردە دەکرێت لەو دزینە رزگارت بێت.
٢- دوای داغڵکردنی پاسۆرد کۆد بێت بۆ مۆبایلەکەت ڕێگەی زۆر پارێزراوە (two way authentication).
٣- بەهیچ شێوەیەک لینک مەکەرەوە هیچ کۆمپانیایەک نەسزا نە پاداشت لەڕێگەی لینکەوە نانێرێت بۆت، وە هیچ کۆمپانیایەک لەڕێگەی لینکەوە داوای زانیاری هەستیارت لێناکات، هەروەها پاسۆرد بۆ کەس مەنێرە ئەگەر بەڕێوەبەری فەیسبوک تەلەفۆنی بۆ کردیت پاسۆردی مەدەرێ بەرپرس نابیت.
٤- بەردەوام بەرنامەکانی ناو مۆبایلەکەت ئەپدەیت بکەرەوە و بەرنامەی گوماناوی دامەبەزێنە.
مەترسیەکی جدی
لەکوردستاندا پرۆسەی بە بانک کردن و ئۆنلاین کردنی زانیاری دەستی پێکردوەو حکومەتی هەرێمیش بەنیازە هەژماری بانکی بۆ کارمەندان بکاتەوە، ئەگەر ئەم هەنگاوانە سەربگرن دزینی زانیاری لەکوردستان زۆر زیاد دەکات، چونکە بەشێکی زۆری سروشتی ئەم هێرشە بۆ قازانجی ماددییەو خەڵکی ئێمەش شارەزایی تەواویان نیەو بەئاسانیش هەڵدەخەڵەتێن، بۆیە زۆر گرنگە کەمپینێکی هۆشیارکردنەوە پێش دەسپێکی ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت.

26/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر