مەککە و کوردستان وە سیندرۆمی ئایدیۆلۆژیا-شوناسی

ئارام رەفعەت

ئەوەی لەم رۆژانەدا کادیرێکی سەر بەیەکێک لە رەوتە ئایدیۆلۆژیستەکانی ئیسلامی سیاسی دەربارەی پیرۆزی مەککە و ناپیرۆزی کوردستان وروژاندی دەچیتە چوارچێوەی سیندرۆمی ئایدیۆلۆژیا-شوناسی.

🔶ئایدیۆلۆژیا-شوناسی چییە..؟ 

ئایدیۆلۆژیا-شوناسی دۆخێکە زیاتر لە نەتەوە بێدەوڵەتییەکاندا، لەوانەش کورد، دەردەکەوێت، دۆخێک کە ئایدیۆلۆژیا دەبێتە بەدیلی شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانی.

🔶بۆچی ئایدیۆلۆژی-شوناسی تەنها تایبەتە بە نەتەووە بێ دەوڵەتەکان...؟

ئایدیۆلۆژیا-شوناسی زادە دەرەنجامی دۆخێکە کە دەکرێت بە دۆخی ناکامە-گەشەسەندنی نەتەوەکان پێناسەی بکەین.

پرۆسەی گەشەسەندنی سرووشتی نەتەوەکان هاوتایە لەگەڵ پرۆسەی گەشەسەندنی شوناسی نیشتیمانی و نەتەوەیی. پرۆسەیەک کە بە حەسری ئەرکی دەوڵەتە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی. لەگەڵ تەکاموڵی ئەم پۆرسە نیشتیمانسازییەدا، شوناسی نیشتیمان هاوتا دەبێت بە سوناسی نەتەوە و دەبێتە تاکە شوناسی باڵا. نەتەوەی بێدەوڵەت ناتوانێت ئەم پرۆسەی نیشتیمان-سازی و نەتەوە-سازییە و ئەنجام بدات و پێیدا تێبپەڕێت. لەهەمان کاتیشدا گرفتی لەگەڵ شوناسی نیشتیمانی و نەتەوەیی نەتەوەی  سەردەست (داگیرکەردا) هەیە. گرفتێک کە دەرەنجامی لە خۆ نەگرتن و نوێنەرایەتی نەکردنی شوناسی نەتەوە ژێردەستەکە لەلایەک وهەوڵی سڕینەوە یان ئینکاری کردنی شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەو نەتەوەیە، لەلایەکی تر، درووست دەبێت. 

لەم حاڵەتەدا و بەهۆی ناکامە گەشەسەندییەوە، ناسنامەی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئەو ئامادەگی و تواناییەی تێدا نییە کەسەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا وەک یەک گرووهی خاوەن هەمان ناسنامە لەدەوری یەک کۆبکاتەوە. تاکەکان بەناچاری پەنا بۆ بەدیلی تر، واتە ناسنامەی تری لاوەکی، بۆ خۆ ناسین و گرووپکردن دەبەن. خێڵ، ناوچەگەرێتی، حیزبگەرایی و ئایدیۆلۆژیا ئەو ناسنامە بەدیلە لاوەکییانەن. 
بەواتایەکی تر، ناسنامە لاوەکییەکان، لەوانەش ئایدیۆلۆژیا، لە دۆخێکی نائاساییدا دەبنە شوناس و ناسنامەی ئاسایی بەشێک لە کۆمەڵگا ژێردەستەکان. ئەم حاڵەتە لە ئاسایی بوونی ناو دۆخێکی نائاساییش بۆ خۆی جۆرێکە لە سیندرۆم، سیندرۆمی ئایدیلۆژیا شوناسی. ئەوەی ئەم کادیرە ئیسلامییە لەم رۆژانەدا زەقی کردەوە، شتێکی ئاسایی ناو ئەم دۆخە نا ئاساییەیە.

ئایا سیندرۆمی ئایدیۆلۆژی-شوناسی تەنها تایبەتە بە گرووپێکی دیاریکراوی ناو ئیسلامییەکان...؟

نەخێر.

سەرجەم گروپە جۆراوجۆرە ئایدیۆلۆژیستەکانی ناو ئیسلامی سیاسی، لەوانەش گرووپە جۆراوجۆرەکانی سەلەفی، ئیخوانی، جیهادی و شیعی دووچاری هەمان ئەو دۆخە سیندرۆمییە دەبنەوە کە لە کادیرە ئیسلامییەکەدا زەقبۆتەوە.

🔶ئایا ئەم سیندرۆمی ئایدیۆلۆژی-شوناسی پەیوەستە بە ئیسلامەوە...؟

نەخێر، تا ئەو کاتە ئایینەکان، لەوانەش ئیسلام، وەک عەقیدە دەمێننەوە و لە قاڵبە ئایین یان ئیسلامییە میللیەکەدا دانەبڕاوە و بچوک نەبۆتەوە بۆ ئایدیۆلۆژیا نابێتە هۆکار و سەرچاوەی سیندرۆمی ئایدیۆلۆژیا-شوناسی. لە دۆخە میللی و عەقیدەییەکەیدا ئایین(لەوانەش ئیسلام) وەک فاکتەرێکی تەکاموڵ و تەواوکەر بۆ شوناسی نیشتیمانی و نەتەوەیی رۆڵ دەگێڕێت. 

لە ١٤٠ ساڵی رابردوودا، واتە لە جوڵانەوەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری تا ئەمڕۆ ئیسلامی میللی ئەم رۆڵە تەواوکەرەی گێڕاوە. شێخ عوبەیدوڵڵا، مەلیک مەحموود، شێخی پیران، سەید رەزا، قازی محەمەد و شێخەکانی بارزان نموونەی ئەم رۆڵە تەکاموڵییەی ئیسلامە بۆ شوناسی نەتەوەیی. لەکاتێکدا هیچ کام لەو زاتانە پەنایان بۆ ئیسلامی سیاسی و رەوتە ئایدیۆلۆژیەکانی سەلەفی و ئیخوانی و جیهادی نەبردووە، لە هەمان کاتدا، هیچ کام لەم زاتانەش بچوکترین سازشییان لەسەر عەقیدەی ئایینی خۆیان نەکردووە. بە پێچەوانەوە، ئەوان بەهۆی ئاستی بەرزی شارەزاییان لە دین و بەهۆی پێگەی ئایینییانەوە بوونەتە رابەری نەتەوەیی، ئەمەش باشترین نموونەی رۆڵی تەکاموڵانەی ئایینە بۆ شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانی.

🔶ئایا سیندرۆمی ئایدیۆلۆژیا-شوناسی تەنها تایبەتە بە رەوتە ئایدیۆلۆژیستە ئیسلامیییەکان...؟

نەخێر...

لە سەد ساڵی رابردوودا، مارکسیزم، کۆمۆنیزم، لیبرالیزم، ئانارشیزم هەمان ڕۆڵی شوناسییان بینییوە. بۆ نموونە، لە چلەکان و پەنجاکانی سەدەی رابردوو لای شیوعی و مارکسییەکان وەهمی ئینتیما و ناسنامەی چینی کرێکار جێگای شوناسی نیشتیمانی گرتبووەوە. جەدەلی سەرەکی ئەوێ رۆژێی شیوعییە کوردستانییەکان ئەوە بوو کە کورد نەتەوە نییە، ئەمەش دیوێکی تری هەمان گۆشە نیگای ئەو کادیرە ئیسلامییەیە کە دەڵێت کورد و کوردستان و نەتەوە موقەدەس نین و شەقییان تێ هەڵدەدەین.

🔶ئەی یەکێتی و پارتی چی...؟

لەناو ئەو حیزبانەی کە ئایدیۆلۆژیا تێیدا کاڵبۆتەوە، لەوانەش یەکێتی و پارتی، حیزب و ئینتیما بۆ حیزب هەمان ئەو رۆڵە دەگێڕێت کە ئایدیۆلۆژیا وەک شوناسی بەدیل دەیگێڕێت و بۆ زۆرینەیان شوناسی پارتی بوون یان یەکێتی بوون لەسەرووی شوناسی کوردبوون و کوردستانی بوونەوەیە و هەمیشەش بەرژەوەندییەکانی حیزبییان لەسەرووی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و نیشتیمان داناوە.

12/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر