چوار ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق نامه‌یه‌كی کراوە ئاراسته‌ی ماکرۆن ده‌كه‌ن

چوار پەرلەمانتاری عێراق نامەیەکی کراوە ئاڕاستەی ئیمانیۆڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دەکەن و دەڵێن" ئەم سەردانەتان بە دەرفەت ئەزانین کە پرسی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بکەنە برگەیەکی گرنگی گفتوگۆکانت".

لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا هەریەک لە ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین، رێبوار كه‌ریم مه‌حمود، غالب محه‌مه‌د عه‌لی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی فەڕەنسا دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن" سەرەتا بەخێرهاتنت دەکەین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی وڵاتی فەرەنسا دەکەین بۆ گەلانی عێراق بەگشتی، بەتایبەت پشتیوانی مێژویی وڵاتی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان لە دوای راپەرینی ۱۹۹۱ هەرگیز لەبیرناکەین".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئێمە دڵنیاین لەم سەردانت دا بابەتی گرنگ هەیە لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق تاوتوێی بکەن بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵات، بەڵام ئەم سەردانەتان بە دەرفەت ئەزانین کە پرسی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بکەنە برگەیەکی گرنگی گفتوگۆکانت، بەتایبەت کاتێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەیت لە شاری هەولێر چاوت بە بەرپرسانی باڵای هەرێم و دەسەڵات دەکەوێت، کە بەرپرسن لە زیندانی کردن و ئەشکەنجەدان و حوکمدانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان لە هەرێم، داوا لە بەرێزتان ئەکەین کە فشار لە بەرپرسانی هەرێم بکەن و ئازادکردنی رۆژنامەنوسان بکەنە پێشمەرج بۆ پشتیوانیکردنی حکومەت لە ئایندەدا.

ئەو پەرلەمانتارانە باس لەوەش دەکەن، ئێمە وەك بەشێک لە نوێنەرانی هاوڵاتیانی هەرێم کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێکی تر سوپاسی گەل و حکومەتی فەرەنسا ئەکەین بۆ پشتیوانیکردنی گەلەکەمان، چاوەڕوانی ئەوەین بەرێزتان لەم بابەتەش دا پشتیوانی فروانکردنی مەوداکانی ئازادی بن، کە لەئێستادا لەبەردەم هەرەشەی جدی دایە بەهۆی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە. 


PM:04:29:28/08/2021