لەسەر ڕاگرتنی دەوامی خویندنگاکان بڕیار دەدرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ وابڕیار بوو لەبەر دۆخی تەندروستی خوێندکاران و بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا، وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستی هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخەکە بکەن و، بڕیار لەسەر بەردەوامی، یان داخستنی دەوام بدەن.، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە دواخرا.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی بە ( سپی ) راگەیاند " ئەو هەڵسەنگاندنە بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخراوە، لە ئێستادا دۆخی تەندروستی خوێندنگاکان خراپ نییە و کۆرۆناش بەو رێژەیە نییە، هەروەها بژاردەی داخستنی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن و کەمکردنەوەی دەوامی خوێندن لە ئێستادا لە ئارادا نییە".

چەند رۆژێک بەر لە ئێستا جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕوانی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەکەن، بە پەشت بەستن بەو راپۆرتە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی قوتابخانەکان دەکەن و بڕیاری گونجاو لەو بارەیەوە دەدرێت.




AM:09:51:04/11/2021