تۆمەتێکی تر درایە پاڵ یەکێک لە زیندانی کراوانی بادینان

پارێزەری رۆژنامەنووس گوهدار زێباری ڕایگەیاند، "تۆمەتی دۆزینەوەی چەکی تاپڕیان لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دایە پاڵ رۆژنامەنووس گوهدار زێباری".

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی کانوونی یەکەم، بەشدار حەسەن پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینان لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، کەمێک لەمەوبەر رۆژنامەنووس گۆهدار زێباری، هێنرایە بەردەم دادوەری لێکۆلەری ئاسایش، تۆمەتێکی تریان داوەتە پاڵ گۆهدار زێباری کە گوایە چەکی تاپڕیان له ناو ئۆتۆمیلەکەی دۆزیوەتەوە، بەڵام گۆهدار رەتیکردەوە و دەڵێت "ئەم چەکە هی من نییە و دروستکراوە".

بەشدار حەسەن باسی لەوەشکرد، کردنەوەی ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە چەند جارێک لەزیندان قسەی کردووە و نامەی گەیاندراوەتە دەرەوە و بڵاوبووەتەوە.


ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە، ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمەوە بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکراون.

 



PM:02:00:01/12/2021