فازڵ نەبی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لێدان و کارەساتێکی گەورەیە بۆ هەرێم

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عیراق ڕایدەگەیەنێت" بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لێدان و کارەساتێکی گەورەیە بۆ هەرێم شتی تریشی بە دوادا دێت". 

فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عیراق لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ناکرێت تانەی لێبدرێت و ئیسنتئناف بکرێتەوه،‌ بۆیە بە ڕاستی لێدانێکی گەورەیە کە بەر ئابوری هەرێمی کوردستان دەکەوێت، لەبەر ئەوەی زیاتر لە (70-80%) مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خەرجی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت و هەندێک لە گومرگ و باجەکانەوە دێت، بە ڕاستی کاریگەری نەرێنی زۆری دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان".

جەختیشی کردەوە، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی گورزێکی زۆر گەورەیە بەڕاستی ئەگەر بچینە بنج‌ و بنەوانی بڕیارەکەوە کاریگەری نەرێنی یەکجار زۆری دەبێت لە داهاتوو لەسەر مەسەلەی دەرهێنانی نەوت و غاز و کۆمپانیاکانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆیە ئێمە دەبێت زوو فریای خۆمان بکەوین و نابێت دوابکەوین و بتوانیین ڕێگە چارەی بەدیل- جێگرەوە بدۆزینەوە.

سەبارەت بەوەی ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی چ کاریگەریەکی دەبێت لەسەر نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی جیهان و لە مامەڵەکردنی ئەو وڵاتانەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن تەنانەت ئەو کۆمانیانەشی کاری تێدا دەکەن؟ فازڵ نەبی وتی" کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان و نرخی نەوت لەسەر هەموو شتێک کە پەیوەندیدارە بە مەسەلەی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە کۆمپانیاکان و مەسەلەی چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت و مەسەلەی نرخی نەوت و مەسەلەی ئەو دەوڵەتانەی کە تا ئێستا نەوتیان لێدەکڕین کە چۆن دەبێت لە داهاتوودا، چونکە ئێستا تۆپەکە لە یاریگای حکومەتی عێراقدایە ئەگەر خوانەخواستە حکومەتی عێراق بیەوێت ئیستغلال بکات- ئەو بڕیارە بەکار بهێنێت، بڕیارەکە دەرچووە لە دادگای فیدڕاڵی بەڵام چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەکەوێتە سەر حکومەتی عێراق، بۆیە ڕێگای بدیل- جێگرەوەی تر زۆرن کە فریای خۆمان بکەوین". 


AM:10:23:16/02/2022