سودانی لەسەر دیارنەمانی ٣ ترلیۆنەکە هاتە دەنگ


سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق، محەمەد شیاع سودانی لەبارەی دیارنەمانی ٣ ترلیۆن دینار لە بانکی رافیدەینی عێراق رایگەیاند، "رێگەنادەین سامانی عێراقییەکان بەفیڕۆ بڕوات".

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند " هەرگیز لە جێبەجێکردنی رێکاری راستی بۆ رێگەگرتن لەو گەندەڵییەی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بڵاوبووەتەوە کەمتەرخەم نابن".

سودانی جەخت دەکاتەوە کە کەیسی دیارنەمانی ٣ ترلیۆن دینارەکەیان خستووەتە پێشەنگی کارەکانیان و رێگە نادەن ئەو پارەیە بەفیڕۆ بڕوات.

دوێنێ شەممە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق و میدیاکان نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقی بڵاوکردەوە کە لە رێکەوتی ١٢ی ١٠ی ٢٠٢٢ بەشێوەیەکی زۆر نهێنی ئاراستەی دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی کراوە و واژۆی تەیف سامی محەمەد بریکاری وەزیری دارایی بە وەکالەتی لەسەرە.

لە نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی دا هاتووە "بە ئاماژەدان بە نوسراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیران ژمارە ٣٠٤٧/٢٢٩٤١٠٥ لە رێکەوتی ١١ی ١٠ی ٢٠٢٢ تەواوی وردەکارییەکانی دزین و دیارنەمانی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیۆن دینارتان بۆ دەنێرین".

هەروەها هاتووشە " پارە دزراوەکە لە ئەمیندارێتی باجەکانی بانکی رافیدەین براوە و داوای لێکۆڵینەوە دەکات".

دەشڵێت، هەموو کایەکان و ئامێرە بەکارهاتووەکان بەرپرسن لەم تاوانە گەورە ئابورییەی ئەنجامدراوە، هەربۆیە پێویستە رێکاری پێویست و یاسایی بگیرێتەبەر.



PM:01:01:16/10/2022