سودانی: بەمزوانە رێككەوتنی نەوت لەگەڵ هەرێم واژۆ دەكەین

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" کار بۆ چارەسەرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکەین". 

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا کە بنەکەکەی لە لەندەنە لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بە‌غداد رایگەیاند" بە رەزامەندی بەرپرسانی هەرێم کار بۆ چارەسەرکردنی كێشەكانی پرسی نەوت و بارودۆخی ئەمنی سنووری نێوان عێراق و ئێران دەکەین و به‌مزوانه‌ش لەو بارەوە رێككه‌وتن له‌ به‌غدا واژوو ده‌كرێت". 

سودانی دەربارەی ئەو پارانەی بە (دزیی سەدە) ناسراوە ئاماژەی بەوەکرد" ئامانجی حكومەت گەڕاندنەوەی پارەكانە، ئەگەر تۆمەتبارێك زیندانیبكرێت ئەوا ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵ لە زینداندا دەبێت، بەڵام لەو دۆخەدا پارەكان لەناودەچن و وندەبن، بۆیە دەمانەوێت پارەكان وەربگرینەوە و ماوەیەكیشە هەنگاو بە هەنگاو پارەكان دەگەڕێنینەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت". 

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشیكردەوە لەوەی هیچ دەستێوەردانێكی ئێران و ئەمریكا لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتەكەیدا نەبووە و وتی" حكومەت بە بڕیارێكی ١٠٠% عێراقییانە پێكهێنراوە و نەكەوتووەتە ژێر هیچ كاریگەری و دەستێوەردانێكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەرەوەوە". 

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی بارگرژی و هێرش و پەلامارەکانی ناوچە سنوورییەکانی کرد و رایگەیاند، "یەکێک لەو کێشانەی کە لەم ماوەیەدا حکومەت رووبەڕووی بووەتەوە، هێرش و پەلامارەکانی سەر سنووری عێراق - سووریا و عێراق – تورکیایە، ئەمەش گفتوگۆ و دیالۆگی لەسەر کراوە."

محەمەد شیاع سودانی سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی عێراق لەگەڵ هەردوو هاوپەیمانەکەی، ئەمریکا و ئێران، کە پەیوەندییەکانیان گرژن دەڵێت" نامانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، و ئێمە لایەنێکی میحوەرێک نین دژی ئەویتر، بەڵکو گرنگی بە بە هێزکردنی پەیوەندییەکانمان دەدەین بەپێی ڕێساکانی بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتنی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆدا". 


PM:12:40:09/02/2023