لە شاری ئورمیە ژنێکی دووگیان بەهۆی لێدانی دەرزییەکەوە گیانی لەدەستدا

ژنێکی دووگیان چەند خولەکێک دوای لە دایکبوونی منداڵەکەی لە نەخۆشخانەی ئازەربایجانی شاری ئورمیە، بەهۆی لێدانی دەرزی هەڵە گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی دوێنێ پێنج شەممە ژنێکی دووگیانی تەمەن (٣٣) ساڵ بە ناوی زێوەر عەرەبی خەڵکی سەڵماس، لە ژووری لە دایکبوونی منداڵان لە نەخۆشخانەی ئازەربایجانی ئورمیە، بەهۆی بەکارهێنانی دەرزی هەڵە بۆ سرۆمەکەی گیانی لەدەستدا، بەڵام کۆرپە تازە لەدایکبووەکەی ئەم ژنە لە ژیاندایە. 

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم ژنە، دۆخی تەندروستی ناوبراو دوای لەدایکبوونی کۆرپەکەی ناجێگیر بووە و یەکێک لە پەرستارەکان پێچەوانەی ڕێنمایی پزیشک دەرزییەکی لە سرۆمەکەی داوە کە دواتر بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی.

هەروەها ناوبراو خاوەن منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان بووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەم ژنە لەمبارەوە ڕایگەیاند" جەستەی زێوەر عەرەبی دوای لێدرانی ئەو دەرزییە شین بووەتەوە و چووەتە کۆما، ناوبراو بۆ بەشی چاودێری چڕ گواستراوەتەوە و لە کۆتاییدا بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی گیانی لەدەستداوە". 


PM:06:06:14/04/2023