نەزهەت حالی: پارتی و یەکێتی کە دوو هێزی سەرەکین هەر خەریکی تەخوین کردنی یەکترین

بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسى پاراستنی پارتی ڕایدەگەیەنێت" ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق رویدا دەریخست کە کورد چەند لێکترازراوە"، دەشڵێت" پارتی و یەکێتی کە دوو هێزی سەرەکین هەر خەریکی تەخوین کردنی یەکترین". 

نەزهه‌ت حالی بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی پاراستنی پارتی، لە بڵاوکراوەیەکدا دەربارەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی نوسیویەتی" ئەوەی کە لەو ڕۆژانەدا لە پەرلەمانی عێڕاقدا لەسەر یاسای بودجە بینرا دەریخست کە  کورد چەند لێکترازراوە و زیاتر لە هەموان پێویستی بە یەکگرتن هەیە، کورد پێویستی بە سیاسەتێکی کوردستانیانەی سەرو حزبایەتی هەیە، پێویستی بە کەسانی باش و بە توانا  هەیە کە بتوانن سیاسیانە  و نیشتمانیانە و یاسایانە کوردستان بەڕێوەببەن و بەرگری لە مافی گەلی کوردستان بکەن".

دەشڵێت" لەسەر شاشەی ڕوداوو بینیم  مووچەی پێشمەرگە لە نیو میلیۆن دینارەوە دەستپێدەکات و موچەی سەربازانی عێراقی و حەشدی شەعبی لە سەرووی یەک میلیۆن دینارەوە دەستپێدەکات دڵم پڕبوو لە خەم، ئێمە کە نەتوانین بەرگری لە موچەی پێشمەرگە بکەین کە بەشدار بووە لە ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و بونیادنانی ئەو ڕژێمەی ئێستای عێراق و شکاندنی داعش، چۆن دەتوانین بەرگری لە مافی تێکڕای گەلی کوردستان بکەین".

نەزهه‌ت حالی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ڕاشیگەیاندووە" پارتی و یەکێتی کە دوو هێزی سەرەکین و هەر خەریکی تەخوین کردنی یەکتری بن،  سیاسەت و پلانیان تەنیا لە دژایەتی کردنی یەکتر قەتیس کردبێتەوە، هەر یەک لەوانە پێیان وابێت کە ئەویتریان شکاند سەربەخۆی کوردیان وەدەستهێناوە، حزبەکانی تریش وا بیردەکەنەوە کە پارتی و یەکێتی بشکێنن کورد سەر دەکەوێت، غافل لەوەن کە هەمویان دەشکێن و ژێر دەکەون".

بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی پاراستنی پارتی لە کۆتایی پەیامەکەیدا هۆشداری دەدات و دەڵێت" با چیتر گلەیی لە برایانی عەرەب و تورک و فارس نەکەین زۆربەی لەوەی بەسەرمان دێت خەتای خۆمانە، ئێمە کە ڕێز لە خۆمان و دامەزراوەکانمان نەگرین بۆ چاوەڕوان بین خەڵکی تر ڕێزمان بگرێت".


PM:01:20:12/06/2023