ئینستتیوتی پەی: ئەگەر حكومەت و پەرلەمان یاسا جێبەجێنەكەن، چۆن هاوڵاتیان پابەند دەكەن؟

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە نامەیەكی كراوە  کە ئاڕاستەی  سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی کردووەو دەڵێت " لە كاتێكدا قەیرانێكی دارایی سەخت بەرۆكی خەلكی كوردستانی گرتووە، نەتوانراوە موچەی دوو مانگی فەرمانبەران دابەش بكرێت، وا پێ دەنێینە مانگی هەشتەوەو كەچی هێشتا دیار نیە كەی موچەی مانگی شەش دابەشدەكرێت! لەلایەكی ترەوە فشار خراوەتە سەر ئەو هاولاتیانەی ساڵانی پێشووی بەرلە قەیران پێشینەكانی هاوسەرگیری و خانوبەرەیان وەرگرتووە".

ریکخراوی پەی لە ناوەرۆکی نامەکەیدا دەڵێت"
ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی ئەم هەنگاوانە نەنێن، بەردەوام بن لەسەر خەرجكردنی موچەو دەرماڵەو نەسریەی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لەدەرەوەی یاسا، هیچ مانایەك بۆ ئەو بانگەشانە نامێنێتەوە كەبەناوی چاكسازیەوە دەیكەن و لەلایەن هاولاتیانەوە دەكەونە ژێر پرسیارگەلێكەوە".


دەقی بەیاننامەکە:

نامەیەكی كراوە بۆ سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی
ئەگەر حكومەت و پەرلەمان یاسا جێبەجێنەكەن، چۆن هاوڵاتیان پابەند دەكەن؟

بەرێز/ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
بەرێز/ وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان
پاش سڵاو و رێز...
لەكاتێكدا قەیرانێكی دارایی سەخت بەرۆكی خەلكی كوردستانی گرتووە، نەتوانراوە موچەی دوو مانگی فەرمانبەران دابەش بكرێت، وا پێ دەنێینە مانگی هەشتەوەو كەچی هێشتا دیار نیە كەی موچەی مانگی شەش دابەشدەكرێت! لەلایەكی ترەوە فشار خراوەتە سەر ئەو هاولاتیانەی ساڵانی پێشووی بەرلە قەیران پێشینەكانی هاوسەرگیری و خانوبەرەیان وەرگرتووە، داوایان لێكراوە  بڕی ئەو پارەیەی وەك پێشینە وەریانگرتووە بیگێڕنەوە، هەر هاولاتیەك نەیگێڕێتەوە لە كەفیلەكەی دەسەنرێتەوە، خۆ ئەگەر كەفیل نەیداتەوە دەستگیر دەكرێت. ئەمە لەكاتێكدا ئەوانەی ئەم پێشینانەیان وەرگرتووە لە چینە هەژارو كەمدەرامەتەكانی كۆمەلگەن و زەرورەت و نەبوونی وای لێكردوون هانا بۆ ئەم پێشینانە بەرن.
كەچی لەبەرامبەردا، ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان، موچەی حەوت مانگیان بە نایاسایی پێدراوە، كە تەنها بڕی زیادەكەی وەریانگرتووە بریتییە لە (3.976.900.000) سێ ملیار و نۆسەد و حەفتاو شەش ملیۆن و نۆسەد هەزار دینار، لە ئێستاشدا داوا كراوە موچەی مانگەشیان بۆ خەرج بكرێ، بەمەش زیادە موچەی نایاسایی كە پێیاندراوە دەكاتە (4.558.500.000) چوار ملیار و پێنجسەد و پەنجاو هەشت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار.
لەگەل هەموو ئەمانەشدا بەپێی نوسراوی ژمارە (3/8/1789) ی سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان كە لە (12/7/2023) ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری كراوە داوای گوژمەی (5.121.900.000) پێنج ملیار و سەد و بیست و یەك ملیۆن و نۆسەد هەزار دینار كراوە بۆ مەبەستی خەرجكردنی پاداشتی (6) مانگی خانەنشینی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان، هەروەك لە نوسراوەكەدا هاتووە ناوی سەرجەم ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان ریزبەندكراوە. بەپێی ئەمەش بێت پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆكایەتی تەنها لەو چەند مانگەدا بە نایاسایی بڕی (9.680.400.000) نۆ ملیار و شەشسەد و هەشتا ملیۆن چوارسەد هەزار دیناریان بۆ خەرجكراوەو دەكرێت. ئەمە جگە لەو هەموو نەسریەو مینحەو دەرمالانەی بەنایاسایی بۆیان خەرجكراوە كە ئەركی دەستەی دەسپاكی و دیوانی چاودێری داراییە بەدواداچوونیان بۆ بكەن.
بەڕێزان... ئەمەی دەگوزەرێت پێچەوانەی یاسا بەركارەكانە، پێچەوانەیپرەنسیپەكانی عەدالەتی كۆمەڵایەتیە، پێچەوانەی هەموو ئەو بانگەشانەیە كە سەبارەت بە چاكسازی دەیكەن، چونكە ئەگەر بەهۆی قەیرانەوە زەرورە لەئێستادا پێشینەكانی هاوسەرگیری و خانوبەرە بەم رێكارە توندانە لەخاوەنەكانیان وەربگرنەوە كە لە چینە هەژار و كەمدەرامەتەكانن، بۆچی لەبەرامبەردا چەندان ملیار دینار بەنایاسایی دەبەخشنەوە؟ خۆ ئەگەر گلەییش لە هاوڵاتیان دەكەن كە پەیوەستی یاسانابن و ئەو پێشینانە ناگێڕنەوە، ئەی بۆچی حكومەت خۆی یاساشكێنی دەكات لە بەهەدەردانی سامانی گشتی بۆ توێژێكی تر كە جیاكاری و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوە! 
لەم پێناوەدا پێشنیار بۆ بەڕێزتان دەكەین كە:
1-بەپێی یاسای چاكسازی و ئەو رێنماییانەی دەرچوونە بڕی پاداشتی پەرلەمانتاران كەمكراوەتەوە بۆ (36.000.000) سی و شەش ملیۆن، بەلام لە نوسراوەكەدا (52.000.000) پەنجاو دوو ملیۆن دیاریكراوە، بۆیە پێویستە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران پەیوەستبن بە یاساو رێنماییەكانەوەو بەبێ جیاوازی لەسەر هەموو هاولاتیانی جێبەجێی بكەن.
2-ئەو پەرلەمانتارانەی زیاد لە جارێك بوونە بە ئەندامی پەرلەمان، لەخولەكانی پێشوودا خانەنشین بوونە و پاداشتیان وەرگرتووە، بەپێی یاسا ناكرێت بۆیان خەرجبكرێتەوە كە بە بەرێز (رێواز فایەق)ی سەرۆكی خولی پێنجەمەوە (12) ئەندامن. بۆیە دەبێت ناویان لەلیستەكەدا بهێنرێتە دەرەوەو هیچ بڕە پاداشتێكیان بۆ خەرج نەكرێت.
3-لەكاتی خەرجكردنیشیدا مەقاسەیان بۆ بكرێت و ئەو بڕە پارە زیادەی بەنایاسایی لەچەند مانگی رابردوو بۆیان خەرجكراوە لەو پاداشتە لێیان بگێڕدرێتەوە.
4-موچەی ئەم مانگەیان بەپێی یاسای چاكسازی (وەك خانەنشین) بۆ خەرج بكرێت، نەك وەك پەرلەمانتار، چونكە ئەم بەرێزانە وەك ئەرك هیچ خەسلەتێكی پەرلەمانتاریان نەماوەو ناكرێت ماف و ئیمتیازی پەرلەمانتاریان بۆ خەرج بكرێت.
ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی ئەم هەنگاوانە نەنێن، بەردەوام بن لەسەر خەرجكردنی موچەو دەرماڵەو نەسریەی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لەدەرەوەی یاسا، هیچ مانایەك بۆ ئەو بانگەشانە نامێنێتەوە كەبەناوی چاكسازیەوە دەیكەن و لەلایەن هاولاتیانەوە دەكەونە ژێر پرسیارگەلێكەوە. 

لەگەڵ رێزدا
وێنەیەك بۆ:
-سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
-دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان.
-دیوانی چادێریی دارایی هەرێمی كوردستان.
-داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان.
-رای گشتی خەڵكی كوردستان.لەگەڵ رێزماندا



PM:07:44:29/07/2023