لەیاری گەڕانەوەی میسی ئینتەر میامی 'لێدانێکی کوشندە'ی لە خولی ئەمریکی بەرکەوت

لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، ئەستێرەی  یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە گەڕایەوە بۆ یارییەکانی تیپەکەی، دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە بۆ ماوەیەکی زۆر بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتەوە.

 ئینتەر میامی لە گەڕی 32ی خولی ئەمریکیدا بە ئەنجامی 1-0 بە یانەی سینسیناتی دۆڕا، لە یارییەکەدا مێسی لە خولەکی 55 بەشداری کرد کاتێک وەک یاریزانی یەدەگ هاتە نێو یاریگا.

 بردنەوەی یانەی سینسیناتی بە فەرمی کۆتایی بە هیواکانی ئینتەر میامی هێنا بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناغی کۆتایی خولی تۆپی پێی ئەمریکا، دوای ئەوەی ژمارەی خاڵەکانی بە 33 خاڵ وەستا و لە پلەی 14 و پێش کۆتایی کۆمەڵەی کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتدایە و بە 7 خاڵ لە پلەی نۆیەمەوە دوورە.


 لیۆنێل مێسی لە یاری داهاتووی ئینتەرمیامی بەرامبەر شارلۆت لە 18ی ئۆکتۆبەر، لە قۆناغی پێش کۆتاییدا بەشداری ناکات، ئەمەش بەهۆی بوونی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بەڵام ڕەنگە لە کۆتا یاری ئەم وەرزەدا  بەرامبەر هەمان یانە بگەڕێتەوە.

 ئینتەر میامی هیچ ئامانجێکی دیکەی نابێت بۆ ئەم وەرزە دوای دۆڕانەکەی ئەم دواییە، ئەمەش گومان لەسەر ئەگەری بەشداریکردنی یاریزانەکە لە قۆناغی داهاتوودا دروست دەکات.

 لیۆنێل سکالۆنی ڕاهێنەری ئەرجەنتین مێسی بانگهێشتی لیستی پاڵەوانی جیهان کرد بۆ پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بەرامبەر پاراگوای و پیرۆ لە 12 و 17ی ئەم مانگەدا.


 جێگای سەرنجە کە مێسی تا ئێستا لە 13 یاریدا لەگەڵ ئینتەر میامی بەشداری کردووە، لەو ماوەیەدا 11 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئەسیستیشی کردووە، دوای ئەوەی لە هاوینی 2023 وەک گواستنەوەی بێبەرامبەر ڕووی لە تیپەکە کردووە.


AM:09:55:08/10/2023