وێنە.. لە شەڕ و پێکدادانێکدا لە سنە سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە شەهید بوون

لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) و هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە حەسەن‌ئاوای سنە، سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە شەهید بوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بڵاوی کردووەتەوە، بەرەبەیانی دوێنێ هەینی 2017/6/24 تیمێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە  و ئەندامانی ڕێکخستنی ئەو حزبە لە نزیک شاری سنە کەوتوونەتە کەمینی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و لە ئەنجامدا سێ کەسیان بەناوەکانی "سەباح حوسێن‌پەناهی، حامید حوسێن‌پەناهی و بێهزاد نووری" شەهید بوون.

بەپێی سەرچاوەکانی سەر بە سوپای پاسداران، یەکێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بە برینداری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە، بەڵام لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵەدا هیچ ئاماژەیەکی پێ نەکراوە.

هەندێ لە چالاکوانانی سیاسیی کورد ڕایانگەیاندووە کە لەو تێکهەڵچوونەدا شەش چەکداری هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و پێن کەسی دیکەش بردیندار بوون، بەڵام میدیاکانی ئێران باسی کوژران و برینداربوونی هێزەکانی خۆیان نەکردووە.



AM:09:44:24/06/2017