بەبەڵگە " فەزاحەتی وەزارەتەکەی ئاشتی هەورامی بڵاودەکرێتەوە"

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان " گەندەڵیەکی " گەورەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڵاودەکاتەوە کە وەزارەتی ناوبراو لە کۆی ٣٧٠٠ رێکخراو، بەتەنها داوا دەکات کۆمەکی ٢٤ رێکخراو بدرێت.

لە نووسێنێکدا کە سالار مەحمود سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵی مەدەنی لە پەرلەمانی کوردستان " بەڵگەی فەزاحەتێکی تری حکومەت! بزانن وەزارەتە رەشەکەی ئاشتی هەورامی چیتری کردوە! "  بڵاویکردۆتەوە هاتووە "بەپێی یاسای ژمارە یەکی رێکخراوە ناحکومیەکان هەموو هاوکاریەک بۆ چالاکی رێکخراوەیی و خەباتی مەدەنی لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پێویستە بەپێی فەندو پێشکەشکردنی پرۆژەو شایستەیی و بەرژەوەندی گشتی بێ و لە رێگەی فەرمانگەی رێکخراوە مەدەنیەکان بێ، بەڵام بەپێی بەڵگەیەک سەبارەت بە پێدانی هاوکاریی و بەخشین لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوتەوە بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ئاژانسەکان لە چوارچێوەی راپەڕاندنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی رێکخراوەکان (CSR)وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تەنیا (۲٤) رێکخراوەی دیاری کردوە کۆمپانیاکان مامەڵەی لەگەڵ بکەن لە کاتێکدا لە کوردستاندا لە ئێستادا زیاتر لە ۳۷٠٠ رێکخراو تۆمارکراون! ئایا بە چ حەقێک وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئەم جیاکردنەوەی کردوە؟ بۆچی سەرپێچی یاسای رێکخراوەکانی کردوە کە تەنیا حەقی فەرمانگەی رێکخراوەکانە بەم کارانە هەڵسێ؟پێوەری دیاریکردنی بیست و چوار رێکخراو چیەو بنەماکانی چین؟ بۆچی پرس و هاوبەشی لەگەڵ فەرمانگە نەکراوە؟".

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێگ "کە ئێمە بەدواداچونمان کردوە ئەوان ئاگادار نەکراون و نیگەرانن بەم دەستێوەردانە نایاساییە! ئێمە دەزانین بەم بەخشینانە و هاوکاریکردنی رێکخراوەکان بەو جۆرە وا دەکات چالاکی ئەو رێکخراوانە بەویستی حکومەت و نزیک بەخواستی حکومەت بێ. بفەرموون لەگەڵ لیستی ناوی ئەو رێکخراوانەی دراون بەکۆمپانیاکانی نەوت و دەقی یاداشتی ئێمە لە رۆژی ۱۷/۱۲/۲٠۱۷ لەر ێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئاراستە کراوە بۆ پێشچاوخستن و بۆ بەدواداچوون لەم بارەیەوە".
دۆکۆمێنتەکان



PM:08:03:23/12/2017