نەورۆز و ژن؛ چیرۆکی بەرخۆدان و ڕێگەی ئارادی

سۆما خالید

نەورۆز لە ڕوانگەی کوردەوە تەنها مژدەی‌ هاتنی بەهار و گۆڕینی وەرز و سەرەتای ساڵی نوێ نییە، بەڵکو هێمایەکی قووڵی بەرخۆدان و خەبات بۆ ئازادییە،  نەورۆز لە ناو دڵی کورددا مانایەکی زیاتر لە خۆشەویستی و شادمانی هەڵگرتووە،  مانایەک کە بە خۆڕاگری و  تەسلیم نەبوون دەناسرێت. 

بەپێی مێژوو و ئەفسانەی کۆن، نەورۆز پەیوەندیی بە چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر هەیە، ئەو کەسەی کە لە دژی زۆرداریی زوحاک ڕاپەڕی و بە ئاگرەکانی سەر شاخ مژدەی سەرکەوتنی گەیاند، هەر‌ بۆیە ئاگر لە نەورۆزدا تەنها ڕووناکی نییە، بەڵکو نیشانەی بەرخۆدانە، هەروەها لە مێژووی کوردیشدا بووەتە مەیدانی دەربڕینی ناسنامە و خواستی ئازادی کە کورد لەگەڵ داگیرساندنی ئاگر و گۆڕانی و ڕێوڕەسم دەنگی خۆی بەرز کردووەتەوە و پەیامی خۆی گەیاندووە.  

هەرچەندە مێژوو پڕ بووە لە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کورد، بەڵام نەورۆز هەمیشە وەک وەڵامێکی بەهێز ماوەتەوە، لەبەر ئەوەی نەورۆز بۆ کورد  پەیمانی بەردەوامی ڕێگەی ئازادییە، نوێبوونەوەی ڕوحی گەلێکە و بەرخۆدانە دژی‌داگیرکاران، ئەمەشل ەناو دڵی هەزاران کەسدایە کە بڕوایان بە ئازادی و ناسنامەی خۆیان هەیە. 

ژن، نەورۆز و کورد، سێ ووشەن و پەیوەندییەکی قووڵیان بە یەکدییەوە هەیە، ژن هێمای بەردەوامی ژیانە، نەورۆز هێمای نوێبوونەوەی سرووشتە، کوردیش هێمای خەباتی پاراستنی ناسنامە و ئازادییە، ژن بەشدارییەکی کارای هەیە لە پاراستنی زمان،  پاراستنی  کۆمەڵگە و گواستنەوەی کەلتوور لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی تر، لە کاتەکانی تەنگانەشدا، ژن بووەتە هێزی بەرخۆدان.

نەورۆز، وەک جەژنی نوێبوونەوە ئەو کاتەیە کە ژن بە جلی ڕەنگاوڕەنگی کوردی، بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ دەردەکەوێت، کە دەبێتە وێنەیەکی زیندووی کەلتوور و جوانی، بەڵام لە پشت ئەم جوانییە، چیرۆکی خەبات و ئازادی ژنان هەیە کە لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە پاراستنی خاک و ناسنامە ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە، نیشانیانداوە  ئازادی بێ ژن مانایەکی تەواو نییە.

سۆماخالید

21/03/2026




وتارەکانی تری نوسەر