پێگەی ژن لە دەسەڵاتدا

سۆما خالید

ژنان لەسەدا 50ی دانیشتووان پێکدەهێنن و بە رەگەزی دووەم دادەنرێت. پشکی زیاتر لەسەدا 30یان لە لیستی هەڵبژاردندا هەیە،بەڵام پێویستە رێز لە دادپەروەری بگیرێت.ژنان لەزۆرێک لە پیاوان باشتر و لێهاتووترن و توانایەکی زۆریان هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی وڵات لە بوارە جۆراوجۆرەکاند، بۆیە
دەبێت دەسەڵات و پارتە سیاسیەکان رەچاوی بەشداریکردنی ژنان بکەن تا بێنە مەیدانی گۆرەپانی سیاسی و رۆڵی خۆیان بگێرن، نەک بە کەمینە دابنرێن. ئەو کات دەبێتە دیموکراسییەکی ناتەواو. 

ژنان چەندین ساڵە هەوڵدەدەن بەڕێوبەردنی پۆستە سەرەکییەکان بگرنە دەست نەک پۆستە لاوەکییەکان.بەڵام بە پێچەوانەی هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی لە سەدا 30 لە بوارەکاندا بوونیان هەبێت بوونیان بەهەند وەرناگیردرێت.لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پێویستە گرنگی بە بوونی ژنان بدرێت نەک پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی بوونیان. هەرچەندە سەرەڕای هەموو بەربەستەکانی بەردەمیان بە باشی گەشەیان کردووە و نیشانیانداوە کە دەتوانن شانبەشانی پیاوان کاربکەن ئەگەر ببینرێن، بۆیە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی کۆڵ بدەن و داوای پشکی لانیکەم لە سەدا 30 بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵێک ببینین لە خزمەتکردندا. 

هەندێک پیاو ژنان بە نیوە دادەنێن و ئەمەش ڕیسوایی و گەڕانەوەیەکی گەورەیە بۆ سەردەمی بەرد، بەپێی بنەماکانی شۆڕش، ژنان ڕۆڵێکی گەورەیان لە شۆڕش و سەرکەوتنەکاندا گێڕاوە و ئێستا ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە بوارەکاندا. هەموو ئەم هەوڵانەی ئێستا بەدەستهێندراوە بەتەنیا شۆرشی پیاوان نەبووە و نابێت پیاوان بەتەنیا ببنە حوکمی باڵادەست،.دەبێت ژنانیش وەک ئەوان ڕۆڵیان هەبێت لە دیاریکردنی بەشی خۆیان لە دەسەڵاتدا و بە یەکسانی سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، نابێت ئەو دەرفەتە لە دەست بدەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا. هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ سەرکوتکردنی بیری نەرێنی دژی ژنان و نابێت ببێتە  نائومێدیمان لە خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردن.

ژنان دەبێت هەوڵەکانیان زیاتر چڕ بکەنەوە بۆ کارایی و کاریگەربوونیان نەک تەنها لە ئاستی تۆمارکردندا و راکێشانی دەنگ بێت بەلکو لە گۆڕەپانە سیاسییەکاندا بەجدی کار بکەن و خۆیان بن نەک بە بۆچوونی پیاوانە بڕیار بدەن، لەبەر ئەوەی پۆستەکانیان لە چوارچێوەی سیاسییەوە وەردەگرن و لە لوتکەی تەوژمە سیاسییەکانی پیاواندان،بە بۆچوونی پیاوان قسە بکەن. 
ژنان هەمیشە بەوە ناسراون کە زیاتر بیر لە بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە وەک لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان، چونکە ڕۆحی ژنان بە شێوەیەک دروستکراوە کە زیاتر بیر لە کەسانی دیکە بکەنەوە وەک لە خۆیان. بۆیە رۆڵی هاوبەشیان هەیە لە بوارەکانی بڕیاردان بۆ خەڵک و پاراستنی تەندروستی بەڕێوەبردنی وڵات و پلاندانانی قووڵ و فراوان لە بوارە
 جۆراوجۆرەکاندا.

29/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر