پێش لێکۆڵینەوە، پێش دادگا؛ کێ بڕیار لە کوشتنی ژنان دەدات؟
سۆما خالید
لە هەندێک کەیسی گیانلەدەستدانی ژنان بەشێوەی گوماناویی، پێش ئەوەی دادگا، پۆلیس یان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەی یاسایی تەواو بکەن، هەندێک میدیا بە خێرایی هۆکاری گیانلەدەستدانەکە بە خۆکوژی پێناسە دەکەن، ئەمجۆرە میدیانە تەنها هەڵەیەکی پیشەیی نییە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر دۆزینەوەی ڕاستی، دادپەروەری و متمانەی گشتی بە دامەزراوەکانی دادوەری درووست بکات، ئەرکی سەرەکی میدیا گواستنەوەی ڕاسیییەکانە، نەک بڕیاردان پێش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان.
هەروەها شێوازی راگەیاندنی هەندێک میدیا دەتوانێت ناهۆشیارانە وێنەی تاوانبار بپارێزێت، کاتێک هەموو سەرنج بۆ خۆکوژی دەچێت، پرسیارە گرنگەکان لەسەر هۆکاری مردن، کەسانی پەیوەندیدار و ئەگەری تاوان پەرواێز دەخرێت، ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەموو کەیسێک تاوانە یان شاردنەوەی تاوانی تێدایە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە هیچ ئەگەرێک نابێت پێش لێکۆڵینەوە لەبەرچاو نەگیرێت.
کاتێک وشەی خۆکوژی پێش دەرچوونی ئەنجامی فەرمی بەکاردێت، ئەگەرەکانی تری وەک توندوتیژی خێزانی، کوشتنی ئامانجدار، پاڵنەری دەروونی یان هەر جۆرە تاوانێکی تر دەشاردرێتەوە، لەو کاتەدا ڕایگشتی ئاراستەیەکی دیاریکراو وەردەگرێت و لێکۆڵینەوەش دەتوانێت لە ژێر کاریگەری ئەو ڕوایەتەدا بێت، ئەگەرچی هەر کەیسێک پێویستی بە لێکۆڵینەوەی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام دەربڕینی ئەنجام پێش تەواوبوونی لێکۆڵینەوە هیچ بنەمایەکی پیشەیی و یاسایی نییە.
لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی، ئەم دیاردەیە زۆرجار پەیوەندی بە عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە هەیە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژن هێشتا بە شێوەیەکی یەکسان سەیر ناکرێت، کوشتنی ژن زووترین جار بە خۆکوژی لێکدەدرێتەوە، لەبری ئەوەی پرسیار لە دەوروبەری بارودۆخی ژیانی، ئەگەری توندوتیژی یان بەپرسیار لە کەسانی تر بکرێت، بۆیە ژن تەنها قوربانیی ڕووداوەکە نییە، بەڵکو قوربانیی ڕەوایەتیدانیشە کە بەبێ بەڵگە لەسەری درووست دەکرێت.
لایەنێکی تری ئەم کێشەیە بریتییە لە دەستێوەردانی حزبە سیاسییەکان یان چارەسەری عەشایەری، کاتێک حزب و کەسایەتییە سیاسییەکان شوێنی یاسا دەگرێتەوە، سەربەخۆیی دادگا و لێکۆڵینەوە زیان دەبینێت، هەندێک جار کەیسەکان بە سولحی عەشایەری یان ڕێککەوتنی دەرەوەی دادگا کۆتاییان پێدێت، بەبێ ئەوەی ڕاستی بە تەواوی دەرکەوێت یان تاوانبار ئەگەر هەبێت، بەرپرسیاریی یاسایی هەڵبگرێت، ئەم دیاردەیە کەلتووری بێسزایی بەهێز دەکات و دەردەکەوێت هەندێک کەس بەرانبەر یاسا وەستاونەتەوە.
لەو نێوەندەدا، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان وەک دامەزراوەی پارێزەری پیشەی ڕۆژنامەوانی، پێویستە چاودێریی پابەندبوونی میدیا بە ڕێساکانی ئەخلاقی و پیشەیی بکات، ڕێنمایی و فێرکاریی پێویست بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بکات و لە کاتی هەڵسوکەوتی ناپیشەییدا هەڵوێستی دیار هەبێت.
لە هەمان کاتدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری وەک دامەزراوەی بەرپرسیار لە بواری ڕێکخستن و چاودێریی کاری میدیا، دەبێت لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنمایییەکان بێلایەن بێت و هانی دامەزراوە میدیاییەکان بدات ستانداردە پیشەیی و ئەخلاقییەکان لە نیشاندانی کەیسە هەستیارەکاندا، بە تایبەتی کەیسەکانی گیانلەدەستدانی ژنان و کوشتنی ژنان جێبەجێی بکەن.
لە کۆتاییدا، پاراستنی مافی ژنان تەنها بە یاسا جێبەجێ نابێت، بەڵکو پێویستی بە میدیایەکی بەرپرسیار، دادگایەکی سەربەخۆ و دامەزراوەیەکی بێلایەن هەیە، میدیا دەبێت تا دەرچوونی ئەنجامی فەرمی لە بەکارهێنانی وشەی خۆکوژی بپارێزێت و لەبری ئەوە وشەگەلی وەک( هۆکاری ڕووداوەکە هێشتا دیاری نەکراوە یان بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستداوە یاخود لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە ) بەکاربهێنێت، هەروەها هیچ حزبێکی سیاسیی یان چارەسەری عەشایەری نابێت شوێنی یاسا بگرێتەوە، تەنها لە ژێر سێبەری سەروەری یاسا لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و ڕاگەیاندنی بەرپرسیارانەدا دەتوانرێت مافی قوربانی، مافی بنەماڵە و مافی کۆمەڵگە بۆ زانینی ڕاستی بپارێزرێت.
16/07/2026
وتارەکانی تری نوسەر