دادگایەکی ئەڵمانی بڕیاریکی گرنگی لەبارەی جینۆسایدی شەنگالەوەدا

سالار مه‌حمود
دادگای باڵا لە فرنکفۆرت سزای تۆمەتباری عیراقی تەھا جومەیلی تەمەن ٣٨ دا بە سجنی ھەتا ھەتایی، بەتاوانی بەشداریکردن لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی کۆمەڵکوژی دەرھەق بە ئیزیدیەکان لە ٢٠١٤/٨/٣ لە شەنگال.

بەگوێرەی بەڵگەکانی دادگا تاوانبارەکە چوتە ریزی داعشەوە لەمانگی سێی ساڵی ٢٠١٣ەوەو چەندین پۆستی لە ریزەکانی داعش وەرگرتوە لە رقەی سوریا پایتەختی داعش. ھەروەھا لە عیراق و تورکیاش.. ساڵی رابردوو لە یۆنان دەستگیراکراوەو رادەستی ئەڵمانیا کراوە، چونکە لەوێ سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.

ئەم بڕیارە دۆسیەیەکی گرنگە بۆ پەرەپێدان بەم پرۆسە یاساییە لە دادگاکانی ئەوروپا. 

هاوکات مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو، دادگای فرانكفۆرت سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر "جینیفەر فینیش" هاوسەری تەها جومەیلیدا سەپاند، كە هاوڵاتییەكی ئەڵمانییە و تاوانبارە بەوەی كچێکی ئێزیدیی بە تینوێتی هێشتۆتەوە و کوشتویەتی.

شایانی ئاماژەیە حکومەتی عیراقی بەھیچ جۆرێ پشتیوانی ئەم دۆسیانە ناکات

حکومەتی ھەرێمیش تەنیا بەمەعنەوی ھاوکارە، بەدواداچوونی ئەم دۆسیانە پێویستی بە بودجەو ھاوکاری مادی ھەیە.

گرنگە حکومەت و پەرلەمانی ھەرێم ئەم ھەنگاوو بڕیارانەی وڵاتانی دەرەوە بەبایەخ وەرگرن و لە نزیکەوە ھاوکار بن بۆ بەئەنجام گریشتنی ئەو دۆسیانەی شارەزایان و رەوەندی کوردی و دۆستانی مرۆڤایەتی و کەسوکاری قوربانیان کاری لەسەر دەکەن.
ھەر ھەوڵ و ھاوکاریەک لەو پێناوەدا جێ دەگرێ. 

حکومەتی ئیتحادی ھیچ ھاوسۆزی و ئینتمایەکی بۆ دۆسیەی جینۆسایدی کوردستان نیە نە لە ئاستی ناوخۆو نەلە ئاستی دەرەوەش.

30/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر