ماڵی سپی گۆڕان بۆ کام ڕۆژی ڕەشە؟

پەیمان عێزەدین
گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی ناڕازیی لە دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان هاتە مەیدان.هەر ئەو ناڕازیبونەشی ئومێدێکی گەورەی بەخشیە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ، تا ئەو ڕادەیەی لەیەکەم هەڵبژاردنەوە بوە کوتلەیەکی گەورە وبەهێزی پەرلەمانی.
هەڵبەتە هاوتەریب لەگەڵ دروشم و ئامانجەکانی گۆڕان ، کەسێتی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش کاریگەری ئەرێنی هەبو لەسەر دروستبونی بڕوا و متمانەی خەڵک بەو ئامانج و دروشمانە،بەڵام ئەوەی گرنگە سەرکردایەتی گۆڕان لەبەرچاوی بگرێت ئەوەیە کە متمانە و پشتیوانی خەڵک خۆشەویستی دەروێشانە نیە تا ئەبەد بمێنێتەوە و هەر کات ئەوان بیریان کەوتەوە و ئارەزویان هەبو بە چواردەوریانا هاواری(ئەیگۆڕین) بەرزبێتەوە.
ئەوەی ئێستا لە هەڵوێست و لێدوانەکانی گۆڕان ئەخوێنرێتەوە ، دابڕانێکی گەورە و بۆشاییەکی گەورەتری نێوان گۆڕان و داواکاریەکانی خەڵکە.
ئەو کاتەی جامی توڕەیی خەڵک لێی دەڕژێت و کارکردن و ژیان بایکۆت دەکەن،گۆڕان داوای ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە دەکات.
کە هاوڵاتیانیش هاواری برسێتی و نەبونیان لێبەرزدەبێتەوە ،گۆڕان داوای گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی دەکات.
کاتێکیش زۆربەی چین و توێژەکان داوای هەڵوەشانەوەی حکومەت دەکەن ، گۆڕان باس لە پڕۆژەی چاکسازیەکەیان دەکەن کە ئامادەیان کردوە و بۆ کاتێکی گونجاو هەڵیانگرتوە!!!
برادەرانی گۆڕان کام کاتە گونجاو و کام پڕۆژەی چاکسازی و کامە دۆخ کە ئەتانەوێت ئاسایی بکرێتەوە؟!!
چۆن دەتوانن گەندەڵیەکی ٢٥ ساڵە بنبڕ بکەن؟ بە چ پڕۆژەیەک پارەی دزراوی میللەت دەهێننەوە؟ پڕۆژەی چاکسازیتان بۆ کامە ڕۆژی ڕەش هە ڵگرتوە و چ ڕۆژێکی لەمە ڕەشتر ماوە؟
هاوڕییان ئاساییکردنەوەی دۆخ ئەو دەستەواژە هەڵخەڵەتێنەرەی پارتی و شەریک و پاشکۆکانێتی کە خەڵک و گۆڕانی پێ دەخەڵەتێنن،تکایە مەچنە ژێر کاریگەری ئەو پڕۆسەی خەڵەتاندنەو لە داخراوی کۆبونەکانتان ببنەوە و بزانن تاکە پڕۆژەی چاکسازی یەکخستن و ئاڕاستەکردنی دەنگە ناڕازیەکانی خەڵکە و کارکردنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەت و سیستمە سیاسیە شکست خواردوە.
ئەگەر نا هەمو هەوڵ و پڕۆژەیەکی تر خزمەتکردنە بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە.


11/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر