دیاردەی بەكارهێنان و تەقەكردن ؛ بە بێ منەتیی و بە بێسڵكردنەوە لە دەرەنجام و لێكەوتە و كاریگەرییە خراپەكانی لەسەر ڕەوشی سەقامگیریی و ئارامیی و ئاسایشی شار و لەسەر باری دەروونیی خەڵك ، هاوكات بوونی بە هۆكار بۆ دروستبوونی بێ متمانەیی ؛ بە دامودەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش و دەسەڵاتی دادوەریی ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە تەشەنەسەندندایە و ماوە نا ماوە ، هەواڵی ڕوودانی دەستدرێژیی و هەڕەشە و پەلاماردان و هەڵكووتانە سەر بە چەك و تەقەكردن و كوشتن و برینداركردنی چەندین هاوڵاتی بێ تاوان و كار مەندی دامودەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش و بازگەكان ، بە فراوانیی لە تۆڕەكانی میدیا و سۆشیال میدیادا بڵاوئەبێتەوە.
ئەم كردەوانە زیاتر لە لایەن كەسانێك ئەنجام ئەدرێت ؛ كە هەست بە بوونی پشتی بەهێز و داكۆكیكاری دەستڕۆیشتوو ئەكەن ، بۆیە بە ئەوپەڕی خەمساردیەوە ؛ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ برەو بەم دیاردە قێزەوونە ئەدەن و هیچ ترسێكیان لە دادگا و لە سزادان نەماوە !
لە دوایین نموونەدا پاسەوانەكانی گۆرانیبێژێك ئەیقڵیشێننەوە ، ئەمە لە كاتێكدا گۆرانیبێژ لە چوارچێوەی ئەو توێژانە ئەژمار ئەكرێن ؛ كە خۆشی و ئارامیی و چێژی دەروونیی ئەبەخشن بە كۆمەڵگە ، لەم ڕووەوە مۆسیقار و گۆرانیبێژە ڕەسەنەكان درێغیان نەكردوە ، بەڵام ئایە لە ئێستادا ڕەوایە بە ناو گۆرانیبێژێك ، چەند پاسەوانیكی تایبەتی هەبێت و لێمان ببنە خولە پیزە و بیقڵیشێنێتەوە؟ ، یان بە ناو گۆرانیبێژێكی شایەری ممنگی تر؛ خۆی بكاتە خولە چەخماخە و چەند ساڵێك بەر لە ئێستا ؛ هاوڵاتیەك بریندار بكات و ڕاكاتە باوەشی دەسەڵاتدارانی دەڤەرێكی تر و پارێزراو بێت !!
پێویستە سزای توندی هەر كەسێك بدرێت ؛ كە یاسا پێشێل ئەكات و بە نا یاسایی چەكی هەڵگرتوە و تاوانی پێ ئەنجامداوە ؛ نەك سوڵحیان بۆ بكرێت ، یان فشار و گوشار و سیناریۆی جیاواز بۆ پەردەپۆشكردنی تاوانەكانیان ؛ بگیرێتەبەر و دەربازیان بكەن ، ئەمە شوێنەوار و كاریگەریی خراپ لەسەر دەسەڵاتی (یەكێتیی) لەم دەڤەرە دروست ئەكات ، پێویستە سەرۆكایەتی (یەكێتی) بە مەچەكێكی بەهێز و بە توندیی بەگژ ئەم دیاردەیەدا بچێتەوە ، كە ئاسایشی كۆمەڵایەتی تێك ئەدات و بریتیە لە جۆرێك لە تاوان بە تامی تیرۆر !!!