دانیشتوانی پارێزگاکانی (هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و سۆران) سودمەند ئەبن و ڕزگاریان ئەبێت لە حوکمی تاکڕەوی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانیان. دابەشکردنی داهات و دەسەڵات بەسەر پارێزگاکاندا باشترین سیستەمی بەڕێوەبردنە کە لە وڵاتانی دەوڵەمەند و پێشکەوتوی وەکو ئەمریکا و ئەڵمانیا و سویسرا و ئیماراتدا پەیڕەو دەکرێت.
حزبێک و دەستوپێوەندەکانیان چەندین ساڵە داهات و دەسەڵاتیان قۆرخ کردوە و کوردایەتیان کردوە بە کەرەستەیەک بۆ بردنی موچەی فەرمانبەران و تاڵانکردنی ملیارەها دۆلار لە مەلەفی نەوتدا، سەرباری هەموو ئەمانەش دەڵێن گوایە ٣٢ ملیار دۆلار قەرزارن؟!!! بێگومان ئەو توێژە سیاسیە گەڕانەوەی موچە و پاشەکەوت و بودجەی پارێزگاکانیان پێناخۆشە چونکە دەیانەوێت درێژە بەم دۆخە بدەن کە تیایدا چەندین ساڵە بە ناوی کوردایەتیەوە میللەت فریوئەدەن و سامانەکەی تاڵان ئەکەن و بەرەو لێکترازانی ئەبەن. لە کاتێکدا نیشتیمانپەروەری و کوردایەتی بەدەسهێنانی موچە و پاشەکەوت و بودجەی پارێزگاکانە، نەک تاکڕەوی و تاڵانی. دەرکەوت کە پشودرێژی و کۆڵنەدان دەتوانێت واقعێکی تازە بخوڵقێنێت.
بەداخەوە زۆر کەس قەڵای ورەیان ڕوخا؛ پێیان وابوو کە مادەم حزبێک سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەی بردووە و بەهێز بووە، دەبێت ڕێگای بۆ چۆڵکەن و تەسلیمی بن. بەڵام دەرکەوت ئەگەر مرۆڤ ئیرادەی هەبێت و بە پارە و پۆست فریو نەخوات، دەتوانێت بە سەربەرزیەوە لە خزمەتی میللەتەکەیدا بێت.