بۆشایی سیاسی

بەیار عومەر عەبدولآ
زەرەرمەندی یەکەم لەم هەڵبژاردنەدا بزوتنەوەی گۆڕان بوو؛ کەمتوانایی و کەمتەرخەمی سەرکردایەتی بزوتنەوەکە و بەشداری لاواز و بێبەرهەم لە حکومەت و لە سەرو هەمویانەوە تەسلیمنەکردنەوەی گردی زەرگەتە کە موڵکی گشتی بوو، وایکرد کە گۆڕان لە بزوتنەوەیەکی جەماوەریەوە ببێتە کۆپیەکی خراپی حزبەکانی دەسەڵات.

یەکێتیش دەرفەتی هەستانەوەی هەبوو بۆ ڕێککردنەوەی باڵانسی هێز و خزمەتکردنی زۆنی سەوز، بەڵام بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە پاشەکشەیەکی بەرچاوی کرد.

لە بەرامبەردا هیچ حزبێک براوە نیە، چونکە دەنگی هەموو حزبەکان کەمیکردوە. نزیکەی ٦٠% ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستاندا بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردوە.

پارتی کە زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە، تەنها ١٤% ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستاندا دەنگیان پێداوە، کە تەنها ٨٪ ی دانیشتوانی هەرێم دەکات. بۆشاییەکی سیاسی گەورە کەوتۆتە نێوان هاوڵاتیان و سەرجەم حزبەکانەوە، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە.

بۆ هاوڵاتیان ڕونبۆتەوە کە حزبەکان لە هەرێمی کوردستاندا لە وەسیلەیەکەوە بۆ خزمەتی کۆمەڵگا، بون بە ڕێگەیەک بۆ دەوڵەمەندکردنی چەند کەس و گروپ و بنەماڵەیەک. تەنانەت جۆرێک لە ئۆپۆزسیۆنی کاتی دروست بووە، کە ماوەیەک ڕۆڵێکی توندڕەوانە دەبینن بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگی هاوڵاتیانی ناڕازی، دواتریش ئەو هێزە بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی پارە و بەدەستهێنانی پشک لە بواری نەوت و گاز و گومرگ و خانوبەرە و کەرتەکانی تردا. سەرەنجام متمانەی هاوڵاتیان لەدەستدەدەن.

هیچ گرەنتیەک نیە کە هێزە ئۆپۆزسیۆنە نوێکان هەمان ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنە کۆنەکان نەبینن و دیسان هاوڵاتیان بێئومێد نەکەنەوە. لە ئایندەدا ئەگەر بۆشایی نێوان دەنگدەر و دەسەڵات پڕنەکرێتەوە بە باشکردنی موچە و پێشخستنی ئابوری هەرێمی کوردستان و بەگژاچونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزاریەكان و کەمکردنەوەی ناعەدالەتی جوگرافی لە ڕێی فیدرالیەتی پارێزگاکانەوە، دور نیە ئەو ٦٠% ەی ئەمڕۆ بایکۆتیان کردوە، سبەینێ ببنە هێزێک بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەری کە تیایدا تەڕ و و شک بسوتێت و بێینەوە سەر خاڵی سفر. پرسیاری جدی ئەوەیە کە کێ دەتوانێت لە ئایندەدا ڕێگری لە ڕودانی کارەسات بکات و ئەو بۆشاییە سیاسیە پڕبکاتەوە؟!

30/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر