پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە هەڵبژاردن دەترسن

ئارام جەمال

ئەندازیارانی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەم مێژووەتان پیرۆز بێت..!

رۆژی (05-10-2022) سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و هەر سێ حزبی پێکهێنەری حکومەت (پارتی، یەکێتی، گۆڕان) پێیانوتین کە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جگە لە چاوبەستەیی و گەمەیەکی پێشوەخت داڕێژراوی نێوان ئەو سێ لایەنە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێم شتێکی تر نەبوو، هاوکات (11) ئەندامەکەی پێکهاتەکانیش بۆ جاریکی دیکە ئەوەیان بۆ دووپاتکردینەوە کە ئەوان رۆڵی پەکخەر دەگێڕن لە پرۆسەی گەشەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا.

دەکرا هەموو ئەو بڕگە و ماددانەی لە یاسای هەڵبژاردندا بە حساب جێگەی ناکۆکی نێوان ئەندازیارانی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بوون (وەک یەکبازنەیی، فرەبازنەیی، کورسی پێکهاتەکان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن) چارەسەربکرێن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوانەخرێت، بەڵام ئەوەیان نەکرد لەبەرئەوەی ئەم هێزانە بە تەنگ شکۆ و چارەنوسی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و شەرعیەتی دامەزراوەکانییەوە نین و بڕوایان بە بنەماکانی دیموکراسی و سەروەری یاسا نییە و هێزگەلێکی دەسەڵاتخوازن.

لەم دۆخەدا ئەوەی دەکەوێتە سەر پەرلەمانتارانی دەرەوەی ئەندازیارانی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەوەیە هەتا رۆژی 06-11-2022 مومارەسەی شەرعیەتی یاسایی خۆیان بکەن و لەو بەروارە بە دواوە وازبهێنن، ئەگەرنا ئەوانیش دەبنە بەشێک لەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان لەسەر پێشنیازە یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کرد.

ئەوەی لە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەمجارەی پەرلەماندا جیاوازترە لە هەر چوار دواخستنەکەی تر ئەوەیە کە ئەمجارەیان بەشێک لە پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان چوونە پاڵ یەکێتی و پارتی و پێکهاتەکان و ئەو مێژووە ناشرینەیان بۆ خۆیان تۆمارکرد. 

درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان یەک راڤە هەڵدەگرێت ئەویش ئەوەیە کە ئەو هێزانە (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) لە هەڵبژاردن دەترسن و دۆخی جەماوەرییان خراپە، بەڵام دەبێت ئەو هێزانە ئەو وتەیەی جنیین بلاسخارتیان بیرنەچێت کە وتی: (دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆیدا سەردەکێشێت بۆ ئەوەی کە چیتر هیچ هەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجام نەدرێت...)، واتە ئەمە دوا دواخستنیان دەبێت..

06/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر