تەختی خەوی پێنج نەفەری

دلێر محەمەد
بەدەر لە شەرع و  بە دەر لە بیانووە ئایینی و مێژووییەکانی، پشتی دیاردەی فرەژنی، چەند سەرنجێکی کەمێک فەلسەفی هەن، هەق وایە بخرێنە بەر چاو.

ئەو سەرنجانەش ، ڕەنگە بمانخاتە پێکەنین، بمانگرێنن، بمانتاسێنن یان هەر هەستێکی تر کە پێمان ببەخشن. بەڵام گەر ڕاستگۆ بین لە گەڵ خۆمان هیچ دڵخۆشمان ناکەن. دواجار کاری بیرکردنەوەی  فەلسەفیانەش هەر ئەمەیە. بەوەی کە تەماشای شت و دیاردەکان بکات، لە گۆشە نیگای جیاوازەوە، تا زۆرترین سەرنج و تێڕامان و پرسیار بووروژێنێ.

گەر بە پرسیارێکی فەلسەفی  دەست پێ بکەین: ئایا ژن و پیاو یەکسانن یاخود هەق وایە، یەکسان بن؟ بۆوەڵام دانەوەش ئەبێت ئەوە لە بەر چاو بگرین کە: ژن یان پیاو بەتەنها  نیو مرۆڤن.

 تۆ کە دەڵێی مرۆڤێک، ڕەنگە مەبەستت ژنێک یان پیاوێک بێت. خوداش ئەگەر ڕەحمەتێکی بەخشی بێ بە مرۆڤ، دەبێ بە یەکسانی ئەو مەکرەمەیە،  بنرێ بە سنگی ژن و پیاوەوە وەکو یەک. خۆ ئەگەر بنرێ بە تەنها بە سنگی پیاوەوە، ئەوا دراوە بە نیوەی مرۆڤ و نیوەکەی دیکەی لێ بێبەش بووە.

ئێستا ئێمە ئەگەر بزانین، سێکس و سۆزداری و هاوسەرگیری بە وێنەی ئۆکسجین و ئاو و خۆراک بۆ مرۆڤ پێویستن، ئەوا ناکرێت مرۆڤی پیاو و مرۆڤی ژن  وەکو یەک مافیان لە ئۆکسجین و ئاو و خۆراک وسێکس و سۆزداری نەبێت. جا حیکمەت چیە کە پیاو دەبێ لە بڕی سۆزداری و سێکسی سێ هێندەی ژن بکەوێت. 

جا ئەگەر ئەمە کارێکی باشە، با بۆ ژن و پیاو بێ وەکو یەک بێت ، خۆ ئەگەر خراپیشە با بۆ کەسیان نەبێت.

ئەوجا بیهێنە بەر چاوی خۆت، کە  لە دونیا مەجازییە یەکسانییەکەی ژیان،  ژن بۆی هەبێت شوو بە چوار پیاو بکات و کاتێ بە بازاڕدا دەخولێتەوە، وەکو ئیلیزابێس‌ چەند بودی گاردێک هەمیشە بە دەوریەوە دەبوون. پیاوی چوار ژنەش دیمەنەکەی هەر لە کەڵەبابی ناو مریشک ئەچێت. سروشتیترین بیانووش بۆ کۆتایی ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە ناسروشتییە چ ژن  و چ پیاو زیاتر لە کەسێک سەرینیان لە گەڵ بەش بکات.

هەر بۆیە جگە لە ناسروشتی بوونیشی، نا عەدالەتییەکی گەورەشە بۆ هەژاران. گریمان بیانووە ئایینییەکانی فرەژنی بەجێن بۆ ئەمڕۆ. باشە بۆ دەبێت بە تەنها پارەدار و قەپاتەکانی  دونیای سیاسەت و ئابوری بتوانن بە دەسەڵات و پارەکانیان دووەم و سێیەم و چوارەم ژن بهێنن.

ئەمەش ئیتر ژنهێنان نیە و پڕۆسەکە  ژن کڕینە.  هەر بۆیە پڕۆسەی فرە ژنی  ناعەدالەتییە لە ژن بە پلەی یەکەم  و ناعەدالەتیشە بەرانبەر بە پیاوی هەژار ، کە توانای مادی ژنێکی نیە، چ جای چوار ژن. 

لە ڕووی هەستی مڕۆڤانە و بریندار کردنی ئەو شوێنەی مرۆڤ کە پێی دەڵێن نەفس، یاخود ئەو بەشەی  هەستەکان کە پەیوەستە بە ویژدانەوە، دەبینین گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە بە بوونی خودی ژن. جا ئەو ژنانەی کە بەشێکن لەم پڕۆسەیە و نکۆڵی لەو هەستە بریندارەی خۆیان ئەکەن و بگرە بە ناچاری یان لە بەر  کەوتنە ڕقەوە بەرگری لە فرە ژنیش دەکەن، ئەوا من دڵنیام هەر شەوێک کە مێرد لە لای یەکێ لە ژنەکان دەمێنێتەوە، ئەوا سێیەکەی دی لە جێی شوکرانە و تاعەت لە مەراقی ئەو شەوەدان. 

خودا یان سروشت، خۆی وای دروست کردووین خاوەنی یەک دڵین  و بۆ یەک دڵ دەژین، کە دڵ و هەستی سێکسی، بوون بە چەند بەشێکەوە ئەوا ئیتر پڕۆسەکە لە هاوسەرییەوە ئەبێت بە فرە سەری و سۆزەکەش دابەشی چەند دڵێک دەبێ و مافی هیچ کامیشیان بە تەواوەتی نادرێ. تەنها مافە مادییەکان نەبێ، کە پیاوی فرە ژن دەوڵەمەندە و بۆی دابین دەکرێ بۆیە خاوەنی چەند ژنێکە، ئەمەش بە ئاشکرا پێمان دەڵێ گرنگ لایەنی مادی نێوان ژنەکانە کە دادپەروەری تیا بێ، ئیتر بەندێک نەهاتووە لە شەرعدا کە بڵێ، دەبێ دادپەروەری لە  لایەنی سێکسی سۆزداریشیان ڕەچاو بکرێ. ئەمەش بۆ خۆی ناعەدالەتییەکی دیکەیە. ماوەتەوە بە گفت و گۆیەکی بەندە و ئەوروپییەک، کۆتایی بەم باسە بێنم کە دە ساڵ بەر لە ئێستا ڕووی داوە . ئەو کەسە هاوڕێ  کارم بوو، وە  تازە بەم بەزمی فرە ژنییەی زانی بوو.

بەیانییەک هاتە بەردەمم و پرسی، ئەری سەبارەت بەوانەی چوار ژنیان هەیە ، تەختی خەوەکەشیان پێنج نەفەرییە؟ منیش وتم نەحێر هەر ژنە و ژووری خۆی هەیە و تەختی دوونەفەری خۆیشی هەیە. ئەنجا وتی: ئەی نەدەکرا لە یەک ژووری گەورە و یەک تەختی خەوی پێنج نەفرییان ببووایە؟ کەم مەسرەفتر نەدەبوو؟ منیش وتم: بەڵام شەرمە و ڕێگە نەدراوە ژنەکان ئەوەکانی یەکتری ببینن. ئەنجا پرسی:

ئەی شەرم نیە پیاوەکە هی هەموویان ببینێ و هەمووانیش بەوە بزانن؟ هەر خۆیشی وەڵامی خۆی دایەوە و وتی: باوەڕ ئەکەم چاکترە جیابن، چونکە دواتر لە سەر پیاوە لێیان دەبوو بە شەڕ و هەموو شەوێ پیاوە  بە ڕووتی دەیدایە کۆڵان. 

بەمەش وازی نەهێنا و وتی: بەڵام ئەزانی، کێشەیەکی تەندروستی بەردەوامتان دەبێت، بەوەی هەر کەسێکیان تووشی  نەخۆشی ئەندامی زاوزێ بوو، دەبێت هەمووان چارەسەر‌ وەربگرن، بیرتان لەمەش کردۆتەوە؟

منش پاڵێکم پێوەنا و وتم: دە بڕۆ بەولاوە ، تۆ بۆ لە منت ئالاندووە؟ خۆ من چوار ژنم نەهێناوە، تا بیر لەو هەموو پرسیار و گوومان و سەرنجانە بکەمەوە. بەم جۆرە منیش و ئەویش و ئەوانەی دەروبەر‌ دامانە قاقای پێکەنین.

جا برای خاوەن فرەژن، ئەوەی لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیە تەماشای خودی پرۆسەکە بکات و بێلایەن بیری لێبکاتەوە و کەمێک فەلسەفەی پێوە لێ بدات ، وەهای ئەبینێت. هەر بۆیە بەر لەوەی کەسێک ژنی دووەم بێنێ، دوور لە یەساکەی شەرع  کە ڕەنگە بۆ دۆخێکی مێژووی دیاریکراو دەرکرا بێ، باشترە کەمێک بیر لەو هەموو پرسانە بکاتەوە و تەماشای سەرەوە بکات و تەنها بیرێ  لە لای خوار پشتێنەکەی نەبێت، دونیا پێنج و دوو ڕۆژێکە و گاسنی گایەک  هەر یەک وەردی پێ دەکێڵدرێ.

05/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر