چاوەڕوانی چی لە جووەکان بکەین؟

دلێر محەمەد
کارل شۆتس ڤیبیا ١٩٤٧، دیبلۆماتکاری نەریجی و نووسەری کتێبی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوماندایە)یە. لەم ڕۆژانەی پێشوو لە هەژماری تایبەتی فەیس بووکی خۆیدا، لیستێکی سەبارەت بە ژمارەی جوولەکە بڵاوکردبووەوە. ئەو لیستە تایبەت بوو بە ژمارەی ئەو جوولەکانەی کە لە وڵاتانی عەرەبی وەدەرنراون بەرەو ئیسرائیل لە ١٩٤٨ بەدواوە. ئەو جوولەکانەی وەکو هەر هاوڵاتییەکی دیکەی ئەو وڵاتانە، خۆیان بە خاوەن ماڵ ئەزانی و تاڵی و تفتیان، لە گەڵ نەتەوە و ئایینییەکانی دیکە چەشت بوو. دواتر بە بێ ویست و ئارەزووی خۆیان و بە زۆرە ملێ لە زێدی خۆیان، بەرەو ئیسرائیلی تازە هەڵتۆقیو وەدەرنرابوون.

ئەگەرچی من لە ڕاست و دروستی پۆستەکانی ئەو نووسەرە، لە هەژماری خۆی دڵنیابووم، بەڵام بۆشاییەکیشم بۆ گوومانیش بەجێهێشت. هەر بۆیە بە گەڕانێکی خێرا بە نێو دونیای ئینتەرنێتدا، چاو کەوت بە ژمارە ١٨ی بەرگی ٦ی ساڵی ٢٠١٤ی گۆڤاری لێکۆڵینەوەی مێژوویی و شارستانی. لەم ژمارەیەدا بابەتێک کە لە ئامادەکردنی د.سەعد سلمان مەشهەدانی و د. جەودەت جەلال عەبدولەتیفە، بڵاوبووەتەوە. بابەتەکە لە ژێر ناوی " الیهود في شمال العراق (دراسة تاریخیة)" دایە. ئەوانیش لەو لێکۆڵینەوەیەی خۆیاندا، کۆی جووەکانی عێراقیان بە کوردستانیشەوە بە ١١٨ هەزار جوو خەمڵاندووە لە ساڵی ١٩٤٨دا.  بەڵام ئەم ژمارەیە کەمتر لە ٥ هەزار جوو بووە لە ١٩٥٤دا. ئەمەش هیچمان بۆ نەسەلمێنی ڕاستی خشتەکەی نووسەری نەرویجی کارل ڤیبیامان بۆ ئەسەلمێنی. هەڵبەتە کارل ڤیبیەش ئەو خشتەیەی لە گیرفانی خۆیەوە نەهێناوە، هەر بۆیە لە کۆتاییدا ئەو سەرچاوەیەش بۆ بەرچاوڕوونی دادەنێم. 

هەر بۆیە لای خۆمەوە کەمێک بە بیرەوەرییەکانی خۆمدا ڕۆیشتمەوەو دڵنیاشم لەوەی کە هەرکامێکتان کە لە نەوەی من و پێشترن، هەمان گێڕانەوەی باپیران و باپیرەگەوەرەکانتان، وەبیرخۆتان بهێننەوە، دەگەنە گەڵێ گێڕانەوەی سەیر و سەمەرە و ئەرینی و ئاشتەوایی جوولەکەکانی کوردستان و عێراقیش. خودی خۆم گەلێ یادەوەریم لە باپیرەم و ئەو مرۆڤانەی کە لەدایک  بووی کۆتایی هەشسەدەکان و سەرەتای نۆسەددەکان بوون بەر گوێ کەوتوون، لە بارەی سەربووردەی دراوسێ و خزم و هاوڕێ جوولەکەکانیانەوە. هیچ کام لەو گێڕانەوانەش، جگە لە ستایشی ئارامی و زیرەکی و گیانی ئاشتیخوازانەی جوولەکەکانی کوردستان، شتێکی دیکەیان پێ نەوتووین. کەواتا جوولەکەکان خۆیان بە بەشێک لەم خاک و نشتیمانە زانیوەو دەربەدەرکردنیشیان بە بێ ویست و ئارەزووی خۆیان بووە. کەوابێ بە هەموو پێوەرێک ستەمێکی گەورە لە جوولەکە نیشتەبووەکانی وڵاتانی عەرەبی و موسوڵمان کراوە، بە بێ  هیچ پاساوێک.

گەر بگەڕێمەوە سەر خشتەکەی هەژمارەکەی کارل ڤیبیا، بۆمان دەردەکەوێت، کە لە کۆی ٨٥٦ هەزار جوو، لە ١٠ وڵاتی عەرەبییەوە، کە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە دەرکراون بەرەو ئیسرائیل، تا ساڵی ٢٠١٤ کەمتر لە ٥هەزار جوو ماوەتەوە. بە واتایەکی کە، زیاتر لە ٨٥٠ هەزار مرۆڤ بە ڕووت و ڕەجاڵی، شار وەدەرنێی و دەست بگری بە سەر ماڵ و حاڵیدا، ئەبێت چاوەڕێی چ هەڵوێستێک لەم جووانە بکەیت؟ وە ئەگەر گریمان ئەم ٨٥٠ هەزار جووە دوو سێ جاران ٨٥٠ هەزار نەوەیان خستبێتەوە لە ئیسرائیل، ئێستا بوون بە چەند ملیۆنێک مرۆڤ.

ئەو مرۆڤانە چون ئێستای من کە باشەی باپیرانیان بۆ من گێڕاونەتەوە، ئەوانیش دەماودەم ئەو ستەمە گەورەی وڵاتانی موسوڵمان پێ گەیشتووە بەرانبەر باپیرانی پیاوچاکیان و هەمیشە لە گوێیان ئەزرنگێتەوە. ئەبێ نەوەکانی ئەمڕۆی ئەو ٨٥٠ هەزار جوولەکە دەرکراوە بەرەو ئیسرائیل، هەڵگری چ تووخمێکی ڕک و قینە بن لە موسوڵمان و عەرەب؟ ئەبێ ئەوانە چەند بە دڵسۆزی و خۆشەویستییەوە بەرگری لەو خاکە بکەن کە باپیرانیان بە زۆر ڕەوانەی ئەوێ کراون؟ ئەبێ ئەوان بە ژێر کەوتنی خۆیان چ چارەنووسێک بهێننە بەر دیدی خۆیان، لە کاتێکدا باپیرانیان بەشێک بوون لە کۆمەڵگا عەرەبی و موسوڵمانەکان و بەو دەردە بردراون!؟ ئەمانەو دەیان پرسیار ئێخەی هەر یەکێکمان دەگرێت و وەڵامدانەوەیان دەمانگەیێنێتە سەر هۆکاری ئەو کاردانەوانە توند و نامرۆڤانەی سوپای ئیسرائیل دژ بە مناڵ و ژن و بێ چەک و سڤیلی خەڵکی غەززە. ئەو خەڵکەی کەوتۆتە نێوان بەرداشی سوپای ئیسرائیل و تاوان و هەڵەکانی حەماس. هەر بۆیە تازە کار لە کار ترازاوە و جگە لە ئاشتی بۆ هەردوو لا هیچ جەنگێک کۆتایی بەو رک و کینە لە مێژینە ناهێنێت. 

https://miff.no/arabiske-land/2009/04/08joedenesfluktfraarabiskeland.htm?fbclid=IwAR2NOMVVb7gSheTZlklcKVRE7vUemb-uBuo4HuUh-ufetY_2Li9Kw1di5lE

21/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر