چەند مانگێک بەر لە ئێستا کاتێک بەڕێز فاروق ڕەفیق کەوتە بەر شاڵاوی ئیسلامییەکان، خۆم بۆ نەگیرا و وتارێکم لە بارەوە نووسی و بەرگریم لێ کرد. خۆ ڕەنگە بەڕێزیان تا ئێستاش ئەو وتارەیان بەرچاویش نەکەوتبێ!
ئەنی وەی... من ئەو بەرگرییەم وەکو ئەرکێکی ڕۆشنبیری لە بەڕێزیان کرد، نەک لە بەر هەر هۆکارێکی دیکە! چونکە من هەرگیز بۆم گرنگ نەبووە کە خۆی ئەو وتارە ببینێ یاخود نا، بەڵام تەمەننا ئەکەم هەر نەبێ ئەم وتارەیان ببینێت. نووسەر ڕۆشنبیری پەیامدار و هاوسەنگ و بە ئەمەک بەرانبەر مەسەلە میللی و نشتیمانی و مرۆڤایەتییەکان. هەمیشە نزیکە لە دڵی جەماوەر و کاتێک نووسینەکانی ئەخوێنیتەوە، وا ئەزانی کەسێکی بنەماڵەکەی خۆتە. نووسەر ئەتوانێ تەنها بە نووسینەکانی ببێ بە باوک بۆ من و برا گەورە بۆ تۆو بشبێ به دایک و خوشکێکی میهرەبان بۆ ئەوانی دیکەش لە هەمان کاتدا. ئێمەی جەماوەریش، نەک نووسەر بگرە هونەرمەندێکی پایەدار و ئەکتەرێکی به توانا و وێنەکێشێکی پەنجە زێڕینیش، وەکو ئەندامێکی خێزانی خۆمان تەماشا ئەکەین و نزیکایەتی لە گەڵ دروست ئەکەین بە بێ ئەوەی بیانناسین. بە مەرجێک لە بەرەی گەل و میللەتی خۆیان بن و ئازارەکانی میللەتی خۆیان لە کۆڵ نابێت. تۆ تەماشا گەر بێتوو کەسانی وات لە بازارێکدا یاخود لە بۆنەیەکدا تووش بێ، بێ یەک دوو بزەی بۆ دەکەیت و سڵاوی لێ دەکەت و بە پێی دەرفەت لێی دەچیتە پێشەوە و ڕەنگە داوا بکەیت وێنەیەکیشی لە گەڵدا بچرکێنیت.
ئەمە ئەو لوتکەیەیە کە کەسی نووسەر و ئەدیب و ڕۆشنبیر و هونەرمەند کاتێ ئەیگاتێ. ئەمە ئەو لوتکەیەیە کە دەبێت پارێزگاری لێ بکات و لێی نەکەوێتە خوارەوە. هەر بۆیە نزیکی ئەم کەسایەتییانە لە جەمارە بە هۆی خوێنەوە نیە، بەڵکو بە هۆی پەیامداری و لە بەرەی میللەت بوون و هەڵوێستەکانیانەوەیە.
فارووق ڕەفیق کاتێک دەبێتە دەنگێکی ناڕازی لە کۆمەڵگا و دژ بە سیاسەتی چەوت و توندڕەوی ئایینی خۆی نمایش ئەکات و لە گەڵ زۆرینەی ناڕازی کارلێک ئەکات، تۆ پێت خۆشە ئەم دەنگە دژە، بە هەڵوێستە هەمیشە ببیسترێت دژ بە بەرەی کەمینەی سەردەستەی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بەڵام کاتێک ئەم دەنگە، ئەم قەڵەمە، بەرەی ڕاستەقینەی خۆی جێدەهێڵیت و هاوئاواز ئەبێت لە گەڵ باند و سیمفۆنیای دەسەڵات ولە بەرەی گەندەڵی ئەبیسترێ، ئەوە لە لوتکە خۆفڕێدانە خوارەوەیە. ئەوە خۆکوژیی هەڵوێست و مانا و مەبەستە.
کاتێک نووسەر و ڕۆشنبیر خۆیان وەکو کەسی بێ دەربەست لە دەسەڵات و ئیمتیازاتی گەندەڵی نمایش ئەکەن، ئەوا بە هەمان چاکەت و پانتۆڵ و ستایلی دووبارەبووەوەی خۆیان باش و بەڕێزتر دێنە بەر دیدەی جەماوەر وەکو لەوەی لە پڕێکدا، بەردەمیان پڕ بێت لە کامێراکانی حزبی دەسەڵاتدار و مایکەکانی میدیای سێبەر و تاودانی ئەسپێکی شەل لە وتاری سوواو و موغریزی دووبەرەکی، کە دەمێکە بە بۆنی کاس بووین و گوێچکەکانمان شەپۆلی ئەو دەنگانە زۆر بە ئاسانی جیائەکەنەوە. ئەو نووسین و ئەو لیدوانانەی لە شێوەی تەلقین ئەخوێنرێنەوە و هەر حەرفێکی بە چەردەیەک لە پارەی گەندەڵی و قووتی میللەت کڕدراون.
حزب و دەسەڵاتی گەندەڵ کە ئەکەوێتە سەودا لە گەڵ نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیری کاریگەر، ئەیەوێ چەند مەبەستێک بپێکێت.
ئەوان خودی کەسەکە ناکڕن بەڵکو پێگە و لوتکەکەی بۆ ساتێک لێ دەکڕن. دەسەڵاتی گەندەڵ پارەیەکی زۆر ئەبەخشن بۆ کڕینی لوتکەیەک لە نووسەر بۆ کاتێکی کاتی. ئەوان سوور ئەزانن کە لە دوای ئەو سەودایە ئەم لوتکەکە دائەڕووخێ و نە لە ژێر دەستی خۆیاندا ئەمێنێتەوە، نە لە ژێر دەستی کەسایەتییە کڕدراوەکەش. بەڵام ئەوەی بە سوودی دەسەڵات ئەشکێتەوە لەم سەودایەدا دوو شتە. یەکێکیان ئەوەیە کە سیمبولێکی گرنگ لە جەمارێک ئەکڕێتەوە بەرانبەر بە نرخێک و دەنگێکی کاریگەریش کپ ئەکات. دووەمیشیان هیوا و متمانەی جەماوەرە ئەکوژێت بە ڕەمزەکان و لە پێناوەی مانەوەی خۆی وەکو ناوێکی گەورە بە ناوەڕۆکێکی بەتاڵەوە. لێرەوە بۆشمان دەردەکەوێت، کە ئەوەی تەمەنی دەسەڵاتە گەندەڵ و تاکڕەوەکان درێژە ئەکەنەوە و لە ڕووخانیان ئەپارێزن، هێز و پارە نین، بەڵکو کڕینی قەڵەم و ڕەمز و حزبە ئۆپوۆسزیۆن و دژەکانن. ئەوانەی ڕۆژگارێک ڕەمز و سیمبول بوون بۆ جەماوەر ودواجار لەو سیمبولییە خران.
خودی خۆم بۆ ماوەی دووردرێژ، چەندین کاتژمێری بە نرخی خۆم لەخوێندنەوە و گوێکرتن لە وتارەکانی ئەو بەڕێزە سەرف کرد. بەڵام بریا هەموو ئەو کاتانە، گوێم لە دەنگی خاتوونێک یان کاکەیەکی دەنگخۆش بگرتایە یاخود تاوێ بە دەنگی گۆرانی بێژێکی میللی هەڵپەڕیمایە. نەوەک گوێم لە وتاری بەتاڵ و فەیلەسووفێکی فەیک بگرتایە.
فارووق لە سیمینار و وتارەکانیدا، تیشکی دەخستە سەر، هەرچی فەلسەفە و فەیلەسوفی مێژوو هەیە. ئەو هەمیشە هەوڵی دەدا، پێمان بڵێ کە فەلسەفەی پشتی حوکمی ڕەشید و سیاسەتی حەکیمانە و دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی چین؟ ئەو نموونەی کۆماری نموونەیی ئەفڵاتون و دیدی سوکرات و ئەرستۆ و مایکل هایدگار و ئیزایە بارلین و ڕاوس و ...هەرچی ناوە من و ئێوە بیستوومانە و نەمانبیستووە لەو سیمینارانەدا ناوی ئەهێنان. لەو بابەتە سەرەکیانەی کە خستینییە ژێر تیشکی فەلسەفەوە، دیکتاتۆرییەت و تۆتالیتاریزم و کۆیلایەتی و هاوسەنگی و مەبدەئو چەوسانەوە...زۆری دیکەش بوون.
ئەمێستا ئەوان، دەمێک لە ناوچەیەکی پارتی و دەمێک لە کەناڵ و پەیج و ماڵپەرە سێبەرەکانی پارتییەوە دەردەکەون. بە جۆرێکیش دەردەکەون کە پاکگراوند و سەرمێزەکەی زەردپۆش ئەکەن کە وەکو پەیوەستنامەی کڕین و فرۆشتنەکە دێنە بەرچاو. کاتێکیش هەرچی وێنە و ڕەمزەکانی بنەماڵەکەیەکی سیاسییە لە سەر مێز و دەوروبەی دادەنڕێت، ئەو پێمان ئەڵێت ئیتر ئەم وێنانە سوکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆی منن. ئەنجا هەر بە هەوای حزبی کوێلە کڕ، ئەوەی جاران لە شانازی بە سلێمانیدا ئەیووت و نەیئەوتەوە، ئێستا گۆڕیوێتی بە دهۆک و دەستە چەورەکەی بە خەڵکی سلێمانیدا ئەسڕێت.
ئەگەر چی دهۆکی دەلال و سلێمانی قەشەک لە تەرازووەکەی ئێمەدا یەک قورسایی و یەک قیمەتی هەیە، بەڵام وا دیارە، ئەو قیمەتی ڕشتنی ئەم ژەهرەی بە زیادەوە وەرگرتووە.
ئێمە نەشمانزانی، بوون بە پیاوی پارتی لەم ئاخر و ئۆخرەی عومریدا، ئەکەوێتە کام سوچی دونیا فەلسەفییەکەی فارووق ڕەفیقەوە بەڵام ئەنی وەی...!
ئەو داوا ئەکات با ئیتر سلێمانییەکان جنێو بە سیاسی و ڕۆشنبیرانی مەزن نەدەن و سوکایەتییان پێ نەکەن و چاو لە دهۆک بکەن. من نازانم ئەو مەبەستی لە کام سیاسی و کامە ڕۆشنبیرە؟ دیسانەوە ئەنی وەی...!
سوقرات وتەیەکی جوانی هەیە دەڵێت: ئارامی حەکیمەکان لە پەنا دادپەروەریدایە و ئارامی هیچ و پووچەکانیش لە پەنای ناهەقیدایە، ئاخۆ بەڕێزیان لە ڕووی فەلسەفییەوە ئەتوانێ بۆمان شی بکاتەوە کە ئاخۆ ئەو پەناگا نوێیەی پەناگایەکی دادپەروەرە؟
ئەگەر سوقرات زیندووبێتەوە و بزانی بەڕێزتان نوێنەری ئەون لە ناو کورددا، ئەڵێ پیاڵەیەک ژەهری دیکەم بۆ بێنن تا نەفرەتم لە خۆم و لە فەلسەفەش نەکردووە! بە واتای بە هەر حاڵ دێت.Any way
ئەو دەستەواژە ئینگلیزییەیە کە کلیپێکی سوقراتەکەی کورد نیە کە چەند جارێک تیا، دووبارەی نەکاتەوە. هەر بۆیە لە زمانی خۆیەوە ئەڵێین فەیلەسوفەکەی کورد بەڕێزتان هەرچییەک بووبن لە پێشتر، ئەدی ئێستاکە چین؟ ئەنی وەی...!