پارکێك لەسەر خوێنی بەکر عەلی

دلێر محەمەد
پارکی ئازادی مەزاری شێرکۆ بێکەسی مەزنی لە باوەش گرتووە. لە بەر ئەوەی شێرکۆ بێکەسی مەزن زۆرترین شیعری بۆ ئازادی نووسیوە، هەر بۆیە نەبێ لە پاداشتی ئەو داکۆکییە لە ئازادی، لە نێو پارکێکدا مەزارگەی خۆی پێ ڕەوا ببینرێ، کە ئەویش پارکێک بێ بە ناوی ئازادییەوە.

پارکی ئازادی ئارامترین جێگا و و گاهێک بوو کە شایەنی باڵای بەرزی شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس بوو. بەڵام ئەوەی شێرکۆی مەزن و قەڵەمە کوولەکەی منیش لە بیریان کرد بیاننووسین، شیعرێکی ئازادی و وتارێکی حەماسی بوو، بۆ گیانی پاکی بەکر عەلی.

ئەو دەمەی بەکر عەلی شاعیر و هەڵوێست و مرۆڤدۆست و کرێکار دۆست و ڕەنجدەر پەرست، بوو بە قوربانی فیشەکی چەک بە دەستێکی گێلی نەخوێندەواری حیزب، من ئەندامێکی چالاکی ئەو حیزبە بووم. کوێر بووم نەمزانی، نە گوێچکەکانم بەکر عەلییان ئەبیست و نە چاوەکانم شیعرەکانیان دەدیت و نە هەڵوێستم ڕووحی بە بەردا کرابوو جارێ.

چاکم بیرە ئەو کاتەی فیشەکە گێلۆکەی چەکی حیزب چزا بە دەمی بەکر عەلییەوە، منیش حزبی بووم، نابینا و نابیستی حزب بووم. هەر بۆیە دەبوو نە دەنگی بەکر عەلی ببیستم، نە گوێم لە شیعری بێ و نە خوێنی ڕژاویشی ببینم. ئێستاش کە ئیتر سەری ماش و برنجی قەڵەمەکەم لە خۆم و لە حزب و فشە کوردایەتیش گەیشتووە، تێدەگەم چەندم مرواری ونکردووە وو چەندم گووڵ هەڵوەریون و چەندم هەتاو کووژاونەتەوە و حزب بە حەکایەتییەکانی فشە ئازادی و فشە کوردایەتی  و فشە دیموکراسی و فشە مافی مرۆڤ، سیحری حزبییان لێکردووم و نەیانهێشتووە ئەو هەموو کەنزە لە کیس چووانەم ببینم و هەڵوێستەیان لە ئاستدا بکەم و بیانپارێزم.

وەلی ئێستا و لە چاو ئەوسا  هەم سەروڕیشی ماش و برنجی قەڵەمم و کرانەوە و بیری ئازادیم ڕێگەم دەدەن داوا لە حزب بکەم کە لە دواڕۆژەکانی تەمەنی خۆیدا بچێتە سەر گۆڕی کاوە گەرمیانی و کڵاووەکەی دابگرێ و تاجەگووڵینەیەکی بۆ دابنێ و داوای لێبووردنیش لە ئامەد و دایکی بکات، ئەنجا بگەڕێتەوە سلێمانی و لە مەراسیمێکی شایسەتەدا گۆڕی بەکر عەلی بگوێزێتەوە بۆ حامییەکەی خۆی و پەیکەرێکی گەورەشی بۆ داتاشن بۆ دەروازەی پاڕکەکە و ناوی پارکەکەش لە پارکی ئازادییەوە بگۆڕن بۆ پارکی بەکر عەلی، چونکە بەکر عەلی واتا ئازادی و ئازادیش واتا بەکر عەلی، گەر باوەڕیش ناکەن بڕۆن لە هەموو پەڕەی گووڵ و هەر پەلکە گیایەک و هەر لقی دارێ بپرسن بزانن کامیان لە سەر خوێنی بەکر عەلی نەڕواوە!؟

02/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر