هەڵوەشاندنەوەی خێزان لە كوردستان

موعتەسەم نەجم
         زۆربەی ئاماژەكان دەڵێن لە نێوان سالانی 2025 تا 2030 مرۆڤایەتی گۆڕانكاری زۆرمەزن بەخۆیەوە دەبینێت. ژیان بە گشتی فۆرم ومۆدێلێكی تەواو جیاواز لەوەی ئەمرۆ ئەیبینین بەرجەستە دەكات. لە ئەمرۆدا مرۆڤایەتی ژانی لە دایكبونێكی نوێ دەیگرێت. ئەم لەدایكبوونە بەهۆی زیادبوونی خێرایی پێشكەوتنی زانست و تەكنۆلۆجیاوە زۆر بە خێرایی گەورە دەبێت. 
         بەیانییەكەی زوو (ئارام) لە خەو هەڵدەستێت و بە (ئارەزو)ی خوشكی دەڵێت: (ئارەزو) من دەخیلەكەم گەیشتوەتە سێ سەد دۆلار، ئەمرۆ دەچم چاویلكەیەك دەكرم.
        ئارەزو: پیرۆزە ئەگەر تۆ و باوكم یارمەتیم بدەن منیش دەتوانم مانگی داهاتوو چاویلكەیەك بكرم.
        چاویلكەیەك لەم زەمەنی خەیاڵی زانستیەدا كاری مرۆڤێكی سیحیربازی لێهاتوو دەكات، دەبێتە بنەما بۆ داهێنانی فۆرمێكی نوێ لە ژیانكردن. هەموو خواست و ئارەزووەكانی مرۆڤ جێبەجێ دەكات. 
          ئارام دەرچووی زانكۆیە لە ساڵی 2013ەوە بێكارە و هیچ هەلێكی دامەزراندن و كاركردنی بۆ نەرەخساوە. ژیانێكی پڕ لە خەم و ناجێگیری بەرێدەخات. هەموو خەون و ئارەزوەكانی لە تەنیشت لەزەت و ئاواتەكانی بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانی لە سەر راخەری مەرگن. قەیرانی ئابووری جیهانی و كاریگەریەكانی لە سەر كوردستان و تێكەڵبوونی بە سیستمی هیچوپوچی و گەندەڵی و نادادی ئەم وڵاتە دۆخێك لە چەرمەسەری بۆ نەوەكەی ئارام خوڵقاندوە لە هیچ سەردەم و زەمەنێكی پێشوودا نەبووە. لە هاوشانی نەمانی دامەزراندن لە فەرمانگاكانی میری و نەبوونی هیچ هەلێكی كاری نوێ بەهۆی دواكەوتووی ئابووری كوردستان و سیاسەتی چەوتی دەسەڵاتی سیاسی ئەم هەرێمە، گەندەڵی و نادادیش بوەتە دەردێكی زۆر كوشندە و رۆژانە بەها و جوانیەكانی ئەم كۆمەڵگایە دەهارێت. 
       ئارەزو خوشكە بچوكەكەی ئارام لە ساڵی 2020ەوە پەیمانگای تەواو كردوە، ئەمیش بە هەمان شێوەی ئارام لە سەر ئەو موچەیەی باوك و دایكی دەژین، كە حكومەتی هەرێم زۆر بە سستی و گرانی دەیدات بە خەڵك. ئەمە جگە لەوەی هەڵئاوسانی ئابووری و گرانبوونی شمەك و خۆراك وایكردوە، موچەی فەرمانبەرانی ئەم وڵاتـە تەنیا بەشی خۆراكێكی سادە بكەن. 
      زۆربەی ئاماژەكان ئەوە دەخەنەروو، ئەم دۆخە كۆتای بە سیستمی خێزان و تەواوی بەها و پرنسیپە كۆمەڵایەتیە باوەكان دێنێت. لەم دۆخەدا چاویلكەكەی ئارام دەبێتە فریادرەس بۆ رزگاربوون لە شێتبوون و داروخانی دەرونی. 
     لە ئێوارەیەكی درەنگ وەختدا ئارەزوو مژدەی ئەوە دەدات بە ئارام، كە پارەی كرینی چاویلكەیەكی میتاڤێرسی كۆكردوەتەوە و داوای لێدەكات هاوكاری بكات لە كرینیدا. 
      ئارام: دەزانی ئارەزو شۆرشی پیشەسازی چوارەم دنیایەكی تەواو جیاواز لە رابردوو بونیاد دەناتەوە. شۆرشی پیشەسازی كۆتای بە تۆرەكانی ئەنتەرنێت و فەیسبووك و ئەنستگرام و تیك تۆك و سۆشیال میدیا و هەموو ئامرازەكانی پەیوەندی كلاسیكی هێناوە و دووریش نیە دوا قۆناغی ئەم فۆرمەی خێزان نەبێت، كە ئێمەی بە یەكەوە گرێداوە. 
    ئارەزو: ئارام گیان گرنگ نیە چی روو دەدات، گرنگ ئەوەیە ئێمە لەم دۆزەخە رزگار كات، كە بە بێ خواستی خۆمان تێیخزێنراوین. 
         ئارەزوو و ئارام پێكەوە تێكەڵ بەم ژیانە گریمانەیە دەبن. دایك و باوكی ئارام و ئارەزو زۆر نیگەرانن و ناتوانن لە خەمەكان و دنیابینی منداڵەكانیان تێبگەن.
        دایكی ئارام: دەزانی باوكی ئارام لەوەتی ئارەزویش ئەم چاویلكەیەی كریوە هەمان خووی ئارامی گرتوە. تەنیا لە كاتی خەودا بە ئاگان. تەنیا لە كاتی خەودا ژیانێكی راستەقینەیان هەیە. 
           باوك: دایكی ئارام بە راستی كێشەكە زۆر لە مەیش گەورەترە، كە ئێمە دەیبینین، ئەمە سروشت و دنیابینی و واقعی ژیانی نەوەیەكی نوێیە، نەك تەنیا ئارام و ئارەزو، ئەگەر وا بروات كارەسات دەخوڵقێت، رەنگە لە چەند ساڵێكی داهاتوودا بە بێ هیچ شەڕ و بڵاوبونەوەی پەتا و ڤایرۆسی كوشندەیشەوە، كوردی ئەم هەرێمە بە شێوەیەك كەمبێتەوە، لەم حەوت هەشت ملیۆنەی ئێستا كەمتر لە دوو ملیۆنی بمێنێتەوە. پرسیارەكە ئەوەیە لە دوای ئێمە چی روو دەدات و نەوەی میتاڤێرس چی مۆدێلێكی ژیان  دەخوڵقێنێت. بەراستی نەوەیەكی سەیر و یاخی و لاموبالات، گەمژە، لادەر لە تەقالید و عورفی كۆمەڵایەتین.
         دایك: نەوەیەكی تەمبەڵ، بێ عاتیفە، بێ هەست.
         راستیەكی مێژووی هەیە، هەموو نەوەیەك لە نەوەی دوای خۆی رازینەبووە و بە تەمبەڵ و گەندەڵ و ئیشنەكەر، لادەر و یاخی لە عورف و تەقالیدە كۆمەڵایەتیەكان تومەتبار كردوە. لە لەوحەیەكی بابلیەكاندا، كە زیاتر لە هەزار ساڵ پێش زاین نوسراوە، گوزارشت لەم راستیە دەكات، كە دەڵێت: (لاوانی ئەمرۆ گەندەڵن، شەرەنگێزن، بێ باوەرن، تەمبەڵن، قەت نابنەوە ئەو لاوانەی سەردەمی ئێمە، ناتوانن پارێزگاری لە كەلتور و شارستانیەتمان بكەن). بەواتە لە دێر زەمانەوە هەموو نەوەیەك سەردەمی خۆی بە سەردەمی زێرین و خۆیان بە باشترین مرۆڤ و نەوەكەی دوای خۆیشی بە شەیتان باس كردوە.
          ئارام: دەزانیت (ئارەزو) ئەم دایك و باوەكەی ئێمە زۆر ناحاڵَین، زۆر كەلە رەقن، بەهیچ شێوەیەك ئامادە نین گوێ لە ئێمە بگرن.
            ئارەزو: زۆر كەلە رەقن، تەنیا گوێ لە خۆیان دەگرن و ئەوە دەڵێنەوە، كە خۆیان باوەریان پێیەتی و بەراستیەكی یەقینی دەزانن.
         ئارام: نازانم بۆچی نایانەوێت بۆ تەنیا ساتیێك گوێ لە ئێمە بگرن و وەك ئێمە بیر بكەنەوە و دنیابینیان لە تێروانینی ئێمەوە شەنوكەو بكەن.
      ئارەزو: بیر و دنیابینیەكی دۆگما  و وشك و بێ تام، هەموو ئەو پێشكەوتن و گۆڕانكاریەی زانست و تەكنۆلۆجیا كاریگەری لە سەر لەقكردنی باوەری كلاسیكی و ماوەسەرچویان نەبووە.
         دیاردەی جیاوازی نێوان نەوەكان و یەكتر قبوڵنەكردن یان كەلەبەری نێوان دنیابینی دوو نەوە لەو سونگەوە سەرچاوە دەگرێت، كە هەموو نەوەیەك عادات و تەقالید و بەها و ئەزموون و شێوازی بیركردنەوە و دنیابینی..تاد خۆی هەیە. نەوەی باوكەكان ناتوانن دەستبەرداری ئەو باوەر و تەقالید و بەهایانە بن، كە بوەتە بەشێك لە پێكهاتەی عەقڵی و دەرونیان، نەوەی منداڵەكانیش ناتوانن بەو ستایل و مۆدێلەی باوكەكان ژیان بگوزەرێنن. باوك و دایكەكان سۆز ویژدانیان لای رابردوە. بەها و پرنسیپەكانی منداڵی و لاوێتیان بوەتە باوەر ناتوانن دەستبەرداری بن. 
          ئیمامی عەلی لەم بارەیەوە ووتەیەكی بەنرخی هەیە، كە دەڵیت: داوا لە منداڵەكانتان مەكەن وەك ئێوە بیر بكەنەوە، چونكە بە راستی ئەوان نەوەی سەردەمێكن جیاوازە لە سەردەمی ئێوە. 
          ئەوە راستیەكی یەقینە دەبێت هەمووان قبوڵی بكەن، لە ئەمرۆدا شۆرشی پیشەسازی چوارەم تەنیا میتاڤێرس  و ژیری دەستكرد و چاپەمەنی سێ رەهەند بەرهەم ناهێنێت، بەڵكو نەوەیەكی نوێ و مۆدێلێكی نوێی ژیانكردن و بەها و شێوازی بیركردنەوەی نوێش دەخوڵقێنن. میتاڤیرس، كە دەرگای چوونە ژورەوەی ئەم نەوەیە بۆ ناو جیهانێكی نوێ و تەواو جیاواز لە دنیای رابردوو، دەبێتە بەشێك لە كەلتور و شارستانیەت و مۆدێلی ژیانكردن. میتاڤێرس سیستمێكی ئایكیۆلۆجی گریمانەیە بۆ تەفاعولكردن و پەیوەندیكردن. تۆرێكی كۆمەڵایەتی زۆر زەبەلاح و بە هێزە، لە گەڵ لە دایكبوونی مەرگی ئەنتەرنێت و سۆشیال میدیا و هەموو تۆرەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی، هەر لە فەیسبووك و ئەنستگرام و تیك تۆك.. تاد زیندە بە  چاڵ دەكات. لە دنیابینی ئەم نەوەیەدا فەیسبووك و ئەنستگرام و تیكتۆك و تویتەر.. تاد، بەگشتی دەبنە ئامرازی كلاسیكی و ماوەبەسەرچوو. میتاڤێرس ئەو جیهانەیە، كە ژیانی واقعی  تێكەڵ بە ژیانی گریمانەیە دەكات.
          بەیانی دوای نانخواردن، ئارام زۆر بە خێرایی دەچێتەوە ژوورەكەی خۆی و میتاكەی لە چاو دەكات و تێكەڵ بەو ژیانە گریمانییە دەبێت، كە بە دەست و خواستی خۆی دروستی كردوە. هەموو سۆز و عەقڵ و هۆش و دنیابینیەكانی دەروات بۆ جیهانێكی جیاواز لە جیهانی واقعی. لە راستیدا ئەمە هەڵاتنێكی زۆر سەیرە لە واقعێكی لێوانلێو لە قەیران و چەرمەسەری و نەهامەتی. لەم ژیانەدا میتاڤیرس وەك ئەفیون هەموو خەم و پەژارە و خەونەكانی دادەماڵێ لە واقع و تێكەڵ بە خیاڵێكی بێ بەرهەمی دەكات. لێرەدا رەنگە گرفتی سەرەكی لە خودی تەكنۆلۆجیاكەدا نەبێت، ئەوەندەی گرفتەكە لە خودی سیستمی فەرمانرەوای جیهانیە، كە نەخشەی ئاراستەكردنی ژیانی بەم شێوەیە دەوێت. بەم شێوەیە نەبێت چۆن دەتوانێت كێشەی زیادبوونی مرۆڤایەتی و بێكاری، كە بوەتە خۆركەی مانەوەی سیستمی ئابووری لیبرالی چارەسەر كات؟.
      لە راستیدا هەموو نەوەیەك ئامرازی تایبەت بە خۆی هەبووە، بۆ پەیوەندیكردن، كاركردن، سكسكردن، سیستمی فێربوون و خوێندن و كۆكردنەوەی زانیاری، تەسلیەكردن، گرێدانی هاورێیەتی.. تاد. ئەوەی نامۆیە بۆ نەوەی باوكەكان ئامرازەكەی ئەمرۆیە، كە میتاڤێرسە.
       سەرلەبەیانی ئەمرۆ ئارام دەچێتەوە ژورەكەی خۆی و ئارەزویش لە ژورێكی تەنیشتی ئەوەوە هەر یەكەیان بەجیا و بەتەنیا و بۆخۆی گوزەر دەكەن بەناو ژیانی نوێیاندا. 
       ئارام و ئارەزو بەهۆی دواكەوتنیان لە ژیانی هاوسەرگیری هەقیقی توشی جۆرێك لە كبتی سكسی بوونە. بۆیە یەكەم كار بە مێشكیاندا دێت كپكردنەوەی ئارەزووە سكسیەكانیانە.  ئارام كچێكی گریمانەی هاوشێوەی خۆی دەدۆزێتەوە، هاورێیەتی لە گەڵدا دروست دەكات، بەڵام بە هەقیقی نازانێت ئەو كچە كێیە، جوانە یان ناشرینە، سۆزانیە یان كەسێكی مولتەزمی ئەخلاقیە، لە راستیشدا بە لای هەردووكیانەوە ئەمە گرنگ نیە، بەڵكو سەرەتا گرنگ ئەوەیە چۆن خۆیان لەو كبتە سكسیە بەتاڵ كەنەوە. ئەو كچەیش وەك ئارام و ئارەزو كەسایەتیەكی گریمانەی لە شێوەی ئافاتار بۆ خۆی دروستكردوە، ئەویش بەوەی لە كۆمەڵگای كوردیەوە پەروەردە بووە  گومانی تیادە نیە، كبتێكی سكسی هەیە، ئامانجی سەرەكی بەتاڵكردنەوەی ئەو ئارەزووە سكسیەیە، لەم كارەدا هەردوولا دەگەنە لەزەت و بەتاڵكردنەوەی خۆیان، بەڵام بەواقعی ئەو پەیوەندیە بەوەی گریمانەیە، هیچ كاریگەری لە سەر جەستەیان دروست ناكات.
        لە لایەكیتریشەوە ئارەزوو بە شێوەیەكی جیاواز كار لە سەر دروستكردنی هاوسەرێكی تایبەت بە خۆی بە رێگای ژیری دەستكرد دەكات، ئارەزو پیاوێكی گریمانەی دروست دەكات بەو خاسیەت و شێوەیەی خۆی دەیەوێت و هاوسەرگیری لەگەڵدا دەكات.
       ئەم مۆدێلە لە ژیانكردن و پەوەندیكردن پێدەچێت دەرئەنجام ببێتە جێگرەوەی دروستكردنی خێزان و هاوسەرگیری هەقیقی، بەڵام هاوكات بواری كاركردن و ژیانكردن تەواوی بوارەكانی ژیان دەگرێتەوە لە سنوری داروخان و هەڵوەشاندنەوەی خێزان ناوەستێت، جۆرێك لە مۆدێلی نوێ بۆ ژیانكردن دەخوڵقێنێت.


14/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر