حكومەتی هەرێم‌و دواین جینۆسایدی كورد

موعتەسەم نەجم

ئابووری كوردستان دەرئەنجامی سیاسەتی ناتەندروستەی حكومەتی هەرێم نەك هەر توشی جۆرێك لە ئیفلیج بوون بوەتەوە، بەڵكو تەواو سفر بوەتەوەو لە داروخانێكی تەواوەتی نزیكبوەتەوە. ئەم داروخان و ئیفلیجبوونە بە شێوەیەكە هیچ ئومێد و هیوایەكی لای خەڵك بۆ رزگاربوون لەم قەیرانەی تێخزێنراوە نەهێشتوەتەوە. 

جەوهەری ئامانجی سیاسەتی ئابووری كوردی دەرئەنجام بەسیستمكردنی گەندەڵی و تاڵانكاری و بەفیرۆدانی موڵك و ماڵی گشتی بووە. بەم سیاسەتە تێكۆشەرە دێرینەكان و نەوەكانیان بوون بە خاوەنی ملیارەها دۆلار و سامان و سەرمایەی گەورە.

لە قۆناغی دوای راپەریندا سەرمایە و سامان  و ماڵ و موڵكی گشتی بە چەند پرۆسەیەك سەرەتا لە موڵكی گشتیەوە گواسترایەوە بۆ سەر موڵكی حزب، دواتریش لە حزبیشەوە گواسترایەوە بۆ سەر موڵك و ماڵی چەند بەرپرسێكی سەرمایەدار.

دەسەڵاتی كوردی بە ئاست و شێوەیەك لە دزی و گەندەڵی و راورووت تێوەگلاوە، نەك هەر توانای ریفۆرم و رزگاربوونی لە قەیران زۆر ئەستەم بووە، بەڵكو گەیشتوەتە خاڵی نەگەرانەوە، تەنیا رێگای بۆ مانەوە و بەردەوامبوون، بەرگریكردنە لە خۆی بە زەبری هێز و چەك لە دژی هەریاخیبوون و نارەزایەكی جەماوەری.
سەرمایەداری كوردی لە قۆناغی وەحشیگەرایدا ئەمرۆ زۆر لە حكومەت و حزبەكانی دەسەڵات بەهێزترە. لە سلێمانی كۆمپانیاكانی(قەیوان، ئای كیو، ئاسیا سێل و شاگردەكانیان)، لە هەولێریش كۆمپانیاكانی (كار و كۆرەك و نەورۆز و شاگردەكانیان) تەواوی میللەتی كوردیان كردوەتە كرێچی خۆیان. لێرەدا كارەساتە گەورەكە لەوەدایە سەرمایەداری كوردی، نەك تەنیا داهێنەر نیە و سروشتی دەڵاڵی هەیە، لە سەر رووتكردنەوەو تاڵانكاری زیاتری خەڵك دەژێت و گەورە دەبێت، بەڵكو خواستی بۆ پاشكۆیەتی وایكردوە لە پێناو بەردەوامبوون و بەرژەوەندی تایبەتی و دەستخستنی قازانجی زیاتردا، هەموو پرسێكی نەتەوەی و نیشتمانی و خەونی رزگاری بەتاڵ كاتەوە لە مانا و كاریگەری. لەم دۆخەدا هەموو كاری كۆمپانیا كوردیەكان بووەتە دروستكردنی شوقە و باڵەخانە بۆ خەڵكانی ناوەراست و باشوری عێراق ئەوانەی پارەیان پێیە، سیاسەتی حكومەتی هەرێم لە ئەمرۆدا بۆ رازیكردنی بەڵێندەرەكانی خانوبەرە، ئەوەی پارەی پێبێت بێگوێدانە ئاسەوارەكانی، تەنانەت لە هاندان و یارمەتیدان بۆ پرۆسەی تەعریبێكی نوێیش، وەریدەگرن و هەموو ئاسانكاریەكیشی بۆ دەكەن. كاری خەڵكی ئاسای كوردیش بوەتە تەنیا خۆسەرقاڵكردن بە سۆشیال میدیا و چاخوارەدنەوە لە كازینۆ و سەرشەقامەكان. لەمە كارەساتر ئەو توێژینەوەو باسەیە، كە لە لایەن پەیمانگای ریفۆرمخوازی ئابووری عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، پێشینی بۆ هاتنی وشكەساڵی و بەرزبوونەوەیەكی زۆری پلەی گەرما بە شێوەیەكی مەترسیدار لە عێراق دەكات. بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم مەترسیە پەیمانگا چەندین پێشنیار دەكات. یەكێك لەو ئیجرائاتانە نیشتەجێكردنی سێ ملیۆن عەرەبە لە كوردستان. لە راستیدا ئەمە قۆناغێكی نوێی تەعریبە، لە كاتێكدا بۆ بیست ساڵە عەرابە كەی تەعریب حزبی بەعس رووخاوە و هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەری پرسی گەرانەوەی ناوچە دابراوەكانی كوردستان نەكراوە، بگرە بە بەردەوامی دەسەڵاتی ناوەندی عێراق گرفت و بەربەست بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرسە دروست دەكات. دووبارەوبوونەوەی مێژووی تەعریب لە ئەمرۆدا لەوەدەرچێت، كە كارەساتێكە هەموو میللەتی كوردی باشور رووبەرووی جینۆسایدێكی نوێ و هاوچەرخ دەكاتەوە، بەڵكو كۆی پرۆسەكە دەبێتە گاڵتەجاری، ئەو عەرەبانەی لە كوردستان نیشتەجێدەكرێن، كە بە پێی ئامارێكی بڵاوكراوە زیاتر لە 25%ی كوردستان پێكدێنن، دەسەڵات و سەرمایەداری كوردی نەك وەك جۆرێكی نوێ لە سیاسەتی بەعەرەبكردن ناوی ناهێنن، بەڵكو كردویانەتەفریاد رەسی بوژانەوەی ئابووری كوردستان. سەرمایەدارێك بە ئاشكرا دەڵێت: عەرەب شوقە و خانومان لێنەكرێت حەیا و ناموسمان دەچێت. لەم سەردەمەدا جینۆسایدی میللەتێك پێویستی بە كوشتن و سرینەوەی فیزیكی ئەو میللەتە نیە، بەڵكو ئەوە زۆر سودمەندترە، كە میللەتێك تێكرا بكەیت بە كۆیلە و لە شوناس و كەلتوری خۆی دایبریت، بۆیە ئەوەی ئەمرۆ لە كوردستان ئەنجام دەدرێت جینۆسایدێكی تری كوردە لە باشوری كوردستان.


14/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر