دەسەڵاتێكی درۆزن و میللەتێكی دەبەنگ

موعتەسەم نەجم

بە درێژای مێژووی فەرمانرەوای كوردی لە هەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، درۆ و موزایەدەی سیاسی دوو پایەی سەرەكی سیاسەتكردنی حزبی كوردی بووە. لە ئەمرۆدا ئەم دوو پایە بەهۆی بونیادنانی لە لایەن كەسانی كەم ئەزمون و كەم مەعریفەوە وایلێهاتووە بوەتە سیناریۆیەكی گاڵتەجاری، هەندێك لە درۆ و سیناریۆكان ئەوەندە بە نەزانی دروست دەكرێت و ئەنجام دەدرێت، خەڵكی سادە بە گوێبیستیان پێكەنینی دێت. تەواوی حزبە كوردیەكان ئەوانەی لە شاخەوە هاتوون و ئەوانەیش لە شار لە سێبەری خۆشگوزەرانی گەندەڵیدا دروست بوون، بە بەردەوامی هەردوو پایەی درۆ و موزایەدەی سیاسیان بۆ تەفرەدانی خەڵك ئەنجام داوە. لە ماوەی پێشوودا خەڵكی سادە زۆر بە ئاسانی كەوتونەتە ناو تۆرەكانی درۆ و فێڵ و موزادەی سیاسیەوە، بەڵام لە ئەمرۆدا هەموو ئەو سیاسەتانە روونە، تەنیا جیاوازی ئەوەیە، تا ئەمرۆ خەڵكی لە گەڵ ئەوەی بە باشی لە درۆ و فێڵ و موزایەدەی سیاسی حزبە كوردیەكان تێدەگەن، هیچ هەڵوێستێكیان نیە و خۆیان كەنارگیركردوە و تەسلیم بە زوڵم و نادادی بوونە. لە پرۆسەی درۆكردن و پەخشكردنی موزایەدەی سیاسیدا، كەسایەتی تاك و سروشتی ئەو كۆمەڵگایەی سیناریۆكەی ئاراستە دەكەیت زۆر گرنگە. تاكی بێ مەعریفە و كۆمەڵگای دواكەوتوو هەمیشە زۆر بە ئاسانی ئەم سیناریۆیانەیان بە سەردا دەسەپێت.  

       ئەمرۆ لە دوای زیاتر لە سی ساڵ فەرمانرەوای كوردی كێشەی سەرەكی حزبە كوردیان ئەوەیە، كە توانای باوەرهێنانیان بە خەڵك و لایەنگرانی خۆیشیان نەماوە. بە هۆی بێتوانايیان لە داهێنانی درۆیەكی نوێ و سیناریۆیەكی جیاوازی موزایەدەی سیاسی توشی جۆرێك لە شڵژان و سەرشێتی بوونە. بە ئاشكرا دەستبەرداری قاعیدەی جەماوەری دەبن، بۆ سەپاندنی هەژمونی سیاسی و درێژەدان بە فەرمانرەوای خۆیان پەنا بۆ رێگایتر دەبەن. نمونەی ئەم جۆرە درۆ و مەزایەدانە لە تۆمارگەی مێژووی سیاسی كوردیدا ئەوەندە زۆرن باسكردنیان، نەك لە وتارێكدا بگرە لە كتێبێكیشدا ئەستەمە.

  بەنداوی بێخمە

        لە سەردەمی فەرمانرەوای دەسەڵاتی پاشایەتیدا، وەك پرۆژەیەكی ستراتیجی بۆ رزگاركردنی عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی لە قەیرانی كەم ئاوی، پرۆژەی دروستكردنی بەنداوێكی زۆر گەورە دەبێتە قسەو باس و دواتریش دەكرێتە پرۆژەیەكی ستراتیجی سەرەكی و كاری جدی لە سەر دەكرێت. لە سەردەمی بەعسدا بە هۆی زیادبوونی كاریگەریەكانی قەیرانی كەم ئاوی لە تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەراست بەگشتی و لە عێراق بە هۆی گوشارەكانی توركیاوە بە تایبەتی، حكومەتی عێراق بریار دەدات ئەم پرۆژەیە بخاتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە. هەڵبەتە ئەم بریارەی حكومەتی ناوەندی دوای ئەوە دێت، كە توركەكان گەورەترین بەنداویان لە سەر رێرەوی هەردوو روباری دیجلە و فورات بەناوی بەنداوی ئەتاتۆركەوە دروست كرد، بەردەوامیش بانگەشەی ئەوەیان دەكرد، ئەم پرۆژە ستراتیجیە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی توركیا، جگە لە بوژانەوەی بواری كشتوكاڵی بانگەشەی ئەوەیشیان دەكرد، كە قەیرانی ئاو هەموو وڵاتانی كەنداو و عێراقیش دەگرێتەوە، ئەو دەم ئێمە(تورك) بوتڵێك ئاویان بە بوتڵێك نەوت پێ دەفرۆشین. سیاسەتی توركیا لەم بوارەدا تەنیا بواری ئابووری نەگرتەوە، بگرە بە بەردەوامیش وەك چەكێكی سیاسی لە دژی عێراق بەكاری هێناوە.

       سەركەوتنی بەنداوی بێخمە نەك هەر كێشەی كەم ئاوی كوردستانی چارەسەر دەكرد، بەڵكو دەبووە هۆی بوژانەوەی بواری كشتوكاڵی بە شیوەیەكی زۆر گەورە. ئەم پرۆژەیە لە لایەن رژێمی بەعسەوە بوجەی تایبەتی بۆ تەرخان دەكرێت، لە بواری جێبەجێكردنیشدا، وەك قۆناغی بونیادنانی دەیان ملیۆنی تیادا خەرج دەكرێت. لە ساڵی 1991 لە دوای راپەینە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان و دەرپەراندنی رژێمی بەعس لە كوردستان، حزبەكانی بەرەی كوردستانی، كە هێشتا بزنە جێگایەكیانیش بۆ خۆیان خۆش نەكردبوو، جێی دانیشتنی خۆیان گەرم نەكردبوو، راستەوخۆ كەوتنە بانگەشەكردن و درۆی ئەوەی، كە ئەم بەنداوە حكومەتی بەعس بۆ دابەشكردنی كوردستان دروستی كردوە و چەندین وردە درۆیشیان لە پاڵدا بۆ نەقشاندنی درۆ گەورەكە پەخش دەكرد. لەو دەمەدا فرۆشتنی كەل و پەلەكانی ئەو بەنداوەو سرینەوەی ئاسەوارەكەیان لە چاوتروكانێكدا جێبەجێ كرد، ئەو دەمە كۆی ئەو كەل و پەلانە بە چەند ملیۆنێكی كەم لە رێگای سەرۆك عەشیرەتێكەوە دەفرۆشنە ئێران. ئەمە لە كاتێكدا سەركردایەتی كورد زۆر بە باشی دەیزانی بە هۆی سەپاندنی گەمارۆكانی حكومەتی ناوەندی لەسەر كوردستان لە چەند ساڵی داهاتودا برسێتی و قەیرانێكی ئابووری زۆر یەخەی خەڵكی كوردستان دەگرێت. بە تەواوبوونی ئەم بەنداوە دەتوانرا خەڵكی لە هەژاری و برسێتی رزگار بكەن. ئەمە چۆن پرۆژەیەكی ستراتیجی زۆر گەورە و گرنگ بوو بۆ كوردستان، بەڵام بە سیناریۆیەكی زۆر لاواز و درۆیەكی ستراتیجی لاواز كۆتایان پێی هێنا.

 شەڕی ناوخۆ

      شەڕی ناوخۆ یان شەری برا كوژی كورد مێژوویەكی زۆر ناشرین و ئازاربەخشی هەیە، بە راستی لە مێژووی خەباتی رزگاری گەلاندا نمونەی زۆر كەمە، هەر وەك چۆن نمونەی سەركردەی سیاسی كوردیش لە ئەزمونی گەلانی رزگاریخوازدا زۆر كەمە، زۆر بە دەگمەن سەركردەی میللەتێك دەبینێت ئەوەندەی سەركردایەتی سیاسی كورد بێ ویژدان و خۆپەرست بێت لە بەرامبەر بەرژەوەندی نەتەوەی و نیشتمانی میللەتەكەیدا. رەنگە لە هەندێك ویستگەی خەباتی رزگاریدا كورد، ئەوەندەی شەڕی براكوژی كردوە، ئەوەندە شەڕی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستانی نەكردوە. لێرەدا من مەبەستم نیە قسە لە سەر واقع و مێژووی شەڕی برا كوژی بكەم، بەڵكو باس لەو درۆ گەورەیە دەكەم، كە لایەنە شەڕكەرەكان بە بەردەوامی بۆ تەفرەدانی لایەنگران و ئەندامانی خۆیان دروستیان دەكرد. هەر لایەنێكی شەڕكەر لایەنی بەرامبەری بە خیانەتكار و خۆفرۆش و شەیتان باس كردوە. رەنگە میژووی هیچ مللەتێكدا بە ئەندازەی مێژووی كورد سیخناخ نەبێت لە وشە و تومەتی خیانەت.

31ی ئاب

         لە ساڵی 1996 بە هۆی سەركەوتنی یەكێتی لە سەغڵەتكردن و گۆشەگیركردنی پارتی، سەركردایەتی پارتی رێكەوتنێك لە گەڵ حكومەتی بەعس ئەنجام دەدەن بۆ راگرتنی هێرش و پەلامارەكانی یەكێتی و دەركردنی لە هەولێر. پارتی بە ناوی دەركردنی ئێران لە خاكی كوردستان و تومەتباركردنی یەكێتی بە خیانەتكردن، سوپای عێراقی هێنایە سەر باڵەخانەی پەرلەمان، دەرئەنجام ئەو كات گورزێكی گەورەیش بەر ئۆپۆزسیۆنی عێراقی كەوت، كە ئەو دەم بارەگاكانیان بەشێكی لە هەولێر بوو. لەم پرۆسەیەدا تەواوی خەڵكی كوردستان دابەشبوون بە سەر دوو ئاراستەی سیاسیدا، ئەوەی لایەنگر و ئەندامی پارتی بوو واباوەریان پێ هێنابوون، كە ئەمە سیاسەت و ژیری سیاسیە، لە بەرامبەردا ئەندامان و لایەنگرنی یەكێتی و خەڵكانێكی زۆر بێلایەنیش بە خیانەت ناویان دەبرد.  سیناریۆكانی پارتی لەم رووداوەدا بۆ لابردنی پەردەی خیانەت لە سەر خۆی راستەوخۆ دەستی كرد بە پەخشكردنی موزایەدەی سیاسی زۆر لاواز بێ ئەرزش، لەو دەمەدا هەندێك لە لایەنگرانی یەكێتی دڵی خۆیان بەوە دەدایەوە، كە ئەمە سرینەوەی ئەو تومەتانیە، كە لەسەر یەكێتی كراوە بە ماڵ بەهۆی رووداوەكانی ساڵی 1966وە.

بزوتنەوەی گۆڕان یاریكردن بە خواست و خەونەكانی كورد

    كاتێك كاك نەوشیروان لە یەكێتی هاتە دەرەوە، یەكێتی لە قەیرانێكی رێكخراوەی و سیاسیدا بوو، خەڵكی كوردستان توشی جۆرێك لە بێزاری ببوون، هاوكات لە سەر ئاستی جیهانیش رەوتێكی سیاسی پۆپۆلستی لە گەشەكردندا بوو. مۆدێلێكی نوێی جوڵانەوەی سیاسی لە ژێر چەتری گۆڕان(التغییر) بازاری سیاسی زۆر گەرم بوو، مۆدێلی شۆرشەكانی بەهاری عەرەبی لە بڵاوبوونەوەدا بوو. ئەم بزوتنەوەیە، لەو دەمەدا بووە جێگای هیوای زۆرینەی جەماوەری خەڵكی كوردستان، مژدەی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە، كە دەرئەنجام خۆشگوزەرانی و ژیانێكی ئاسودە بۆ خەڵك دابین دەكات، دادا بە گوێی كۆمەڵگای كوردیدا. پەیمانەكانی گۆڕان سنوری واقعی بری، بەڵێندان بە دابینكردنی موچە بۆ كابانی ماڵەوە تا دەگاتە دامەزراندنی هەموو دەرچوانی زانكۆ و بنەبڕكردنی گەندەڵی و نادادی لەو دەمەدا ببونە دروشم و وێردی سەر زمانی هەموو گۆڕانخوازێك، ئەم بەڵێن و پەیمانانە كاریگەری زۆری لە سەر راكێشانی خەڵكێكی زۆر هەبوو بۆ پاڵپشتیكردنی گۆڕان، خەڵكێكی زۆر بە بێ گەران بە دوای بەرژەوەندی تایبەتدا دەنگیان بە گۆڕان دا. ئەمە لە گەڵ ئەوەی توێژێكی زۆر لە كەسانی ئینتهازی و خۆپەرست و پۆپۆلیست بوونە ئەستێرەی سیاسی و لەم جوڵانەوەیە سودمەند بوون و پلە پۆست و سامانی زۆریان دەست كەوت.

       دروستبوونی گۆڕان بۆخۆی لە سەرەتاوە جۆرێك گومانی لە سەر بوو، هەندێك لە خەڵك پێیانوابوو بۆچی دەبێت یەكێتی دەیان ملیۆن دۆلار پارە و موڵك و ماڵێكی زۆریش بدات بە كاك نەوشیروان بۆ دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان. بە راستی ئەگەر ئەمە مافی كەسێتی كاك نەوشیروان بێت لە بری بەشداریكردنی لە خەباتی رزگاری و نرخ و كرێی بەشداریكردنی بێت لە شۆرشی رزگاری لەناو یەكێتیدا، ئەمە بۆخۆی دەبێتە كارەسات، ئەگەر وەك سیاسەتیش بۆ كوشتنی گیانی ئۆپۆزسیرنبوون لە مام جەلالی وەرگرتبێت كارەساتێكی گەورەترە.

        لە یەكەم ساتەكانی دروستبوونیەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بانگەشەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی شەرعیەتی بنەماڵەی و دەسەڵاتی تۆتالیتاری تاك دەكرد. رەخنەگرتن لە یەكێتی و پارتی بەوەی شەرعیەتی شاخیان گۆریەوە بۆ شەرعیەتی میراتی سیاسی و خێڵەكی و داماڵینی سیستمی فەرمانرەوای لە سیستم بوون لە بانگەشە و دروشمە هەرە زەقەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام ئەم درۆیە هەر زوو ئاشكرا بوو، بەتایبەتیش كاتێك، كە كاك نەوشیروان وەفات دەكات و تەواوی ئەو موڵك و ماڵە لە سەر كورەكانی تاپۆ دەكرێت.

نەوەی نوێ جوڵانەوەیەكی پۆپۆلستی

     ئەم جوڵانەوەیە لە واقعدا كوری ناشەرعی بزوتنەوەی گۆڕانە، تەواوی سروشی پۆپۆلیستی لەوەوە وەرگرتوە، بەڵام لە ئەمرۆدا توانیویەتی گۆڕانكاری لە شێوازی كاركردن بكات و جیاواز لە گۆڕان كار لە سەر یاریكردن بە ئازار و خەمەكانی خەڵك دەكات. جوڵانەوەیەك نە دونیابینی هەبێت و نە ستراتیج  نە بەرنامە و نەهزری سیاسی، هەموو بەرنامەی سیاسی لە كۆمەڵێك دروشمدا گۆشەگیر ببێت، بەڵگەیەكی زۆر بەهێزی دووبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆكانی پێشوی حزبە كوردیەكانە، رەنگە زۆر خراپتر و ئازار بەخشتریش بێت.

 

16ی ئۆكتۆبەر

     مململانێی نێوان پارتی و نەوەیەكی نوێی ناو یەكێتی لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دووركەوتنەوەی لە پرۆسەی سیاسی و رابەرایەتی یەكێتی دەرئەنجام كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری خوڵقاند. لە راستیدا تا ئەمرۆیش روون نەبوەتەوە، لەم پرۆسەیەدا كێ خیانەتی كردوەو كێ هۆكاری لە دەستدانی كەركوك و ناوچە دابراوەكانە لە كوردستان. پارتی بانگەشەی ئەوە دەكات، كە یەكێتی خیانەتی كردوەو پیلانی فرۆشتنی كەركوكی بە حەشدی شەعبی دارشتوە. هاوكات یەكێتیش بانگەشەی ئەوە دەكات، كە پارتی پیلانی لەناودانی یەكێتی و كەركوكی پێكەوە دارشتبوو. پارتی بەوەی كەركوك ناوچەی هەژموونی ئەو نەبووە، بەردەوام رق و كینەیەكی زۆری لە كەركوك بووە. بانگەشەكانی یەكێتی لەو دەمەدا ئەوە بووە، كە پارتی دەیەوێت سیناریۆكانی دانە دەستەوەی شەنگال لە كەركوك دوو بارە بكاتەوە. لەم پرۆسەیەدا سیناریۆكان یەك لە دوای یەك بەسەر خەڵكی سادەدا دەسەپێنرێن و قۆناغ بە قۆناغ بەردەوام دەبن لە سەر تەفرەدانی خەڵك. دەرئەنجام بێزاربوونی خەڵكی كەركوك لە ئاكامەكانی 16ی ئۆكتۆبەر نەوەی نوێ دەبێتە باڵاوان و جێگرەوە بۆ یەكێتی و پارتی.

 

شەڕی پەرلەمانی عێراق و موزایەدەی سیاسی لایەنە كوردیەكان

        لە 10/6/ 2023 پەرلەمانی عێراق پرۆسەی بەسەندكردنی بوجەی سێ ساڵی عێراق دەخاتە بەرنامەی كارەكانیەوە. بۆ ئەم مەبەستە یەكێتی و پارتی و نەوەی نوێ هەریەكەیان بە ئەجندا و ئامانجی تایبەتی خۆیانەوە روو دەكەنە بەغداد. لەناو هۆڵی پەرلەمانەوە سیناریۆكان و پیلان و درۆكانی لایەنەكان بەرجەستە دەبن. موزایەدەی سیاسی ئەوەندە زەق و بێ تام دەبێت تاكی كوردی ئارەزوی چاودێریكردنی رووداوەكانیشی نامێنێت. گورز وەشاندن لە خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندیەكان لە پێناو دەستشكاندنەوەی لایەنە كوردیەكان گەمەیەیەكی ئەوەندە قێزەوەن و ناشرینە بنیادەم شەرمێ دەكات بڵێت من كوردم. دەرئەنجامەكەیشی دۆراندنێكە هیچ لایەنێكی كوردی ناتوانێت درۆ و سیناریۆیەكی پاكانەی بۆ دارێژێتەوە. لە ئەمرۆدا پارتی زیاتر لە هەموو حزبە كوردیەكان هەست بە شكاندن دەكات، هەر بۆیەش لە هەموویان زیاتر كەوتوەتە تومەتبەخشینەوەو هێرشكردن بۆ سەر تەواوی لایەنەكانیتری كوردستان.

      ئەوەی مایەی خەم و نیگەرانیە تا ئەمرۆ نە دەسەڵات و نە حزبە كوردیەكان بە گشتی ئامادەن دەستبەرداری درۆ و موزایەدە سیاسیەكانیان بن و نە میللەتیش هۆشی بە بەردا هاتوەتەوەو كارێك دەكات تا لەو دۆخە نەخوازراوەی تێخزێنراوە خۆی رزگار كات.


24/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر