چۆن بزانین کێ راستدەکات؟ ڕیپۆرت و مافی خاوەندارێتی لەفەیسبوک

سەردەشت عەزیز

١- تیمی فەیسبوک پێت دەڵێت کێ ڕیپۆرتی کردویت؟

ریپۆرت شکاتێکە تۆ لای فەیسبوک دەیکەیت و پێیان دەڵێیت ئەم پۆستە لەگەڵ یاساکانتاندا ناگونجێ (یاسای فەیسبوک نەک حەزو قەناعەتی تۆ) وە تیمی فەیسبوکیش سەیرێکی پۆستەکە دەکات ئەگەر لەگەڵ یاساکانی خۆیدا نەگونجا ئەوا بەپێی جۆری سزاکە سزای دەدات و لەگەڵ یاساکانیشی گونجا پێت دەڵێت سوپاس بۆ ئاگادارکردنەوەکەت بەڵام ئەم پۆستە یاسای نەشکاندوە وە ئەگەر تۆ پۆستەکانی ئەم پەیجە یان ئەکاونتەکەت بەدڵ نیە لای خۆت لایبە.

لەبەشی یارمەتی کۆمپانیای فەیسبوک (مێتا) کە زانیاری فەرمین و دەڵێت کاتێک ڕیپۆرت دەکەیت:

١- ئەم ڕیپۆرتەی تۆ بەنهێنی دەمێنێتەوەو ئەو ئەکاونتەی تۆ ریپۆرتت لێداوە نایبینێت کێ ڕیپۆرتی کردوە. (ئەو باکگراوند سورەی ناو وێنەکەیە). ئیتر نازانم ئەم پەیجە کوردیانە چۆن ناوی سیانی ئەو کەسە ئەزانن ڕیپۆرتی کردون!
٢- تکایە ئەوەت لەیاد بێت ریپۆرتکردنی هەندێ شت بۆ فەیسبوک ،گەرەنتی نیە کە ئەو بابەتە لادەبرێت، لەوەیە تۆ هەندێ شت ببینیت لەفەیسبوک حەزت لێی نەبێت بەڵام یاسای فەیسبوکی نەشکاندوە.

نمونە: با هەموو عەرەب ریپۆرتی ڤیدیۆیەکی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بکات بزانە لایدەبات!
تێبینی: ئەم بابەتەم بەوردەکاری تەواو پێش ٧ ساڵ نوسیوە لەسەر ڕیپۆرت ئێستاش بیخوێنەوە ئەڵێی بۆ ئەمڕۆیە تەبعەن لەبەر موهیمی زانیاریەکان نیە بەڵکو لەدواکەوتن و سادەیی ئێمەیە:

https://www.facebook.com/100001228971690/posts/1759855254065423/?mibextid=rS40aB7S9Ucbxw6v

٢- ئایا هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر پەیجی فەیسبوک دەکرێت؟

نەخێر، هێرشی ئەلیکترۆنی بریتیە لەهێرشێکی ڕێکخراو بۆسەر چەندین کۆمپیوتەر یان بۆ سەر بنکەیەکی زانیاری، بۆ نمونە بردنی زانیاری سەرجەم موچەخۆران لەبنکەی زانیاری حکومەت، بەڵام کاتێک تۆ پەیجێکت لەفەیسبوک هەیە نە بنکەی زانیاریت هەیە نە هیچ شتێکت هەیە لەرووی تەکنیکیەوە تا هێرش بکرێتە سەری بۆیە زاراوەی هێرشی ئەلیکترۆنی زۆر هەڵەیە.
ئەوەی لەفەیسبوک هەیە تەنها بردنی پاسۆردو چەند تەکنیکێکی لاوازی هاککردنە بۆ نمونە لینک ناردن کەئەمەش بەهۆی نەشارەزایی خاوەن پەیجەکەوەیە نەک زیرەکی هێرشبەرەکە.

٣- کۆپی ڕایت (مافی خاوەندارێتی)

مافی خاوەندارێتی ئەوەیە کە کەسێک یان دەزگایەک خاوەنی وێنەیەک یان ڤیدیۆیەک یان پارچە مۆسیقایەکەو خۆی دروستی کردوە، ئەم کەسە مافی خاوەندارێتی دەخاتە سەری و مافی هەیە ڕێگە بدات کێ بەکاریبهێنێت و کێ بەکاری نەهێنێت.

فەیسبوک لەسەر ئەوەی چۆن ئەتوانیت مافی خاوەندارێتی بۆ خۆت دروست بکەیت لەبەشی یارمەتیداندا دەڵێت "تکایە ئاگاداربن، تەنها بەرهەمێکی ڕەسەن شایستەی مافی خاوەندارێتییە. بۆ ئەوەی بەرهەمێک بە ڕادەی پێویست شایستە بێت بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتی، پێویستە لەلایەن کەسەکە خۆیەوە دروست بکرێت و هەروەها بەلایەنی کەمەوە چەند شتێکی داهێنەرانەشی تێدابێت.” بەپێی ئەم قسەیەی فەیسبوک بێت ئەمە مانای وایە ئەم هەمو ڤیدیۆیانەی پەیجە کوردییەکان فێری بوون چانسی مافی خاوەندارێتی نیە چونکە هەمو شتەکان لەشوێنی دیکەوە وەرگیراون تەنها لەیەکدراون.

٤- ئایا کەسێک دەتوانێت ڤیدیۆی کەسێکی دیکە بکات بەهی خۆی؟

نەخێر، ئەو قسەیەی کە ئێستا باوە کەسێک بێت  ڤیدیۆی کەسێکی دیکە ببات و بیکات بەهی خۆی، دواتریش بێت خاوەنەکەی پێ سزابدات شتی وا مەحاڵەو تەنانەت دروستکردنی مافی خاوەندارێتی بۆ خاوەنەکەشی هێندە ئاسان نیە چ جای کەسێکی دیکە.
تەنانەت ئەگەر کەسێک هەوڵی ئەوەش بدات ئەوا فەیسبوک پشکنینی خۆی دەکات و تەنانەت بەسەریشیدا تێپەڕێت بەهۆی فێڵکردنەوە دواتر بەپێی بەتاوانی "پێشێلکاری مافی خاوەندارێتی” کەسی دووەم سزا دەدات نەک خاوەنەکەی، هەروەها  فەیسبوک مافی داوە بەخاوەنی یەکەمی بابەتەکەش داوای سزادانی کەسی دووەم بکات و لەو حاڵەتەدا کەسی یەکەم پێویست تەنها ئاگادارکردنەوەی فەیسبوکی لەسەرە نەک کەمپین و شەڕ.

پاشان کاتێکیش مافی خاوەندارێیتی لەسەر بابەتێک دادەنرێت ئیتر فەیسبوک بەشێوازی ئۆتۆماتیک پشکنین دەکات و پێویست ناکات هەموو رۆژێک خاوەن حەق شکات بکات.

 بۆ نمونە پەیجی بین سپۆرتی قەتەری دەتوانێت ڤیدیۆی گۆڵەکانی یاری نێوان بەرشەلۆنەو ڕیاڵ مەدرید لەپەیجی خۆی لەفەیسبوک دابنێت چونکە مافی خاوەندارێتی هەیە بەڵام پەیجەکانی دیکە ناتوانن با لایکیشی زیاتر بێت، کاتێکیش پەیجێک لەناحیەیەکی کوردستان ڤیدیۆی گۆڵەکانی یارییەکە دادەنێت بین سپۆرت نایەت هەرچی پەیجی قەزاو ناحیە بیدۆزێتەوە ستافیان بۆ دابنێ تا بە فەیسبوک بڵێن گرتمان وەرە سزای بدە بەڵکو چەند حاڵەتێکی کەم نەبێت ئەوی دیکەی هەمووی شێوازی ئۆتۆماتیکە.

لەکۆمێنت دوو بابەت بەئینگلیزی دادەنێم کەوەڵامی زیرەکی دەسکردی (ChatGPT) و (Gemini)ین  بۆ ئەوەی ئایا کەسێک دەتوانێت ڤیدیۆیەکی کەسێکی دیکە ببات و خۆت بکات بەخاوەنی و دواتریش خاوەنەکی پێ سزابدات. کە ئەوانیش دەڵێن بەهیچ شێوەیەک شتی وانیەو رونکردنەوەی تەواویان داوە.

ڕونکردنەوەیەک دوای یەک رۆژ لەدانانی ئەم پۆستە لەسەر داوای چەند هاوڕێیەک:

بەڕێزان پەیجێکی کوردی کەباس لەوە دەکات ڤیدیۆیەکیان مامۆستایەکی ئاینی بردویەتی کردویەتی بەهی خۆی و دواتریش ئەمانی پێ سزادراوە، ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە لەناو ئەو ڤیدیۆیەدا،  پارچە ڤیدیۆیەک یان وێنەیەکی ئەو مامۆستایە هەیەو ئەوەش فەیسبوک وەک مافی خاوەندارێتی  ئەو مامۆستایە سەیری کردوەو ڤیدیۆیەکەی لابردوە.


30/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر