زانیمان کورد ، سووننە بۆ؟

ئاسۆ حاجی
میدیای وابەستە و گوتارە خۆڕادەستکردنەکەی کە رێگای گەڕانەوە بۆ جەلادمان بۆ دەکاتە گوڵزار و ژێر دەستەیی و وابەستەییمان لەلا شیرین دەکات، ئەوەی تێگەیاندین، کە کورد گوناهبار و خولقێنەری هەموو کێشەکانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕالی پێکنایەت ئەگەر نا بەغدا ئامادەییە بۆ رێکەوتن، کورد جوداخوازن و سامانی سروشتی عێڕاق بۆ خۆیان دەبەن و نایگەڕێنەوە بەغدا، بۆیە بەغدا ناچارە و زۆریشی پێ ناخۆشە کە بۆ دە ساڵ دەچێت بودجە و موچەی خەڵکی کوردستانی بڕیووە! لەوە تێگەیشتین.
باشە، سووننە نە حکومەتییان هەیە و نە نەوتیان فرۆشتیە، نە ریفراندۆمییان کردیە و نە داوای جودابوونەوەیان لە عێڕاق کردیە، عەرەبن و لە یەک خوێن و گۆشتن، بەڵام بەغدا بۆ ئەوەییان بەرامبەر دەکات، لە یاسای بودجە کە حکومەت بۆ پەڕلەمان رەوانەی کردیە، بودجەی تەرخان کراو بۆ پێنج شاری سووننەنشین ناکاتە ئەو بەشە بودجەیەی کە بۆ یەک شاری شیعەنشین تەرخان کراوە.
ئەو بەشە بودجەیەی کە بۆ شارەکانی شیعەش تەرخان کراوە، ژمارە و زانیارییەکان ئەوە دەڵێن کە بۆ خەڵکەکەی خەرج ناکرێت، بەڵکو بۆ بەهێزکردن و زیاد کردنی هێزەکانی حەشدی شەعبیە و بۆ زیاتر دەوڵەمەند بوونی ماڵباتە سیاسییە شیعەکانە و بەشە زۆرەکەشی بۆ ئێران دەچێت. بۆیە دەبینی رێژەی بێ کاری و هەژاری لە شارەکانی شیعە بە بەغدای پایتەختیشیانەوە لەو ئەو پەڕی بەرزیدایە.
ئەوەی وا بیر بکاتەوە، کە کورد بە خۆ رادەستکردن دەبێتە عێڕاقییەکی باش و جێی رەزامەندی شیعە، با چاو لە عەرەبی سووننە بکات، کە خاک و کەڕامەت و نامووسیان رادەستی شیعە کرد، حەشدی شەعبی چیان پێ دەکات و حکومەتی بەغدا چەند رێزیان دەگرێت.

31/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر