رێککەوتن، شانازی و شەرمەزاری

ئاسۆ حاجی

ئەو رێکەوتنەی مەسرور بارزانی و محەمەد سودانی دەربارەی چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی کوردستان ئیمزایان کرد، گوتاری سیاسی و میدیایی کوردستانیان بەسەر دوو لا دابەش کرد:
- لایەک کە شانازی بردەوە
- لایەکیش کە شەرمەزاری بۆمایەوە

ئەو لایەنەی کە دەستی بە بەها و بنەما نەگۆڕەکانی رێبازی کوردایەتییەوە گرتووە سەرکەوت، لەوەی کە رێگەی نەدا بە هیچ بڕوبیانوویەک ئیرادەی خەڵکی کوردستان بشکێت، رێگەی نەدا خەڵکی دیکە بڕیار لە سەر سامانی مادی کوردستان بدەن وەک چۆن بە درێژایی مێژوو بۆیان نەبووە بڕیار لەسەر سامانی مەعنەوی خەڵکی کوردستان بدەن، هەموو هەوڵەکانی هێزە شۆڤینییە عێڕاقییەکانی پوچەڵ کردەوە، کە تەنها (رادەستکردن - تەسلیمکردن)یان کردبووە ناونیشانی هەموو چارەیەک بۆ پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چۆکیان دا لە بەردەم ئیرادەی خەڵکی کوردستان کە مەسرور بارزانی رابەرایەتی و نوێنەرایەتی دەکرد.
شەرمەزاری بۆ ئەو لایەنە مایەوە، کە لە ناوخۆی کوردستان لە رێگای میدیای چەواشە و دەست تێکەڵکردنی سیاسی لەگەڵ نەیارانی کوردستان دەیانەوێت لە پێناو بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکانیان پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان کاڵ بکەنەوە و لەبەر چاوی خەڵک ناشیرینیان بکەن، ئەو لایەنەی وەک رۆژانی خیانەتی شازدە ئۆکتۆبەر گرەویان لە سەر روخان و هەڵوەشانەوە و لە ناوچوونی قەوارەی سیاسی و دەستوری کوردستان دەکرد، ئەوانەی بڕیاری دادگا و راگرتنی نەوتیان وەک موژدەی کۆتایی هاتنی پڕۆژەی نەتەوەیی و نیشتیمانیان رادەگەیاند.
قەوارەی کوردستان دەربازی قۆناغێکی نوێی سیاسی و ئابوری دەبێت، کە پێشبینی گەشانەوەی ئابوری گەورەی لێ دەکرێت، هاندەریش دەبێت کۆمپانیاکانی جیهانی زیاتر و بێ ترستر وەبەرهێنانی تێدا بکەن، دەرفەتێکی نوێشە بۆ خەڵکی کوردستان کە بە دەروونێکی ئارامتر و مێشکێکی حەساوەتر بیر لە هاوکێشەی سیاسی بکەنەوە و وێنە گەورەکە جوانتر ببینن، دەست بەو لایەنەوە بگرن کە بەبێ تەنازولکردن لە هیچ مافێکی دەستوری خەڵکی کوردستان شانازی ئەو سەرکەوتنانەی پێ دەبڕێت، دەست بەرداری ئەو لایەنەش بن کە بە تەنازولکردن لە هەموو بەها نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و تەنازولکردن لە هەموو مافە دەستوریەکان نە توانیان و نە دەتوانن خێری خۆیان و خەڵکیشیان هەبێت.
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ کە بە کوردیەکی زوڵال لە بەغدا سەرکەوتنی خەڵکی کوردستانی راگەیاند، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە ئەوانەی دوێنێ لەگەڵمان نەوەستان ئەمڕۆ ناتوانن خۆیان بکەنە هاوبەشی دەستکەوت و سەرکەوتنەکان.

04/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر