دواخستن بژاردەی پارتیە یان بژاردەیە بۆ پارتی ؟

ئاسۆ حاجی
پارتی چ جار نە باسی بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە نە باسی دواخستن. پارتی ئەو پێشێلکاریانەی دەست نیشان کردوون کە لەلایەن دادگای باڵای فیدڕالی لە سەر یاساکانی هەڵبژاردنی کوردستان کراون، ئاگاداریشی داوە دەربارەی دەست تێوەردانی دەرەکی و یەکلایی کردنەوەی ئەنجامەکان لەلایەن ئێران.

ئەو مەترسی و تێبینیانەی پارتی درێژکراوەی مەترسی و تێبینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە، وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، هەروەها نوێنەرایەتی کردنی ناڕەزایەتی هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی عێڕاقە لە شیعە و سوننە و کورد، هەموو پێکهاتەکانە لە کورد و تورکمان و مەسیحی و عەرەب. بۆ ئەوەی بۆچوونی دروستی شیعەی عێڕاقی بزانی پێویستە گوێ لە سەدڕ بگیرێ، بۆ سوننەش حەلبوسی و خەنجەر نوێنەرن، کوردیش بێ گومان پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی دەکات. هەڵبژاردنێک کە دژی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی بێت پارتی ناچێتە ژێر باری، چونکە پارتی گرێبەستێکی مێژوویی و ئەخلاقی و خوێنی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان هەیە، کورد و تورکمان و ئاشوری و کلدان و ئەرمەن. ئیسلام و مەسیحی و ئێزیدی و کاکەیی و زەردەشتی و بەهایی و ئەوانی دیکە.

دواخستنی هەڵبژاردن ئێستا خواستێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیە و وەک چارەسەریەک خراوەتە بەردەم پارتی، بەڵام پارتی ئەوە وەک چارەسەر نابینێت، بەڵکو چارەسەر گرفتەکان لە ڕاستکردنەوەی بڕیارە خوار و نادەستوری و شۆڤینیەکانی دادگای بەناوی فیدڕالییە نەک لە دواخستنی، پارتی چارەسەر لە بڕینی دەستی دەرەکی دەبینێت لە هەڵبژاردنەکان دا، نەوەک لە دواخستنی، چونکە هیچ هێز و لایەنێک لە پارتی ئامادەتر  و بە پەرۆشتر نیە بۆ هەڵبژاردن. هەڵبژاردنێک گوزارشت لە دەنگ و ئیرارەی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات، نەک هەڵبژاردنێک خواست و خۆزی دوژمنان بکاتە ئەمر واقع و هێزی خۆ ڕادەستکردنەوە بە جەلاد.

پارتی هێزی پاشەکشێ نیە، هێزی سازش نیە لە سەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان، پارتی بزاڤێکە لە حیزب و ئایدۆلۆژیا فراوانترە، پارتی بزاڤێکە نوێنەرایەتی مێژوو و پێکهاتە و هەموو ڕەنگەکانی کوردستان دەکات.

01/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر