بڕیاری پارتی و هەڵوێستی نێودەوڵەتی

ئاسۆ حاجی
کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە خۆی لە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەبینێتەوە، تەواو هاوهەڵوێستن لەگەڵ بڕیارەکەی پارتی لە ڕازی نەبوون بە بڕیارە نا دەستوری و خۆسەپێنەکانی دادگای باڵای فیدڕالی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بە گوزارشتی جیاواز بەڵام یەک واتا، ڕایانگەیاند کە نیگەرانیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جێی خۆیانن و ئەوان پاڵپشتی لەوە دەکەن کە هەموو خەڵکی کوردستان دەرفەت بەشداریان هەبێت لە هەڵبژاردن، هەروەها هەڵبژاردن و دەرئەنجامەکانی گوزارشت لە هەموو ڕەنگەکانی کوردستان بکەن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەمان هەڵوێستیان دووبارە کردەوە ئەگەر کەمێک بە گوزارشتی ئاچوغتریش بووبێت.

مل دان بۆ بڕیارەکانی دادگای نا دەستوری فیدڕالی تەنها زیاتر شکاندنی نەفسیەتی خەڵکی کوردستان و لاواز بوونی پێگەی قەوارەی دەستوری کوردستانی بە دواوە دادێت. ئەوانەی ئێستا خەڵکی کوردستان دەترسێن و نیگەرانیان دەکەن، هەمان چیڕۆک و گوتاری ڕۆژانی بەر لە خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر و دواتر دووبارە دەکەنەوە، کە خەڵکی کوردستان جگە لە تەسلیم بوون و ڕازی بوون بە بڕیار و ئیرادەی بەغدا هیچ دەرفەت و ڕێگایەکی دیکەی لە بەردەم دا نیە، هەروەها وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لایەنگری بەغدایە و دژی کوردستانن، بەڵام ئەوە گوتارێکی چەواشەکاری و درۆینە و نابێت خەڵکی کوردستان گوێیان لێ بگرێت، چونکە دوای شازدەی ئۆکتۆبەر تێکڕای وڵاتان ئەوەیان بە شێوازی جیاواز ڕاگەیاند کە ئەگەر کورد بەرگریان کردبا و ملیان بۆ بەغدا نەدابا و بە خۆیان کەرکوکیان ڕادەست نەکردبا، هەرگیز میلیشیاکانی حەشد و سوپای پاسداران جورئەتی هێرش کردنیان نەدەبوو، ئێستا باردودۆخەکە ڕێک وەک ئەو کاتە و بگرە مەترسیدارتریش، خەڵکی کوردستان بە گژ ئیرادەی خوسەپێنی دیکتاتۆریەتی بەعس ڕەفتاری بەغدا بچێتەوە، ئەوە شکست بە هەموو پیلانەکانیان دەهێنن و کۆمەڵگەی نێودەولەتیش پاڵپشتی هێزی دیموکراسی و بەهاکانی پێکەوە ژیان و پێشکەوتن دەکەن.

18/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر